ترامپ لە لێدوانێکی نوێدا نووسی: ئەگەر ئێران بەرەو خۆپیشاندەران گوللە بهاوێژێت و بیانکوژێت، ئەمریکا دەست دەکات بە پاڵپشتی کردنیان. ئەو شیوە لێدوانە بە وشەی مافی مرۆیی و پاڵپشتی لە خەڵک داپۆشراوە، لە ڕاستیدا هەمان ڕوانگەی مێژوویی ئەمریکایە؛ ڕوانگەیەک کە تێیدا پرسی ناوخۆیی وڵاتەکان نە بابەتێکی سەربەخۆ، بەڵکوو کارتێک بۆ گوشاری سیاسی و ئامێری گوشاری نێودەوڵەتی دێتە ئەژمار.
ئەدەبیاتی هەڕەشەکەرانە و پێشینەی دەستێوەردانی رووخێنەر
ترامپ هەوڵ دەدات قسەکانی خۆی لە چوارچێوەی پاڵپشتی لە خەڵک پێشکەش بکات بەڵام ڕوانینێکی وردتر نیشانی دەدات کە ئەو ڕوانگە، درێژەی هەمان لۆژیکی دەستێوەردانانەی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانە. مێژووی سەردەم نموونەگەلێکی جۆراوجۆری هەیە کە ئەمریکا بە پاگەندەی پاڵپشتی لە خەڵک چوونەتە نێو وڵاتەکان و ئەنجامەکەشی نەک باشتر بوونی دۆخی خەڵک، بەڵکوو ماڵوێرانی بەربڵاو و کوشتوبڕی خەڵکی سڤیل بووە.
بەکارهێنانی ڕستەگەلیک وەکوو ئامادەیی بۆ هەنگاونان و کاردانەوەی یەکلایی لەلایەن بەرپرسی باڵای ئەمریکییەوە تەنانەت ئەگەر بە ڕواڵەت بە وشەی مافی مرۆییەوە تێوەگلابێت، پەیامێکی روونی سیاسی هەیە: هەڕەشە لە وڵاتێکی سەربەخۆ. ئەویش بە پێی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوانە.
ئەمریکا، ئەکتەری سەرەکی گوشار لەسەر خەڵکی ئێران
یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکان کە ترامپ لەبەرچاوی نەگرتووە، ئەوەیە کە خودی ئەمریکا هۆکاری سەرەکی گوشاری ئابووری، سیاسی و بژێوی خەڵکە. گەمارۆ تاک لایەنە و گشت گیرەکانی واشنتۆن سنووردا بە بواری سیاسی و سەربازی نییە و بەشێکی بەربڵاو لە ئابووری، سیستەمی بانکی و تەنانەت بواری دەرمان و جیهازاتی پزیشکیشی خستووەتە ژێر کاریگەری. لە ئاوەها دۆخێکدا پاگەندەی پاڵپشتی لە خەڵکی ئێران لەلایەن حکومەتێکەوە کە خۆی داڕێژەری گەمارۆکانە نەک قبووڵ نەکراوە بەڵکوو نموونەیەکی ئاشکرا لە ئاوەژۆ کەڵکوەرگرتنی سیاسی لە چەمکەکانی مافی مرۆڤە.
ستانداردی دووفاقەیی و بەکار بردنی سیاسی لە ناڕەزایەتیەکان
دژایەتیەکی دیکە کە ترامپ و هاوپەیمانەکانی پشت گوێیان خستووە، شێوەی بەرەوڕوو بوونەوەی ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکانی خۆیانە. ناڕەزایەتیەکان لە ئەمریکا لە بزووتنەوەی " گیانی ڕەشپێستەکان گرینگە" هەتا خۆپیشاندانەکانی دیکە بەردەوام لەگەڵ کاردانەوەی پێشێلگیرانەی پۆلیس و ناوەندە ئەمنیەکان بەرەوڕوو بووەتەوە و چەندین جار لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە خراوەتە بەر ڕەخنەوە. ئەو ڕاستیە نیشانی دەدات کە وڵاتێک کە خۆی خۆپیشاندەرەکانی سەرکوت دەکات، لە پێگەیەکدا نییە کە ناوبژیوانی گەلانی دیکە بکات.
Your Comment