بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێک بۆ کەناڵی سیئێنئێن، سەبارەت بە پلانی 20 بڕگەیی ترامپ بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەزە، وتی: ئێران بەردەوام خوازیاری کۆتایی کۆمەڵکوژییەکانی غەزەیە و لام وایە ئەرکی هەموو دەوڵەتان هاوکاری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنایەتەکان لە غەزەیە. بەوەشەوە لامان وایە تاقە پلانێک کە لەو بوارەدا وەڵامدەرە، پلانێکە کە مافی فەلەستینییەکان بۆ چارەی خۆنووسیان بە فەرمی بناسێت و ڕێزی لێ بگرێت. بۆیە چاوەروانین بزانین ئایا ئەو ئاواتە وەدی دێت یان نا؟ سەبارەت بە پلانەکەی ترامپیش، چاوەروانی کاردانەوەی حیماس و فەلەستینین.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بە لێدوانی سەرۆککۆماری ئەمریکا لەبارەی پلانی ئەتۆمی ئێران و لەناوبردنی دەفرایەتی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران، وتیشی: ئەوی ڕاستە، ئێمە هەرگیز بەدوای چێکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نەبووین و ئەم بابەتەمان سەلماندووە کە لە ساڵی 2015دا لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی گرووپی 5+1 و لەوان ئەمریکا ڕێککەوتنی بەرجاممان واژۆ کرد و بە نیازپاکییەوە ڕاپەڕاندن و پابەندی هەموو بەڵێنەکانمان بووین و تەنانەت کاتێک ئەمریکا لێی کشاوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دانی بە پابەندیی ئێراندا نا و ئێمە سەلماندمان کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین و نەبووین.
ئاماژەی بەوەش دا: لە مانگەکانی مەی و ژوئەن لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی کۆبووینەوە و وەک دەزانن دوو ڕۆژ بەر لە خولی شەشەمی دانیشتنەکان، ئیسرائیل وێڕای ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران. ئێمە دوو جار ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و یەکبار پاش ڕێککەوتن، ئەوان لێی کشانەوە و بۆ جاری دووەمیش لە ناوەڕاستی دانوستانەکاژندا هێرشی کردە سەرمان. حەوتەی ڕابردووش بە پێشنیاری ژیرانە و میانەوڕەوانە و سازێنەرانە هاتینە نیۆیۆرک بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیک بۆ قەیرانەکان، بەلام پێشنیارەکان لە لایەن ئەمریکا و ترۆئیکای ئەورووپی ڕەت کرایەوە و ئەوان تەرکیزیان خستە سەر گەڕانەوەی گەمارۆکان و کاراکردنی سنەپبەک و بەمکارە کێشەکانیان ئاڵۆزتر کرد.
عێراقچی جەختی کرد: وەک بینیتان هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوەند و دامەزراوە ئەتۆمییەکان نەیتوانی کێشەکە چارەسەر بکات، چونکە ئەوە تەکنۆلۆژیایەکی خۆجێیە و هاوردە نییە، بەڵکوو خودی ئێرانییەکان پەرەیان پێداوە. کەواتە تاقە ڕێگەی مومکین، چارەسەریی دیپلۆماتیکە و ئێمە ئامادەی گفتوگۆ لەو بارەین. ئێستاش کە بژێرەی سنەپبەکیان چالاک کردووە، بێگومان ئەو بژێرەش وێڕای زیاترکردنی ئاڵۆزییەکان و ئاستەنگەکان، ڕێگەچارەی دیپلۆماتیک دژوارتر دەکات.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیار لە دابەزاندنی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی وەک هەنگاوی یەکەم بۆ متمانەبەخشی بە جیهان، ڕوونی کردەوە: لە ڕێککەوتنی بەرجامدا، ئێمە ڕێککەوتین کە ئاستی پیتاندن لە ئێران تەنیا تا لەسەدا 3.67 و بۆ ڕاکتۆری توێژینەوەیی تاران تا لەسەدا 20 دابەزێنین، ئەوە لە کاتێکدایە کە هەمان ڕاکتۆری توێژینوەیی تاران کە بە دەستی خود ئەمریکاییەکان و بەر لە شۆڕشی ئیسلامی چێکراوە، ئەوکات بە ئۆرانیۆمی پیتاندراوی لەسەدا 90ی ئیشی دەکرد و پاش شۆڕش و کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی بۆ لەسەدا 20، هەوڵمان دا کە پابەندی ڕێککەوتنەکان بین و ئەمە شتێکە کە خود ئاژانسیش پشتڕاستی دەکاتەوە. لە کاتێکدا کە ڕاکتۆری تاران ئیزۆتۆپی ڕادیۆئەکتیڤی و دەرمانی پێویستی زیاتر لە یەک ملیۆن ئێرانی بەرهەم دێنێت و پیتاندنی ئۆرانیۆمی لەسەدا 20 بۆ ئەو ڕاکتۆرە زەروورییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتاییدا جەختی کرد: پیتاندنی ئۆرانیۆم مافی ئێمەیە و ئێمە هیچکات پەیمانی قەدەغەی پەرەدانی چەکی ئەتۆمی(NPT)ـیمان پێشێل نەکردووە و بەردەوام لە چوارچێوەی یاساگەلی نێودەوڵەتیدا هەڵسوکەوتمان کردووە و تەنیا خوازیاری ڕاپەڕاندنی مافی یاسایی خۆمانین.
Your Comment