٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٩:٢٥
Source: Mehrnews
هۆکار و لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا، یەکەم قۆناغ لە گەڵاڵەی دوو قۆناغی چوونە دەرەوەی ئەمریکایە. بەڵام نادیارە کە ئەو ڕەوتە دەبێتە هۆی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێم تا سیپتەمبەری 2026 یان نا.

 وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە سیپتەمبەری 2024 ڕایگەیاندبوو کە ڕاسپاردەی هاوپەیمانی دژە داعش لە عێراق تا سیپتەمبەری 2025 کۆتایی دێت. قۆناغی دووهەمی ئەو گەڵاڵە پێوەندی بە بوونی سنوورداری ئەمریکا لە هەرێم بۆ درێژەی ئۆپراسیۆن لە دژی داعش لە سووریا؛ بوونێک کە لانیکەم تا سیپتەمبەری 2026 درێژەی دەبێت و بە گۆڕانکارییە مەیدانییەکان و بڕیاری سیاسی داهاتوو لە واشنتۆن و بەغدا مەرجدار دەبێتەوە.

محەمەد ئا. ساڵح لێکۆڵەری دامەزراوەی Foreign Policy Research Institute» ، دەڵێت: لەوانەیە ئەمریکا ساڵی داهاتوو لە هەولێریش بکشێتەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە ئەو بڕیارە پێوەندی بە گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی ئەمریکاوە هەیە. دەوڵەتی ترامپ لەوانەیە کشانەوەی تەواو وەکوو بەدی هاتنی بەڵێنی کۆتایی هێنان بە شەڕە بێ کۆتاییەکان ناو لێببات.

ناوبراو زیادی کرد: هۆکاری گرینگی دیکە دۆخی ناوچەکە و ئاستی کاریگەری کشانەوە لەسەر دابینی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە.

ڕۆڵی سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکا


جوئل وینگ، نووسەری ماڵپەڕی شرۆڤەییMusings on Iraq ، یش لەسەر گرینگایەتی سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکا جەخت دەکات و پێی وایە کشانەوەی ئەم دواییە دەتوانێت ڕەنگدانەوەی ئەوە بێت کە سەرۆک کۆمار ترامپ چی دیکە یەکمایەتی عێراق نییە. بە وتەی ناوبراو:

لە خولی یەکەمی سەرۆک کۆماریدا، ترامپ لەسەر بابەتگەلێک وەکوو قەرزەکانی عێراق بە ئەمریکا و پرسی ئەمنیەتی داکۆکی دەکرد، بەڵام وادیارە ئەم جاە یەکمایەتیی باجەکان و کۆچبەرەکانە و بۆیە لەوانەیە لە کاتی دیاری کراودا بکشێنەوە.

ئاسایشی پێش گەردەلوول

لاوک غەفووری، شرۆڤەکاری سیاسی، پێی وایە کە دۆخی ئێستا بەس ئاسایشی پێش گەردەلوولە. ناوبراو وتی: واشنتۆن تا کاتێک کە یاسای کێشەلەسەر سەبارەت بە حەشدی شەعبی وەلا نەنرێت، هەوڵێک بۆ کشانەوە نادات. ئەو کشانەوە ئەنجامی گوشاری سیاسی و ڕێککەوتنە ناوخۆییەکان بوو.

بە وتەی وینگ، کشانەوەی خێراتر لە ئاستی چاوەڕوانی لە کۆتاییەکانی ئووت، پەرلەمانتارانی عیراقی نیگەرانی ئاسایشی وڵات کرد. ناوبراو زیادی کرد: ئەو دۆخە نیشانی دەدات کە دەوڵەتی ترامپ ئەم جارە داکۆکی دەکات لەسەر کشانەوە لە عێراق.


هەڕەشەی داعش و داهاتووی ئەمریکا

هەندێک شرۆڤەکار پێیان وایە کشانەوەی تەواو دەتوانێت لێکەوتەی هاوشێوەی ساڵی 2011 ی بەدواوە بێت، کاتێک کە کشانەوەی ئەمریکا بووە هۆی بەهیز بوونەوەی داعش. ساڵح هۆشداریی دەدات: کشانەوەی تەواو دەتوانێت زیاندەرتر لە ئەوە بێت کە هەندێک لە بەغدا و واشنتۆن ئامادەن قبووڵی بکەن. ئێمە نموونەکەیمان لە 2011 بینی. عیراق هێشتا بۆ بەرەنگار بوونەوەی داعش پێویستی بە پاڵپشتی هەیە.
وینگ دەڵێت: داعش لە کردەوەدا لە عێراق لەناوچووە و نایتوانیوە هێزی مرۆیی و تۆڕەکانی خۆی ببووژێنێتەوە. کەواتە هەڕەشەی سەرەکی لەلایەن ئەو گرووپەوە لەسەر عێراق نەماوە.


ڕاپۆرتەکان باس لە ئەوە دەکەن کە ئەمریکا پلانی بۆ بەرز کردنەوەی ژمارەی کۆپتەرەکانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر هەیە؛ هەوڵێ کە دەتوانێت نیشانەیەک لە بوونی بەرنامەیەکی درێژخایەن تر ببێت.

گەڕانەوە بۆ ڕابردووەیەکی پڕ لە مەترسی؟

غەفووری هۆشداریی دەدات کە بەغدا جارێکی دیکە هەڵەکانی ساڵی 2011 دووپات دەکاتەوە. بە وتەی ناوبراو، پارتە عیراقییەکان بە قبووڵ کردنی داواکاری واشنتۆن بۆ وەلانانی یاسای حەشد، لە ڕاستیدا مامەڵەیەکی سیاسیان ئەنجام داوە تا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەستەبەر بێت.

ناوبراو پێی وایە کە دۆخی ئێستا تەنانەت لە ساڵی 2011 مەترسیدارترە چونکوو بە وتەی ئەو: عێراق لە دراوسێیەتی ڕۆژاواییەوە لەگەڵ سووریایەکی سوننە مەزەب بەرەوڕوویە؛ حکومەتێک کە دەتوانێت پەناگەی گرووپە توندڕەوەکان بێت و سەقامگیری عیراق بخاتە مەترسییەوە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha