بەشی نێودەوڵەتی، محەمەدڕەزا موردای(بەڕیوەبەری گشتیی نێودەوڵەتیی ئاژانسی مێهر): ڕژیمی زایۆنی وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە ماوەی چەندین دەیە ل ستراتژیگەلی جۆراوجۆر بۆ ئیدارەی هەڕەشە ئەمنییەکان و پاراستنی سەرتربوونی خۆی کەڵکی وەرگرتووە. یەکێک لەو ستراتژییانە کە بە مۆدێلی "چیمەندرونەوە" ناسراوە، هەڵوێستێکی پشتئەستوور بە کۆنتڕۆڵی ڕکابەران و دوژمنانی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سنووردار و دەورەیی بوو. ئەم مۆدێلە کە پێشتر لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا لە 7ی ئاکتەوبری 2023 بەکاری دێنا، تەرکیزی لە سەر پاراستنی دۆخەکە بە ئامانجی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژیمی داگیرکەری قودس بوو. بەوەشەوە گۆڕانکارییەکانی پاش ئەو بەروارە نیشاندەری گۆڕانی پارادیمی لە سیاسەتی دەرەکیی ڕژیمی زایۆنییە کە لە سیاسەتی "کۆنتڕۆڵ" بەرەو "سەرکەوتنی یەکجاری" و پێناسەی دووبارەی تەکوزیی ناوچەیی دەچێت.
مۆدێلی چیمەندرونەوە کە لە لایەن شرۆڤەگەرانی سەربازی و سیاسیی زایۆنی ئاراستە کراوە، ئاماژەیە بۆ ستراتژیی هێرشی سنووردار و قۆناغیی دژی گرووپگەلی بەرخۆدانی وەک حیماس و حزبوڵڵا کە بە ئامانجی کورتکردنەوەی "چیمەنە بەرزەکان"ی هەڕەشە، بەبێ گۆڕانی بنەمایی لە پێکهاتەی ناوچەییدا داڕێژرابوو. بە گوێرەی نووسراوەیەکی ئادام تەیلۆر لە واشنتۆنپۆستدا "ئەم دەستەوارەیە بەو مانایە کە گرووپگەلی فەلەستینی لە کەرتی غەزە و چەکە دەسکردەکان و کاراکانیان، وەک ئاڵف و گیای ناو چیمەنن کە پێویستیان بە کورتکردنەوە و دڕوونکردنە". نەفتالی بەنێت سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە وتاردانێکدا لە ساڵی 2018دا بە ئاماژە بەو ئایدیایە دەڵێت: "ئەو کەسەی ئاڵفەکان نەدوورێتەوە، ئاڵفەکان گەمارۆی دەدەن".
ئەم هەڵوێستە بەر لە ئاکتەوبری 2023، مۆدێلی زاڵ بوو بە سەر ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، تیرۆرە ئامانجدارەکان و تێهەڵچوونی زەوینی، بۆ ئوەی پێش بە تەشەنەی پێکدادان و تێچووە درێژەخایەنەکان بگرێت. بۆ وێنە هێرشەکانی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەزە لە ساڵەکانی 2008، 2012 و 2014 نموونەگەلی بەرچاوی ئەو ستراتژیییە بوون کە بە ئامانجی لاوازکردنی توانستی سەربازیی حیماس و بەرگری ئەنجام دەدرا. هۆکاری گرتنەبەری ئەو ستراتژییەش ئەوە بوو کە ئەرتەشی داگیرکەری قودس لای وابوو ئەم مۆدێلە بە باشترین شیوە بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕژیمە دابین دەکات. مۆدێلی "چیمەندرونەوە" ئەگەرچی لە کورتخایەندا سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بەدواوە دەبوو، بەلام دەستەوەستانیی لە ئاکتەوبری 2023دا نیشان دا؛ کاتێک کە حیماس بە هێرشێکی بێوێنە بۆ سەر ڕژیمی زایۆنی، ژمارێکی زۆری لە زایۆنییەکان کوشت و بە ئەسیری گرت.
پاش ئۆپەراسیۆنی 7ی ئاکتەوبری 2023، شایەدی گۆڕانی مۆدێلی "چیمەندرونەوە" بۆ ستراتژیی "سەرکەوتنی یەکجاری"ـن. گەردەلوولی ئەقسا خاڵێکی وەرچەرخانە کە ستراتژیی چیمەندرونەوەی کردە شتێکی ناڕەوا و نتانیاهۆی هان دا بەرەو گرتنەبەری هوڵوێستی پێداچوونەوە. ئەم هەڵویستە نوێیە کە دەکرێ ناوی "سەرکەوتنی یەکجاری"ـی لێ بنێین، تەرکیزی لە سەر لەناوبردنی یەکجاریی دوژمنان و داڕشتنەوەی تەکوزیی ناوچەیی بەپێی هێژۆنیای ڕژیمی زایۆنییە. لە دوای ئەم هێرشە، ڕژیمی زایۆنی ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی دژی حیماس لە غەزە، حزبوڵڵا لە لوبنان، ئەنساروڵڵا لە یەمەن، ئێران و سووریا دەست پێکردووە. داگیرکردنی بەشگەلێک لە باشووری سووریا پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد، هێرشی بەردەوام بۆ سەر لوبنان و هێرش بۆ سەر ئێران بەشێکن لەو سیاسەتی پێداچوونەوەیە کە ئامانج لەو، پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە ناوچەیە. نتانیاهۆ سەقامگیریی ناوچەیی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ڕژیمی زایۆنی بە گرینگترین ئامانجی ئەو هەڵوێستە نوێیە دەزانێت. تەنانەت لەو پێناوەدا، نتانیاهۆ باس لە خەونە گەورەترەکانی خۆی، وەک ئیسرائیلی مەزنیش دەکات. توماس باراک، ناردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ سووریا لەمدواییەدا ڕایگەیاند کە ڕژیمی زایۆنی پاش هێرشی "7ی ئاکتەوبر" ڕوانینێکی نوێی بۆ سنوورەکان هەیە و هێڵە داڕێژراوە سنوورییەکان لە ڕێککەوتنی سایکس-پیکو بەبێ مانا دەزانێت. باراک لە لێدوانێکی پادکەستیدا جەختی کرد کە ئیسرائیل لای وایە "بۆ هەر جێیەکدا پێویست بێت، بۆ پاراستنی خۆی دەچێت" و وتیشی: ڕوانگەی تلاڤیڤ هەمبەر بە سنوورەکان، پاش هێرشی "حیماس" لە 7ی ئاکتەوبری 2023دا گۆڕاوە.
بەلام ئەم هەڵوویستە، ئاژاوەی ناوچەیی و لەوان تەشەنەی ناکۆکییەکان لە لوبنان، یەمەن و سووریای بەدواوە بووە. لە ڕاستیدا ئاژاوەی ناوچەیی وەک ئامرازی نوێی نتانیاهۆی بۆ وەدیهێنانی "تەکوزیی نوێ" بەپێچەوانەی چاوەروانییەکان، پەرەسەندنی ناسەقامگیریی بەدواوە بووە. هێرشی زایۆنییەکان بۆ سەر غەزە تا ئێستا زیاتر لە 63 هەزار کوژراوی بەدواوە بووە و ئۆپەراسیۆن لە لوبنان کە بووە هۆی مەرگی هەزاران کەس و لەوان تیرۆری سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، نیشاندەری هەڵوێستێکە کە لە بری سەقامگیریی، وێرانی و داگیرکاریی پەرە پێداوە.
هەڵوێستی نوێی ڕژیمی زایۆنی سەرەڕای سەرکەوتنی تاکتیکی، پاشهاتی ستراتژیکی نەرێنی بەدواوەیە. وڵاتانی عەرەبی کە پێشتر بەدوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژیمی زایۆنیدا لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمەوە بوون، ئێستا ئەو ڕەوتە وەک مەترسییەکی ستراتژیکی گەورە دەبینن. عەرەبستانی سعوودی کە بەر لە ئاکتەوبری 2023 لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نزیک ببۆوە، پاش شەڕی غەەزەە و ڕەخنەی بەربڵاوی خەڵکی، هەڵوێستی خۆی گۆڕی و باسی لە مەرجی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دەکات. ڕاپۆرتەکانی واشنتۆن پۆست نیشان دەدا کە ئەم وڵاتانە بەتایبەت پاش شەڕی 12 ڕۆژە و هێرشی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر ئێران، جەخت لە سەقامگیریی ناوچەیی دەکەن و خۆیان بەدوور دەگرن لە هەڵمەتی یەکلایەنەی زایۆنییەکان.
خاڵی جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو هەڵمەت و هەوڵەکانی ڕژیمی زایۆنی، دوژمنانی ئەو ڕژیمە وەک ئێران، حزبوڵڵا، ئەنساروڵڵا و حیماس سەرەڕای بەرکەوتنی زیانەکان، بەڵام هێشتاش پاوەجێ و بەهێزن و ئەم پاوەجێییە وێڕای گوشارە جیهانییەکانی وەک هەوڵی وڵاتانی ئەورووپی بۆ بەفەرمی ناسینی وڵاتی فەلەستین، ئاستەنگی جیدیی بۆ پلانەکەی نتانیاهۆ بەدی هێناوە.
ستفان واڵت تیۆریزانی بەرزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە شرۆڤەیەک کە لە نیۆیۆرک تایمزدا بڵاوی کردەوە، بە شێوەی تەمسیلی دەڵێ "لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەموو شتێک گۆڕاوە، بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕاوە". واتە ئەو لای وایە کە ئەگەرچی ڕژیمی زایۆنی توانیویەتی دوژمنانی خۆی لاواز بکات، بەڵام تەکوزی ناوچەیی هێشتاش لە سەر پشتی کۆڵەکەی ناکۆکییە کۆنەکان و چارەسەرنەبوونی کێشەی فەلەستین سوارە. ڕووخانی ئەسەد، لاوازیی بەرەی بەرخۆدان و هێرش بۆ سەر ئێران، ئەگەرچی هێزی ڕژیمی زایۆنی بەرز کردۆتەوە، بەڵام نەبووەتە هۆی وەدیهاتنی تەکوزییەکی نوێ. واڵت جەخت لەوەش دەکات کە بەبێ قبووڵکردنی ڕێگەچارەی سیاسی بۆ فەلەستین، خەونی نتانیاهۆ بۆ تەکوزیی نوێ نایتە دی.
لە کۆتاییدا گۆڕانی هەڵوێستی ڕژیمی زایۆنی لە مۆدێلی "چیمەندرونەوە" بۆ "سەرکەوتنی یەکجاری" لە ژێر دەسەڵاتی نتانیاهۆ، نیشاندەری زێدەخوازی بۆ پێناسەی دووبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. بەوەشەوە ئەو ستراتژییە بە ئاژاوەنانەوەی ناوچەیی، تەریكکەوتەیی دیپلۆماتیک و پاوەجێی دوژمنانی ڕژیمی زایۆنی گەیشتۆتە بەربەست. وڵاتانی عەرەبی کە پێشتر خوازیاری ئاساییکردنەوە بوون، ئێستا ئەو ڕەوتە بە پڕمەترسی دەبینن. ڕوانگەی واڵتـیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە بەبێ گۆڕانی پێکهاتەیی لە پەیوەندییەکانی ڕژیمی زایۆنی و فەلەستین، تەکوزی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هیچ شتێک جگە لە درێژەی تەکوزیی کۆن نابێت. ئەو دۆخە، داهاتوویەکی ئاڵۆز بۆ پلانە پێداچوونەوەییەکانی نتانیاهۆ دەخەمڵێنێت کە زیاتر لەوەی ببێتە هۆی سەرکەوتن، دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی قەیرانی ناوچەیی و تەرککەوتەیی ئیسرائیل.
Your Comment