٢٦ تەمووز ٢٠٢٥ - ١٣:٥٤
Source: Mehrnews
کورد و دیمەشق دەبێ ڕێگەیەکی میانەڕەو بگرنە بەر

کارناسێکی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، جەختی کرد کە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی سووریا، نە کوردەکان و نە ئەحمەد شەرع ناتوانن هەموو ویستەکانی خۆیان داسەپێنن و تاقە ڕێگە، ڕێگەیەکی میانەڕەوانەیە.

 بەشی سووریا: ئەمبرین زەمان، کارناسی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە لێدوانێک بۆ "المانیتور"، سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دەوڵەتی کاتیی ئەحمەد شەرع، وتی: ئەو تا ئێستا داپەڕێکی کارەساتباری بووە، چونکە لە ماوەی یەک حەوتەدا، زیاتر لە 1500 کەس کوژراوە و دەوڵەت نە تەنیا نەیتوانیوە پێش بە توندوتیژییەکان بگرێت، بەڵکوو بە ناردنی هێزەکانی بۆ سوەیدا، بە لایەنگری لە هۆزە پاشکەوتووە عەرەبە سوننەکان تاوانبارە و ئەم دەستێوەردانە، لە بری چارەسەریی قەیرانەکان، دۆخەکەی تەشەنەدارتر کردووە و کارێکی کردووە کە دەوڵەت لاوازتر دەرکەوێت.

ناوبراو لەبارەی هۆکارەکانی نیگەرانی تورکیا لە ڕاپەڕینی کوردەکانی سووریا لە دژی دەوڵەتی شەرع، ڕوونی کردەوە: گرینگترین هۆکار، خۆسەری کوردەکان لە باکوور ڕۆژهەڵاتی سووریایە، ئەوان ناچەیەکی سەربەخۆ ئیدارە دەکەن، هێزی سەربازی ڕاهاتوو و پڕ‌چەکیان هەیە و لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی وزەی ئەو وڵاتەیان لە بندەستدایە. ئینجا تورکیا خۆی حەشیمەتێکی زۆری کوردی هەیە و نیگەرانە کە ئەو خۆسەرییە ببێتە نمانەیەک بۆ کوردەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی. بۆیەش هێرشێکی زۆری کردۆتە سەر باکووری سووریا، بەڵکوو پێش بە سەقامگیریی خۆسەری کوردی بگرێت. لە لایەکی ترەوە پەکەکە، وەک دوژمنی تورکیا، پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئیدارەی ناوچەیی کوردەکانی سووریادا هەیە.

ئەمبرین زەمان سەبارەت بە کاریگەریی ڕووداوەکانی سوەیدا لە سەر پێگەی کوردەکانی سووریا بە ئاماژە بەوەی کە ئەو ڕووداوانە کاریگەرییەکی نەرێنی و قورسیان لە سەر پێگە و ڕەوایی شەرعدا بووە، ڕایگەیاند: کوردەکان کاتێک هەڵسوکەوتی دەوڵەتی سووریا لەگەڵ دروزییەکانی سوەیدا دەبینن، مەحاڵە مەیلیان لەوە بێت کە هێزەکانی دەوڵەتی ڕوو لە ناوچەکانیان بکەن. ئینجا لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی ژێر فەرمانی شەرع لە کاتێکدا دەستی داوەتە هێرش بۆ سەر سوەیدا کە بەدوای وەرگرتنەوەی ناوچە عەرەب‌نشینەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانە و بۆ ئەو کارە، ماوەی دیاری کردووە. بۆیە کوردەکان هەست دەکەن دەستی باڵاتریان هەیە. هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێت کە هەندێک هۆزی سوننەش لە سەروەریی کوردەکان ناڕازین و ئەو دژایەتییە دەتوانێ شەڕی ئیتنیکی عەرەب-کوردی بەدواوە بێت.

ئەو کارناسەی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە درێژەدا سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا لە هەمبەر کوردی سووریا و دەوڵەتی ناوەندی، ئاماژەی بە لێدوانەکانی تام باراکی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری سووریا لەگەڵ ئاسۆشیتدپرێس کرد کە وتبووی "دەوڵەتی سووریا تا ئەو جێیەی بۆی مومکینە، هەڵسوکەوتی باشی بووە" و ڕەخنەی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ پاڵپشتی لە درۆزییەکان گرتبوو، جەختی کرد: باراک لایەنگری لە حکوومەتێکی سەنتەرخواز دەکا و بە ویستی زۆرینەی سوورییەکان ناوی لێ دەبات، کەچی ئەوە هەڵەیە. درۆزی، کورد و زۆربەی کەمینەکانی تر خوازیاری سیستەمێکی لامەرکەزین. ئینجا ئەو کەمینانە وەک وتم هێشتا متمانەیان بە دەوڵەتی ناوەندی نییە و بە خۆیان دەڵێن، چۆن چەک دانێم و پاڵ بە حکوومەتێکەوە بدەم کە خۆیشی طوو لە ڕووخانە.

ڕاشیگەیاند: کەواتە هەم دیمەشق و هەمیش کوردەکان دەبێ ژیرانە و بەپێی واقیع بجوڵێنەوە. ناکرێت 14 ساڵ ئیدارەی خۆسەری کورد بە شەوێک پشتگوێ بخرێت. هەڵبەت کوردەکانیش ناتوانن چاوەروانی وەدی‌هاتنی هەموو ویستەکانیان بن. دیپلۆماسی ئەمریکا ڕەنگە بتوانێ ڕێگەچارەیەکی میانەڕەوانە بدۆزێتەوە، چون کوردەکان ڕێک‌وپێکترین، ڕێکخراوەترین و بەربڵاوترین کەمینەی ئێستا سووریان و ناکرێ پشتگوێ بخرێن.

Your Comment

You are replying to: .
captcha