هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لە 16 ی جوولای ئەمداڵ، یەکەم جار نەبوو و لە کاتی رووخانی بەشار ئەسەدەوە، سووریا بەردەوام کەوتووەتە بەر پەلاماری ئیسرائیلەوە، بەڵام ئەو هێرشەی کە لەم دواییەدا ئەنجام درا لە باری شکڵ و ناوەرۆکەوە توندترین هێرش بوو؛ جێگایەک کە هێرشەکانی ئیسرائیل لە سوەیدا و دەرعا تا دڵی دیمەشق درێژەی هەبوو وراستەوخۆ بنکە حکومی و سەربازییەکانی سووریا کرایە ئامانج و باڵەخانەی ئەرکانی گشتی ئەرتەش بەتواوەتی وێران کرا.
کاریگەری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لەسەر ئاسایشی تورکیا
خەسارەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە بواری مادی سنووردار نابێتەوە و خەساری گیانیشی بەدواوە بوو کە لە کۆتاییدا ئاگربڕ لە نێوان تێلاڤیڤ و دیمەشق کرا بەڵام ئەوە بە واتای کۆتایی شەڕ نییە؛ بەڵکوو بەرەوڕووی شەڕ و پێکدادانین کە تازە دەستی پێکردووە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا بەسەر ناوچەکە و بەتایبەتی تورکیا کاریگەری دەبێت.
14 ساڵ شەڕ لە سووریا ، ژێئۆپۆلیتیک و ئاسایشی تورکیای خستووەتە مەترسییەوە و ئەو وڵاتەی ناچار بە ڕەوانە کردنی هێزی سەربازی بۆ سووریا کردووە.ڕووخانی بەشار ئەسەد سەرکەوتنێکی ستراتیژیکی گەورە بۆ تورکیا دەهاتە ئەژمار کە خۆی بۆ دیتنەوەی لێکەوتەکانی ئەو سەرکەوتنە لە ئاستی ستراتیژیک و ئەمنی ئامادە کردبوو.
بەڵام جموجوولەکانی ئیسرائیل لە سووریا لێکدانەوەکانی تورکیای تێکدا. دەستێوەردانەکانی ئیسرائیل لە سووریا نەک هەر لە سەر ئەو وڵاتە بەڵکوو ناوچەکە و بەتایبەتی تورکیا دەبیت.
کۆتایی هاتنی سەبری تورکیا بە چ واتایەکە؟
بۆیە هەندێک پرسیاری گرینگ لەسەر شێوەی مامەڵەی ئەنقەرە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە دێتە ئاراوە؛ ئەوەی کە ئایا تورکیا دەستەوەستان دەمێنێتەوە یان بە شێوەی کردەیی دێتە مەیدان؟
قسەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا پڕ لە تووڕەیی ئاشکرا هەمبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا بوو. ناوبراو وتی: سەبری ئێمە کۆتایی هاتووە و ئەوە هەموو ئەو شتانەیە کە ئێمە لەگەڵ تێلاڤیڤ لەسەری قسەمان کرد، ئەوان ئاشتیان ناوێت.
بەڵام تەواو بوونی سەبری تورکیا بە چ واتایەکە؟ دیارە کە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، غەززە و پاشان سووریا و هەروەها ئێران، ئەنقەرە گەییشتووەتە ئەو ئەنجامە کە شەماڵەکانی ئاگری ئەو شەڕە داوێنی تورکیاش دەگرێتەوە. بەیاننامە فەرمی و حزبییەکان بەتایبەتی لەلایەن ئەردۆغانەوە ڕاشکاوانە بێژەری ئەگەری ڕوودانی پێکدادان لە نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل لە هەر کاتێکدایە.
ڕۆژنامەڤانان و شرۆڤەکارانی تورکیا پێیان وایە کە لەوانەیە هەر چرکە شەڕ لە نێوان ئەنقەرە و تێلاڤیڤ ڕوو بدات بەڵام ئەنقەرە خەریکە لە ئەو بارەوە دان بەخۆیدا دەنێت.
فیدان لە ئەو بارەوە هۆشداریی داوەتە ئەمریکا و ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەکە کە کاردانەوەی جیدی بنوێنن هەمبەر هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەگینا لێکەوەتەی قووڵ ناوچەکە دەگرێتەوە.
سیناریۆکانی بەرەوڕوو بوونەوەی تێلاڤیڤ و ئەنقەرە و بژاردەکانی تورکیا
1. پێکهێنانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە؛ بەتایبەتی ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە ئامێرەکانی دزەی جیهانیان لەبەردەستە کە توانای گوشاری راستەقینەیان پێدەدات. قسەکانی فیدان نیشاندەری ئاگاداری ئەنقەرە لە گرینگایەتی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەیە.
2. تورکیا بۆ چارەسەری دۆسیەی هێزەکانی هەسەدە هەوڵی بەپەلە ئەنجام بدات؛ چونکوو هەسەدە هەڕەشەیەکی بەرچاوە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، بەتایبەتی لە سێبەری نزیک بوونەوەی هەسەدە بە تێلاڤیڤ کە لە هەوڵدایە ڕێڕەوێکی ئەمن لە باشووری سووریا تا باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بۆ پاڵپشتی لە هەسەدە پێک بهێنێت.
3. تورکیا ارشکاوانە لە هەموو پرسەکانی ئاگادارە و لە هەمان پێوەندیدا هاکان فیدان هۆشداریی توندی بە گرووپە جودایی خوازەکان داوە و وتی: دەنگۆگەلێک لەسەر دەستێوەردانی گرووپە کوردییەکان لە هەندێک چالاکیەکان هەیە و پەیامی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە کە وشیار بن کە هەوڵ نەدەن بۆ قۆستنەوەی نائارامییەکان و دۆخی سووریا شڵەژاوتر نەکەنەوە، ئەگینا مەترسییەکی گەورە ڕوو دەدات.
4. واژۆی گرێبەستێکی بەرگری هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و تورکیا کە ئیزن بداتە ئەنقەرە بە یاسایی بچێتە خاکی ئەو وڵاتە و هەوڵی پەروەردەی ئەرتەشی سووریا بدات.
لە کۆتاییدا هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا جودا لە ئەو ئامانجانەی کە ئەو ڕژیمە شوێنگیری دەکات، دەتوانین وەکوو هۆشدارییەکی سەرەتایی بە تورکیا چاوی لێبکرێت تا ئەنقەرە چاوەروانی هەر جۆرە بەرەوڕوو بوونەوەیەکی لەناکاو لەگەڵ ئیسرائیل بێت.
Your Comment