دوای چل ساڵ شەڕی خوێناوی لە نێوان تورکیا و پەکەکە ، نیشانەکانی کۆتایی هاتنی یەکێک لە درێژترین و پڕتێچووترین کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دیارە. فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ هەڵوەشانەوەی پەکەکە لەگەڵ ویستی بێ وێنەی ئەردۆغان بۆ گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکان، نەک هەر سیاسەتی ناوخۆیی تورکیای تووشی گۆڕان کرد، بەڵکوو لێکەوتەی قووڵی بۆ داهاتووی کوردەکان لە عێڕاق، سووریا و سەرجەم ناوچەکە لەگەڵ بوو.
بەسە هۆزات لە ڕێبەرانی باڵای پەکەکە لە ڕێوڕەسمی چەک دانانی هێزەکانی پەکەکە لە سلێمانی، وتی ئێمە خۆبەخشانە و ئاگادارانە چەکەکانمان کەناو دەبەین، وەکوو هەنگاوێکی یەکلایی بۆ سەرکەوتنی کردەیی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیپلۆماتیک.
گۆڕینی مێژوویی عەبدوڵڵا ئۆجالان
ئەو خاڵە وەرچەرخانە بە فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجالان دامەزرێنەر و ڕێبەری پەکەکە ئەنجام درا. ناوبراو کە لە ساڵی 1999ەوە لە زیندانی ئیمرالییە، فەرمانی هەڵوەشانەوەی پەکەکەی دەرکرد و ڕایگەیاند کە داهاتووی بزووتنەوەی کوردی لە چوارچێوەی دیمۆکراسی تورکیا پێناسە دەکرێت، نەک جودایی خوازی یان سەربەخۆیی.
هاوکاری چاوەڕوان نەکراوی ئەردۆغان لەگەڵ کوردەکان
دوای ئەو گۆڕانە، ڕەوتی چەک داماڵین بە شێوەیەکی بێ وێنە چووە پێشەوە و ئەردۆغان ڕایگەیاند کە بۆ پەسەند کرانی یاسای تەواوکەری هاوپەیوەند بە ڕەوتی ئاشتی، ئێمە ئامادەی هاوکاری لەگەڵ یاسادانەرە کوردەکانین و هاوڕێیان دەکەین، شتێک کە لە ئەردۆغان چاوڕوان نەکراو بوو.
گەڕانەوە بۆ سەرکوت و پاشان دووبارە پێناسە کردنەوەی سیاسەتەکان
دوای شکستی ئاشتی پێشوو، پەکەکە رووی کردە پێکدادانی ناو شارەکان. حکومەتی ئەردۆغانیش بە سەرکوتی توند وەڵامی دایەوە: دەستگیری بەربڵاوی سیاسەتوانانی کورد، وەلانانی شارەوانە کوردەکان و ئۆپراسیۆنی بەربڵاوی سەربازی بە بەکارهێنانی درۆن و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو.
کاریگەری شەڕی غەززە و گەڕانەوە بۆ سەر کورسی دانوستانەکان
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەسەر پێوەندی ئەنقەرە و کوردەکان کاریگەری هەبوو. نیگەرانی تورکیا لە ئەگەری دزەی ئیسرائیل لە نێو گرووپە کوردییەکانی بەرز کردەوە. ئەو نیگەرانییە بووە هۆی ئەوەی کە حکومەتی ئەردۆغان هەوڵ بۆ دانوستانە لەگەڵ ئۆجالان چڕ بکاتەوە.
ئۆجالانیش لە وەڵامی نیگەرانییەکانی ئەردۆغان جەختی کرد کە ئیزن نادات پەکەکە ببێتە دارەدەستی هێزە بە وەکالەتەکان لە کێبڕکێیە ناوچەییەکانی ئیسرائیل.
تورکیا لە سەروبەندی سیستەمی نوێی ناوچەیی
کۆتایی شەڕ لەگەڵ پەکەکە ، ئەو بەستێنەی بۆ تورکیا خۆش کرد کە ڕێگا بازرگانییەکانی خۆی وەکوو جادەی گەشەی عێڕاق بۆ کەنداوی ئەمن بکاتەوە. ڕێگای بازرگانی لە سووریاوە دەتوانێت بکاتەوە و ناوچە شەڕاوییەکان بۆ قبوول کردنی سەرمایەدانەری و گەشتیاری بگۆڕیت.
ئەردۆغان هەروەها ئەو سەرکەوتنە بۆ ئامانجی سیاسی ناوخۆیی بەکار دەهێنێت. بە کۆنترۆڵی ناڕەزایەتی کوردەکان لەمەڕ دەستگیری ئەکرەم ئیمام ئۆغلوو و دەستگیری 16 شارەوانی جەهەپە، ناوبراو بەدوای دانوستانی سیاسی لەگەڵ دەم پارتییە.
ئەردۆغان بەڵێنی داوە ئەو پارتە کوردییە وەکوو هێزێکی ڕەوا قبوڵ بکات و پاڵپشتی بکات تا لە چاکسازی دەستوور بەشداری بکات و بە گۆڕینی دەستوور بەستێن بۆ بە سەرۆک کۆمار بوونەوەی ئەردۆغان خۆش ببێت.
داهاتوویەکی بێ شەڕ؟
بۆ کوردەکان، ئێستا بەستێنێکی بێ وێنە بۆ بەرهەمەندی لە مافی فەرهەنگی زیاتر، سەرمایەدانەری لە ناوچەی کوردنشیبەکان و ئەگەری گەڕانەوەی ئەمنی هێزە پێشوەکانی پەکەکە بۆ نێو کۆمەلگای تورکیا خۆش بووە. بۆ یەکەم جا دوای چەندین دەیەوە، ئاسۆی ئاشتی و سەقامگیری نەک لە تورکیا، بەڵکوو لە سەرتاسەری ناوچەی کوردنشینەکانی سووریا تا عێڕاق دەرکەوتووە.
Your Comment