٢٦ حوزەیران ٢٠٢٥ - ١٢:٣٠
Source: Mehrnews
درۆی ئەمریکا ئاشکرا دەبێت؛ ترامپ لە گەمارۆی میدیاکاندا

پاگەندەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەبارەی "لەناوبردنی یەکجاریی پلانی ئەتۆمی ئێران"، بۆتە هۆی مشت‌ومڕی ناوخۆیی ئەمریکا و میدیاکانی ئەو وڵاتە خەریکن درۆی ترامپ ئاشکرا دەکەن.

 دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا یەکشەممەی ڕابردوو (22ی ژوئەن) ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران، واتە نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهانیان کردۆتە ئامانج و پلانی ئەتۆمی ئێرانیان بە یەکجاری لەناو بردووە. بەڵام ئەم ئیدعایە لە ئیستادا بۆتە جێی مشت‌ومڕی ناوخۆیی ئەمریکا و میدیاکانی ئەو وڵاتە خەریکی بەدرۆخستنەوەی لێدوانەکانین.

لەمناوە سی‌ئێن‌ئێن لە زمانی سێ سەرچاوەی ئاگادار لە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی هەواڵگرانەی ئەمریکا، نووسی کە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، کەرتی سەرەکی و ژینەرەوەی پلانی ناڤۆکیی ئێرانیان لەناو نەبردووە و پێدەچێ تەنیا چەند مانگ ئەو پلانەیان دواخستبێت.

هاوکات نیۆیۆرک تایمز لە زمانی بەرپرسێکی باڵاو ئەمریکاوە هەواڵی دا کە هێرش بۆ سەر فۆردۆ نەبۆتە هۆی لەناو چوونی یەکجاری ئەو دامەزراوەیەوە و تەنیا زیانی پێگەیاندووە.

ئینجا پاش ئەو دووە، ئاسۆشیتد پریس و ڕۆژنامەی واڵ‌ستریت ژۆڕناڵ و ڕۆیتێرزیش بە هەمان ڕوانگە و بە پشتەبستن بە بەڵگە و دایکۆمێنتەکان، باس لە شکستی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن و دەڵێن، هێرشەکان تەنیا پلانی ئەتۆمیی ئێرانی چەند مانگ دواخستووە.

لە بەرامبەر ئەو شەپۆلە ڕەخنەی میدیاییە، واشنتۆن وێڕای تووڕەبوونی لە بڵاوبوونەوەی زانیارییە نهێنییەکان لەوبارەیەوە، کاردانەوەی نیشان دا و کارولین لیویت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ئەو میدیایانەی بە درۆکردن و دزینی زانیارییە پۆلێن‌بەندییە نهێنییەکان تۆمەتبار کرد و وتی: "ئەو کارانە تەنیا بۆ سووکایەتی‌کردن بە سەرۆک کۆمار ترامپ و بێ‌ڕێزی بە فرۆکەوانانی ئازا دەکرێت کە ئۆپەراسیۆنێکی چڕوپڕ و بێ‌کەمایەسییان بۆ لەناوبردنی پلانی ئەتۆمیی ئێران ئەنجام داوە و هەموو دەزانن کاتێک کە 14 بۆمبای 30 هەزار پۆندی بدرێت لە ئامانجێک، چی بەسەر دێت: تەواو لەناوی دەبات".

لە هەمان کاتدا خودی ترامپیش لە وەڵامی ئەو میدیایانەی کە پەتەیان خستبووە سەر ئاو، بە تووڕەییەکی چاوەروان‌نەکراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکەی خۆی ناسراو بە "تروس سۆشیاڵ"دا ڕایگەیاند: "سی‌ئێن‌ئێن ناوەندی بڵاوکرنەوەی درۆ و هەواڵی فەیکە و وێڕای نیۆیۆرک تایمزی دۆڕاو، هەوڵێکی هاودەستانە دەدەن بۆ ناڕەواکردنی یەکێک لە سەرکەوتووترین هێرشە سەربازییەکانی مێژوو".

بەڵام بە مەودای ڕۆژێک دوای ئەو لێدوانانە، مارکۆ ڕۆبیوی وەزیری دەرەوەی ترامپیش، بە دوورەپەرێزی لە پاگەندەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، وتی: دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئیسفەهان چاک دەکرێتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆیتێرز پێشتر لە زمانی سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە لە گواسترانەوەی بەشێکی زۆری ئۆرانیۆمە پیتاندراوەکانی دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ بەر لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ شوێنێکی تر هەواڵی دابوو.

Your Comment

You are replying to: .
captcha