بەشی نێودەوڵەتی: ئەلکساندێر ماریازۆف، باڵوێزی پێشووی ڕووسیا لە ئێران لە یادداشتێکی تایبەتی بە زمانی فارسی بۆ ئاژانسی هەواڵی مێهر، دەڕوانێتە ڕۆڵی ڕووسیا لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا. لە خوارەوە دەقی یادداشتەکە بە زمانی کوردی دەخوێننەوە:
بۆ ڕووسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوین ناوچەیەکی نزیک و درواسێیە کە بارودۆخی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر ئاسایشی ڕووسیا دادەنێت. لەو ڕووەوە، هەنگاوە کردەکییەکانی مسکۆ پەیوەستە بە چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی ئێستای ناوچە.
یەکێک لە گرنگترینی ئەو پرسانە، گۆڕانکارییە هاوپەیوەندەکان بە پلانی ئەتۆمی ئێرانە و ڕووسیا بەردەوام جەختی لە چارەسەریی پرسی ناڤۆکی ئێران لە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە کردووە و پێشوازی دەکات لە ڕێککەوتنی واشنتۆن و تاران بۆ ئەنجامدانی دانوستان سەبارەت بە پرسە ئەتۆمی و ناڤۆکییەکان.
مسکۆ ئامادەیە وەک ناوبژیکارێک لەو دانوستانانەدا ڕۆڵ بگێڕێت، بەڵام بڕیاردان لەو بوارەدا لە ئەستۆی خود لایەنەکانە. ئەوان عەمانـیان بۆ خولی یەکەمی دانوستانەکان هەڵبژارد و ئەم ڕەوتە درێژەی دەبێت.
ڕووسیا پاڵپشتی دەکات لە هەڵوێستی ئێران بۆ ئەنجامدانی دانوستان بەپێی یەکسانی و ڕێزی بەرامبەر لە کەشێکی ئارام و دوور لە دژایەتی و مسکۆ ستراتژیی ئەمریکایی "ئاشتی لە ڕێگەی هێز"، سیاسەتی هەڕەشە و داخوازیی وێڕای ئۆلتیماتۆم بە هەڵوێستێکی ناژیرانە و بێئەنجام و ناپەسندانە دەزانێت. هەروەها ڕووسیا مافی ئێران وەک ئەندامێکی پەیمانی پێشگری لە پەرەسەندنی چەکی ناڤۆکی (NPT) بۆ گەشەی پلانی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمی بە مافی ڕەوا و نالێسەندرانەوە دەزانێت.
لە میانەی دانوستانە تازە دەست پێکراوەکانی ڕووسیا و ئەمریکا، جگە لە پرسە هاوپەیوەندەکان بە چارەسەریی قەیرانی ئۆکراین و گەشەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پرسی ئەتۆمی ئێرانیش تاوتوێ کرا.
مسکۆ هەوڵ دەدا شەرعیەتی هەڵوێست و دۆزەکانی ئێران، بێئەنجامبوونی هەڕەشەگەلی سەربازی و زەروورەتی خێرای هەڤیازیدانی بەرامبەر و گەیشتن بە ئاشتەوایی بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان لەبارەی پلانی ناڤۆکیی ئێران و بەگشتی باشترکردنی دۆخی ناوچەکە، بۆ واشنتۆن شی بکاتەوە.
هەروەها ڕووسیا هیوادارە کە واشنتۆن و تاران نیازپاکی و ژیرێتی نیشان بدەن و بگەنە ڕێککەوتنگەلێک کە چێکەری بنەماکانی ڕێگەچارەی کۆتایی و ئاشتیخوازانە بۆ پرسی ناڤۆکی ئێران بێت.
342/
Your Comment