١٠ نیسان ٢٠٢٥ - ٢٠:١٥
Source: Mehrnews
ئایا کورد و دیمەشق یەکیان گرتووە؟

ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و ڕادەست‌کرانی دوو ناوچەی کوردنشینی حەلەب بە دیمەشق، تەنیا دوو هەنگاوی چکۆلە لە ڕێککەوتنی کورد و سەرکردە نوێیەکانی سووریایە.

 بە گێڕانەوە لە میدیا لاین: دەسپێکی پڕۆسەی ڕێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و دەوڵەتی نوێی سووریا و لەوان ڕادەست‌کردنی دوو گەرەكی کوردنشینی شاری حەلەب بە دەوڵەتی ئەحمەد شەرع و ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان دەتوانێ هێمایەک بێت بۆ هەنگاونان بەرەو یەکگرتنی ڕاستەقینە بەپێی ڕێککەوتنی 10ی مارچی 2025ی نێوان مەزلووم کۆبانی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی نوێ و کاتیی سووریا.

بەمجۆرە هەر دوو لا، ڕۆژی پێنج‌شەممە لە حەلەب یەکەم هەنگاوە گرنگەکانیان بۆ ڕاپەڕاندنی یەکگرتوویی گشتگیر لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی سووریا هەڵگرت؛ ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەو ناوچە و ناوەندە ژێر کۆنتڕۆڵەکانی هەسەدەش دەبێ بگەڕیتەوە سەر پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندی سووریا.

لەو ڕووەوە ئەم ڕێککەوتنە، نیشانەیەکی بێ وێنەیە لە هاوڕایی و ئاشتەوایی لە نێوان ئەو هێزانەی کە لە ماوەی شەڕی درێژخایەنی ناوخۆیی چەکەکانیان لە دژی یەکتری گرتبوو و بەوەشەوە بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆک کۆماری سووریا هەنگاوە دواترەکانی بریتین لە ئاوێتەکرانی هەموو دامودەزگا سەربازی و مەدەنییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەوان ڕێڕەوگە سنوورییەکان، فرۆکەخانەکان، کێڵگەکانی نەوت و گاز و ئیدارە خۆجێیەکان کە دەبێ تا کۆتایی ئەمساڵی زایینی ئەنجام بدرێن.

سەرەڕای دژایەتیی توندی ئەحمەد شەرع لەگەڵ هەر جۆرە ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیزم و دابەشکارییەک، خاڵی جێی سەرنجی ڕێککەوتنەکە بەهادان بە مافی پشتگوێ‌خراوەی کۆمەڵگای کوردی سووریایە کە بڕیارە لەوە بەدوا "بەشێکی مێژوویی و دانەبڕاوەی گەلی سووریا بن" و مافی هاووڵاتێتی، نوێنەرایەتی سیاسیی بەپێی شایستەیی و پاراستنی شوناسی فەرهەنگیان بە فەرمی بناسرێت.

دیارە ئاڵوگۆڕکرانی زیندانییەکانی هەر دوو لا لە ژێر ناوی "پڕۆسەی پاکسازی زیندانەکان"، یەکەم هەنگاوی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکەیە کە لە قۆناغی یەکەمدا 240 زیندانی (140 کەس لە هێزەکانی هەسەدە و 100 زیندانی سەر بە دەوڵەتی نوێ) لە نێوان ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆیی دەوڵەت و هێزەکانی هەسەدە ئاڵۆگۆڕ پێکران.

هاوکات محەمەد عەبدولغەنی سەرۆکی ئاسایشی حەلەب لە لێدوانێک بۆ میدیا لاین، پشتڕاستی کردەوە کە هەسەدە مۆڵگەکانی خۆی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی ڕادەستی هێزەکانی دەوڵەتی کردووە و جەختی کرد: هەموو لایەنەکان ئێستا لە ژێر ئاڵایەک، یاسایەک و گەلێکدا یەکیان گرتووە.

بەوەشەوە دەنگۆی هەندێک ناسازی لە نێوان لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە هەیە و سەرچاوە خۆجێیەکان لە خۆبواردنی هەسەدە لە ئازادکردنی هەندێک زیندانیی پلەبەرزتری دیمەشق لە زیندانەکانی خۆیان، هەواڵیان داوە. کەچی بەرپرسانی خۆجێی نکۆڵی لەو هەواڵانە دەکەن و ئەو دەنگۆیانە بە "هەوڵی ئانقەست بۆ تێکدانی ڕەوتی ئاشتی" دەزانن و ڕایانگەیاندووە کە: ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکە بەپێی پلانی دیاری‌کراو پێشدەکەوێت.

هەولێک کە سەرێکی پەیوەستە بە گرووپگەلی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی و سەرێکی تری بە ئەکتەرانی دەرەوەیی کە گرنگترینیان تورکیایە و ئەنقەرە ئەگەرچی تا ئێستا کاردانەوەیەکی فەرمیی بە ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق نیشان نەداوە، بەڵام پێدەچی کە داوا لە دەوڵەتی نوێی سووریا وەک هاوپەیمانی خۆی بکات کە ڕۆڵی کوردەکان لە حکوومەتی نوێدا کەمڕەنگتر بکاتەوە.

بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش ئاماژە بە ڕێککەوتنێک دەکرێت کە تێیدا هەسەدە بە یەکجاری ئاوێتەی ئەرتەشی عەرەبی سووریا دەبێت و ئیدارەی هەموو ناوچە پێشتر خۆسەرەکان دەدرێتە دەوڵەتی ناوەندی و هاوکات ناوەندنێکی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆش بڕیارە لە گەڕەکی کوردنشینی حەلەبدا بکرێتەوە و وێستگە و سەیترەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا بن.

و هەسەدە و ناوەندە خۆجێیەکان ئەگەرچی بڕیارە نییە بە یەکجاری هەڵوەشێنەوە، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنەکە تەنیا خزمەتکاریی گشتیی مەدەنی و لە دەرەوەی بەستێنی ئاسایش و بەرگریی و ئەویش تا کاتی گەیشتن بە ڕێگەچارەی سیاسیی کۆتاییان، پێ سپێردراوە.

بەوەشەوە چاودێران ئەم ڕێککەوتنە بە سەرکەوتنێک دەزانن کە دەتوانێ ببێتە نمانەیەکی ئاوێتەبوون لە ناوچەکانی پەرتەوازەکانی سووریا و بەتایبەت لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە ملیشیا پاڵپشتکراوەکان لە لایەن دەوڵەتانی بیانییە و لەو ڕووەوە ئەمە یەکێک لە گرنترین گۆڕانکارییەکان لە سەرەتای شەڕی سووریایە.

ئەگەرچی هەر ئەو چاودێرانە هوشداریان داوە کە دەبێ لە پەنای ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکە، ئاوڕێکی جیدی لە پرسی گەمارۆکانیش بدرێتەوە، چونکە ئەو پرسە دەتوانێ چەق بخاتە سەر ڕێی ڕێککەوتنی کورد و دیمەشق و بە ئاراستەی شکستیدا ببات.

342/

Your Comment

You are replying to: .
captcha