١٢ ئازار ٢٠٢٥ - ٢١:٠٩
Source: Mehrnews
ساڵح موسلیم: کورد لە هەموو شتێکی سووریا هاوبەش دەبێ

وتەبێژی كاروباری دەرەوەی پەیەدە، ڕێککەوتنی مەزلووم کۆبانی و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی دەوڵەتی کاتی سووریای، هاوئاراستەی پەیامەکەی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" زانی و ڕایگەیاند: لە نامەی ئۆجەلاندا هیچ بانگەوازێک بۆ چەکدانانی کوردی سووریا نەکراوە.

 ساڵح موسلیم وتەبێژی كاروباری دەرەوەی پارتی یەكێتی دیموكراتیک (PYD) لە لێدوانێک بۆ ئاژانسی فورات، سەبارەت بە ڕێککەوتنی فەرماندەیی هەسەدە و سەرۆکی کاتی سووریا، ڕوونی کردەوە: ئەو ڕێککەوتنە چەند ڕۆژ پێشتر لە دانیشتنی هاوبەشتی ئیدارەی خۆسەری باکوو و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەسەدە پەسند کرا و بڕیار درا کە ئەو لیژنانە پێک بێن و ڕێککەوتنی 7-8 ماددەی لێ بەرهەم هات.

وتیشی: ئێمە پاش ئەو هەمووە شەڕ و خەباتە لە هەموو شتێکی ئەم دەوڵەتەدا هاوبەش دەبین؛ لە ئیدارە، دەستوور، ژیان، ئابووری و لە هەموو شتێکدا.

ناوبراو سەبارەت بە ناوەڕۆکی نامەی ئۆجەلان بۆ ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا، ئاشکرای کرد: بەڕێز ئۆجەلان لەو نامەدا جەختی لەوە کردووە کە ئێمە لە سەر ڕێبازێکی دروستین و پێویستە بەشێک لە سووریا بین و پێکەوە بگەینە ئاشتی. ئەگەرچی لە نامەکەی ئۆجەلاندا ئاماژە بە چەکدانانی هێزەکانی کوردی سووریا نەکراوە، بەڵام لە بابەتی ناوەڕۆکەوە، ڕێککەوتنی کورد و دەوڵەتی ناوەندی سووریا، هاوئاراستەی پەیامەکەی ئۆجەلانە.

342/

Your Comment

You are replying to: .
captcha