٢٧ شوبات ٢٠٢٥ - ٢٠:٢٢
مەزڵۆم کۆبانی: فەرمانەکەی ئۆجەلان بۆ ئێمە نییە

فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە بەئۆنلاین لەگەڵ میدیاكارانی ئەمریكیدا بۆ سازكرابوو هەڵوێستی هەسەدەی لەبارەی بانگەوازەكەی ئۆجەلانەوە ڕاگەیاند.

  مەزڵوم عەبدی دەڵێت: بانگەوازی ئۆجەلان بۆ پەكەكە بوو، بۆ پەكەكە بوو. بەشێوەیەكی راستەوخۆ بۆ ئەم ناوچەیە نەبوو. هەروەك چۆن پەیامی بۆ هەرێمی كوردستان و هەموو شوێنێكی نارد، بۆ ئێمەشی نارد".

هەروەها عەبدی دەڵێت "پێموایە ئاگربەستی نێوان پەكەكە و توركیا و بەرقەراربوونی ئاشتی كاریگەریی لەسەر ناوچەكەی ئێمەش هەیە".

لەبارەی ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا مەزڵوم عەبدی روونیكردەوە "هیچ شتێكمان پێ رانەگەیەندراوە سەبارەت بەوەی ئەمریكا هێزەكانی دەكشێنێتەوە. هەڕەشەی داعش زیادبووە و بۆشایی ئەمنی هەیە. بۆیە پێویستیمان بە هێزەكانی ئەمریكا هەیە. لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، پێمانوایە پشێویی ئەمنی دروست دەبێت و كاریگەریی لەسەر ناوچەكەش دەبێت".

لەبارەی رەوشی سووریاوە فەرماندەی هەسەدە ئەوەی خستەڕوو ئەوەی ئێستا هەیە لەبارەی ئەوەی كە دەڵێن مافی كورد، تەنیا قسەیە و تاوەكوو ئێستا گەرەنتییەكی دەستووری نییە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، ئەوەیە كە نەك تەنیا قسە بێت. دانوستاندنەكانمان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامن و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش نێوەندگیری دەكەن.

342/