٢ شوبات ٢٠٢٥ - ١٩:٠٨
کوردی سووریا: ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی وڵات قبووڵ ناکەین

ئیداره‌ی خۆسه‌ر و باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی كاتیی سووریا، ڕایگه‌یاند، هەر بڕیارێک لەدەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سووریا ناتەواو و نایاسایی دەبێت، دیمەشق دەبێت هەڵەکە ڕاست بکاتەوە.

  ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردووه‌، "هەر بڕیارێک لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆنفرانسی نیشتمانی سووریا و بەبێ بەشداری هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕی و جەماوەرییەکان بە "ناتەواو و نایاسایی"دادەنرێت.

ئیداره‌ی خۆسه‌ر داوا لە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا له‌ دیمەشق ده‌كات ئەو هەڵەیە ڕاست بكه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێت، "ئێمە ڕەخنە لەو جۆرە کۆبوونەوانە دەگرین، بەتایبەتی کاتێک کەسانێک لە لیستی تیرۆردان و دەستیان لە خوێنی گەلی سووریادایە، وەک ئەحمەد ئیحسان فەیاز هایس (ئەبوو حاتم شەقرا)، ئەو تیرۆریستەی کە هەڤرین خەلەف، ئەمینداری گشتی حزبی سووریای ئایندەی کوشت، بەڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئامادەبوو، هەروەها محەمەد جاسم کە بە (ئەبوو عەمشە) ناسراوە و چەندین تاوانی دژی گەلی سووریا ئەنجامداوە بەتایبەتی لە عەفرین".

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوه‌، "ئەو بڕیارانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سووریا بەبێ بەشداریی هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕەکان و خەڵک دەدرێن قبووڵ ناكرێن، بۆیه‌ بەستنی کۆنگرەی دیالۆگ لە سووریا بەبێ بێبه‌شكردنی پارتەکان یان قەوارەکانی سووریا، چارەسەری گونجاوە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی ناسەقامگیری سووریا و ڕێگای گەیاندنی گەلەکەمانه‌، چونکە وەدەرنانی حزبێک یان ڕێکخراوێک دەبێتە هۆی بەدینەهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشی گەلەکەمان و دۆخێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی پێشوو دروست دەکات.

342/