هێزەکانی سوریای دیموکرات«ھەسەدە» لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە و هەڵکوتانە سەر حەشارگەکانی تیرۆریستان ١٥٤ کەسی داواکراو لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە دەستگیرکراون.
بەپێی ئەم بەیاننامەیه، هێزەکانی سوریای دیموکرات حەوتەی ڕابردوو دوای شکست ھێنانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە مەر دەربازکردنی تیرۆریستانیان لە زیندانێکی شاری ڕەققە، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان بە ناوی «بروسکەی دوورگە» دەستپێکرد.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، لەم ئۆپەراسیۆنە دژە داعشەدا کە دوێنێ هەینی کۆتایی هات، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هەشت ڕۆژە دژی ئەندامانی تاقمی تیرۆریستی داعش، ١٠٢ ئەندامی ئەم تاقمە ڕەشەکوژەو ٢٧ تۆمەتباری بانگەوازکەرو دابینکەری پێداویستییەکانیان دەستگیرکران .
لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات«ھەسەدە» ٥٥ گوند و زەوی و زاریان لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەو هەروەها بەشێکی زۆر لە سنووری سوریا و عێراقیان پاک کردووەتەوە.
ھەروەھا هێزەکانی سووریای دیموکرات جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هاوکاریی هاوپەیمانیی دژە داعشی ئەمریکی ئەنجامدراوە و بەم ئۆپەراسیۆنەش ئەو هێرشانەی کە بڕیار بوو لە ئاهەنگەکانی کریسمس و سەری ساڵدا بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ ئەنجام بدرێن، پووچەڵکراونەتەوە.
342/