بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و ئەندامانی کابینەکەی کردو و هیواداریی دەربڕی کە حکومەتی نوێ سەرەتای چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان بێت.
«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق شەوی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بە بۆنەی بەخشینی متمانە بە حکومەتی نوێی عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو عێراقییەکان دەکەین بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە، هەروەها پیرۆزبایی ئاراستەی «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیران و ئەندامانی حکومەتەکەی دەکەین، لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ هەموویان لە ئەرکەکانیاندا.
وتیشی: هیوادارین ئەم هەنگاوە ئومێدبەخشە سەرەتایەک بێت بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی گەلی عێراق و سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان و گەشەی ئابوری و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری و سەقامگیری و ئاسایشت.
بارزانی لەکۆتایی پەیامەکەی دا پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی بەرنامەو ئەرکەکانی حکومەتی نوێی عێراق دەربڕی و ئامادەیی دووبارەی ڕاگەیاند بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە چوارچێوەی دەستووردا.
ڕۆژی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبردو تیای دا متمانەی بە کابینەی تازەی عێراق بە سەرۆکایەتیی «محەمەد شیاع سودانی» بەخشی.
342/