وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە بۆنەی ڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی کرد: پابەندنەبوونی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و گرتنەبەری سیاسەتی دەستدرێژی و کۆلۆنیالیزم، پێوەری دووفاقانەو تاڵانکردنی سامانی وڵاتانی ڕوولەگەشە ، بووە ھۆی ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆڵی ئاسایی خۆی دوور کەوێتەوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: سوریا ھەروەکو ڕابردوو داوای پێکهێنانی سیستەمێکی نوێی نێودەوڵەتی دەکات کە ڕێز لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت و کۆتایی بە سیاسەتەکانی هەژموون و دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی بهێنێت و پێش بە کردەوەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل و تاوانەکانی لە ناوچە عەرەبییە داگیرکراوەکان بگرێت و بەستێن بۆ دروستکردنی جیهانێکی نوێ خۆش کات کە تێیدا گەلان لە مافەکانیان بەهرەمەند بن و، دیموکراسی بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا زاڵ ببێ و جیهان چێژ لە گەشەسەندنی بەردەوام وەربگرێت.
لەساڵانی ڕابردوودا ڕژێمی زایۆنی گەلێک جار لەڕێگەی ئاسمانییەوە هێرشی کردووەتە سەر دیمەشق و ناوچە جۆربەجۆرەکانی سووریا کە لە زۆربەی ئەو هێرشانەدا بە شوێنگرتنی دەستبەجێ بەرگریی ئاسمانیی سووریاوە ،بەرپەرچی ئەو ھێرشانە دراوەتەوە.
342/