١٢ نیسان ٢٠٢٢ - ١٣:٢٢
روونکردنەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بارەی وتووێژ لە گەڵ ھەرێم لەسەر دۆسیەی نەوت

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، " ئەمڕۆ دووشەممە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی نەوت و شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت بۆ تاووتوێ کردنى جێبەجێ کردنی رێوشوێنەکان دوای بڕیارى دادگەى فیدراڵیی عێراق لەبارەى دۆسیەى نەوتى هەرێمى کوردستان".

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - ئاژانسی ناس کورد بڵاوی کردەوە  وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئامانج لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بۆ ڕێککەوتنە لەسەر میکانیزم و پێوەرى نوێ بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لە هەرێمى کوردستان لە پێناو هێنانەکایەى زۆرترین سوود و داهاتى دارایی بۆ خزمەت کردنى بەرژەوەندیی گشتى کە رۆڵى لە بەهێزکردن و پاڵپشتى ئابوورى نیشتمانى و پیشەسازیى نەوت هەبێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وەزارەتی نەوت لیژنەی تایبەتی داناوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سەرجەم دۆسیەکانی تایبەت بە نەوتی هەرێم و لەماوەی ڕابردووشدا چەندین کۆبوونەوە لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە".

دادگای فێدڕاڵی عێراق لە بڕیارێک دا ، تێکڕای گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ وڵاتانی بیانیی بە نایاسایی راگەیاند . 

342/