بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، کلچدار ئۆغلو ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەم بێدەنگییەی بەرامبەر داڕمانی ئابوریی وڵات هەیە بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە لە تورکیا.
بەر لە چەند ڕۆژێک، لە لێدوانێکی دیکەیدا کلچدار ئۆغلو نیەتی خۆی بۆ خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی ئاشکراکرد.
دوێنێ هەینی بازاڕی دراوی تورکیا شۆکێکی دیکەی بەخۆوەبینی بە تۆمارکردنی ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی لە دابەزینی نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار بەڕێژەی 8%، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربوو بە زیاتر لە 17 لیرەی تورکی.
بۆبی جۆش پسپۆڕی ئابوریی ئەمریکی لەوبارەیەوە دەڵێت، سیاسەتی ئابوریی ئەردۆغان و دەستبردن بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی، هۆکارە بۆ دابەزینی نرخی لیرە بۆ نزمترین ئاست.
بە بۆچوونی شارەزایانی ئابوری، پاشەکشەی لیرەی تورکی وایکردووە متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی بە ئابوریی تورکیا نەمێنێت و پاشەکشە لە وەبەرهێنانەکانیاندا بکەن لەو وڵاتە، هەروەها هۆکارە بۆ هەڵاوسانی زۆر لە وڵاتەکەدا، بەجۆرێک لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەخۆیەوە نەیبینیوە.
342/