٥ ئاب ٢٠٢٠ - ١١:٢٠
رووداوەکەی بەیرووت لە هێرش دەچێت نەک تەقینەوەی ئاسایی

سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە تەقینەوەکانی بەیرووتی پایتەختی لوبنان رایگەیاند، رووداوەکەی بەیروت لە هێرش دەچێت نەک تەقینەوەی ئاسایی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە تەقینەوەکانی بەیرووتی پایتەختی لوبنان رایگەیاند، رووداوەکەی بەیروت لە هێرش دەچێت نەک تەقینەوەی ئاسایی.


دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی راگەیاند لەگەڵ هەندێک ژەنەراڵی سەربازی قسەی کردووە و سەیری تۆمارە ڤیدیۆییەکانی تەقینەوەکانی بەیرووتییان کردووەتەوە، بەڵام ئەوەی دەردەکەوێت لە هێرشێک دەچێت.

ترەمپ گوتی: "ئەوەی دەردەکەوێت وەک تەقینەوەیەکی گەورە وایە. من چاوم بە هەندێک ژەنەراڵی گەورە کەوت، وا دیار بوو تەقینەوەکە هەروا بە ئاسانی جۆرێکی تەقینەوەی ناو کارگەکان نەبووە لەکاتی کارکردن و دروستکردنیی بەرهەمدا. ئەمە وەک شتێکی دیکە وابوو، کاتێک سەیری تۆمارە ڤیدیۆییەکانم کرد، دەبینیت وەک جۆرێک لە هێرشکردن بە بۆمب دەردەکەوێت"

بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی هەر زوو رەتیانکردەوە ئەو تەقینەوەیە لە ئەنجامی هێرشێکی بەئەنقەستەوە بووبێت و ئاماژەیان بەوە کرد: "هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت هۆکاری رووداوەکەی بەیروت هێرشکردن بێت.

ئێوارەی سێشەممە 4ی ئابی 2020 لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دوو تەقینەوەی بەهێز روویاندا، بەهۆیانەوە، جگە لە زیانی گیانی، زیانێکی زۆریی ماددی کەوتەوە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە تەقینەوەکانی بەیرووتدا نزیکەی چوار هەزار کەس برینداربوون و 78 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

تەقینەوەکان هەر زوو بوونە جێی سەرنجی پسپۆڕانی بواری تەقەمەنی و ماددە کیماییەکان.

پسپۆرە سەربازییەکانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکەن شێوازی ئەو دووکەڵەی لە تەقینەوەکانی بەیرووتدا بینراون هاوشێوەی دووکەڵی ماددەی تی ئێن تی بوون کە بەبڕێکی زۆر لە شوێنێکدا بتەقێتەوە.

هەروەها ئەو رەنگە کاڵەی دووکەڵەکەش پەیوەندیی بە ماددەی کیمیاییەوە هەیە لە شوێنی تەقینەوەکەدا. هەندێکیشیان دەڵێن ئەو جۆرە دووکەڵە هەندێجار لە ئەنجامی تەقینەوەی مووشەکی دوورهاوێژەوە دەبینرێت.

وەزارەتی بەرگریی لوبنان دەڵێت، ماددەی کیمیایی تایبەت بە تی ئێن تی و بارووتی مووشەک لە لوبنان تەنیا لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریدا هەڵدەگیرێت.

میدیاکانی لوبنان لە زاری خەڵکی بەیرووتەوە باسیان لەوە کردووە تەقینەوەکان هێندە بەهێزبوون باڵەخانە دوورەکانیش زیانیان بەرکەوتووە. تاوەکو ئێستاش هۆکاری تەقینەوەکان دیارنییە.

پسپۆڕە سەربازییەکان دەڵین بوونی رەنگێکی کاڵی پەمەیی لە دووکەڵی تەقینەوەکەدا دەیسەلمێنێت ماددەی کیمیایی بە بڕی زۆر لەناو کۆگاکەدا هەبووە. دەشڵێن تەقینەوەی لەو جۆرە و شێوازی دووکەڵ و رەنگەکەی پێشووتر نەبینراوە.

میشێل عۆن، سەرۆکی لوبنان دوای تەقینەوەکان رایگەیاند کە نزیکەی 2750 تۆن نیتراتی ئامۆنیا لە بەندەرەکەدا (شوێنی تەقینەوەکە) هەڵگیرابوون، کە لەوانەیە هەڵگرتنی ئەو ماددەیە بەبێ مەرجی سەلامەتی هۆکاری تەقینەوەکە بێت.