٢٢ حوزەیران ٢٠٢٠ - ١١:٣٩
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران تووشی کۆرۆنا بوو

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند: رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجامی پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنام دەرچوو، دەرکەوت تووشی ڤایرۆسەکە بووم.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە خەندان-ی راگەیاند: دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هەستم بە چەند نیشانەیەکی کۆرۆنا کرد، چووم پشکنینم ئەنجامدا و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجامی پشکنینەکەم گەڕایەوە کە پۆزەتیڤ بوو"

لەماوەی رابردوودا چەند کۆبوونەوەیەکم ئەنجامداوە رەنگە لەوانەوە ڤایرۆسەکەم هەڵگرتبێت

ئاماژەی بەوەشکرد کە نازانم هۆکاری توشبونەکەم چییە، بەڵام لەماوەی رابردودا چەند کۆبوونەوەیەکم ئەنجامداوە رەنگە لەوانەوە ڤایرۆسەکەم هەڵگرتبێت، هەرچەندە سەرجەم بەرپرسانی ئێرە رێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ دەکەن و ماسک و دەسکێش بەکاردەهێنن.

راشیگەیاند: هیچ کەسێکی دیکە لە کارمەندانی نووسینگەی حکومەتی هەرێم لە تاران توشی کۆرۆنا نەبووە، بەڵام داواملێکردون کە پشکنین ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن یاخود نا.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەئێستادا دەرگای نوێنەرایەتیمان داخستووە، هەر 22 کارمەندەکەی نوێنەرایەتی لەرێگەی تەلەفۆنیەوە کارەکان ئەنجامدەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ من، منیش ئێستا لە ماڵەکەی خۆم لە تاران کەرەنتینەم، پزیشکەکان رۆژانە دێنە ماڵەوە و چارەسەر وەردەگرم.

راشیگەیاند: لە ماوەی رابردوودا چاوی بە هیچ بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان نەکەوتووە.