بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - حەسەن ڕۆحانی لە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، وێرای پیرۆزبایی هەڵبژاردران و سەرکەوتنی کابینەکەی، وتی: لەوی کەسێکی لێهاتوو و شارەزا بە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی عێراق بەرپرسایەتی ئەو وڵاتەی لە ئەستۆیە، زۆر خۆشحاڵین.
ڕۆحانی بە ئاماژە بە گرینگیی سەربەخۆیی، سەقامگیری سیاسی، سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی تاران – بەغدا زیاتر لە جاران گەشە و پەرە بستێنێت.
سەرۆک کۆمار هەروەها ئاماژەی بە یارمەتی و پاڵپشتیی ئێران لە عێراق بۆ بەرژەوەندیی و سەرکەوتنی گەل و دەوڵەتی ئەو وڵاتە کرد و وتیشی: بەردوام دەبێ ئاگاداری پیلانگێڕان بن کە بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلانی ناوچەیان کردۆتە ئامانج.
ناوبراو هەروەها زەروورەتی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەی بیرهێنایەوە و جەختی کرد: هەر وەک چۆن لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی داعش سەلماندمان، بەردەوام بۆ دابین کردنی سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق، هاوڕێ و پاڵپشتان دەبین و ئامادەشین لە پرسی کۆرۆنادا زانیاری و ئەزموونەکانمان لەگەڵ ئێوە و هەموو وڵاتانی جیهان ئاڵوگۆڕ بکەین.
"مستەفا کازمی"ش لەو پەیوەندییەدا وێرای نرخاندنی پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک وڵاتی دۆست و برای عێراق، ڕایگەیاند: یارمەتییەکانی ئێران وەک وڵاتێکی گرینگی ناوچە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە تایبەت لە سەرودەمی بەرەنگاربوونەوەی داعش هیچکات فەرامۆش ناکەین و خوازیاری پەرەدان و تۆکمەتر کردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێرانین.