رۆژێک دوای دورخستنەوەی عومەر بەشیری سەرۆکی سودان و پێکهێنانی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر، دوێنێ شەو سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە دەستی لەکارکێشایەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، درەنگانێکی شەوی رابردو، تەنها رۆژێک پاش دورخستنەوەی عومەر بەشیری سەرۆکی سودان و پێکهێنانی ئەنجومەنی سەربازی، عەوز بن عەوف، وەزیری بەرگری کە خۆی وەک سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە ناساندبو دەستی لەکارکێشایەوە و فەریق عەبدلفتاح البرهان، وەک سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە ناساند.
دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی لەژێر فشاری جەماوەرو دەستەی رێکخەری خۆپیشاندانەکاندا هات، کە پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەربازییان رەتکردەوە و داوایانکرد دەسەڵات رادەستی خەڵکی مەدەنی بکەن.
لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بن عەوف رایگەیاند، ئەوان نەهاتون خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن و ئەو لەئێستاوە وەک سەرۆکی ئەنجومەنە سەربازییەکە کارناکات.
جگە لە خۆی وەک سەرۆکی ئەنجومەن، هاوکات بن عەوف ئاشکراشیکرد، کەمال عەبدول رەوف ئەل ماهی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر دەستی لەکارکێشاوەتەوە.