AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ckb.abna.com
یەکشەممە

٣ ئازار ٢٠١٩

١١:٥٢:٢٢ ب.ن
931509

خۆپیشاندانەکان لە جەزایر بەردەوامە

خۆپیشاندانەکانی جەزائیر دژی خۆکاندیدکردنەوەی سەرۆکی وڵاتەکە بەردەوامە

خۆپیشاندانەکانی جەزائیر دژی خۆکاندیدکردنەوەی عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە، سەرۆکی وڵاتەکە بەردەوامە و بەهۆی دروستبونی شەڕو ئاڵۆزییشەوە تا ئێستا 183 کەس برینداربون.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی APSی جەزائیری، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دژی خۆکاندیدکردنەوەی عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە، سەرۆکی جەزائیر بۆ پێنجەمین جار بەردەوامە و بەهۆیەوە 183 هاوڵاتی برینداربون.
دەیان هەزار هاوڵاتی جەزائیری رژانە سەر شەقامەکان

لەماوەی چەند رۆژی رابردودا دەیان هەزار هاوڵاتی جەزائیری رژانە سەر شەقامەکان و داوای راگرتنی پلانەکانی عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە، سەرۆکی ئەو وڵاتەیان کرد کە بەنیازە بۆ پێنجەمین جار لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسانی داهاتودا خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە.
تا ئێستاش بۆتەفلیقە-ی تەمەن 82 ساڵ دەستی لە خواستەکەی هەڵنەگرتوە

رۆژی هەینی رابردو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی خۆی و تا ئێستاش بۆتەفلیقە-ی تەمەن 82 ساڵ دەستی لە خواستەکەی هەڵنەگرتوە و هیچ وتارێکی راستەوخۆشی ئاڕاستەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی نەکردوە.

ساڵی 2013 عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە، سەرۆکی جەزائیر توشی جەڵتەی دڵ بوە و لەدوای ئەو روداوە زۆر بەکەمی لە بۆنە و مەراسیمە گشتییەکاندا دەبینرێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردو بەرپرسی هەڵمەتی هەلبژاردنەکانی بۆتەفلیقە رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە کە دوایین وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانە داواکاری سەرۆکی جەزائیر بۆ خۆکاندیدکردنەوە پێشکەش دەکات