AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Ckb.abna24
دووشەممە

٢٨ کانوونی دووەم ٢٠١٩

٩:٤٧:٠١ د.ن
926806

ئایا بەهاری عەرەبی لە سودان دەست پێ دەکاتەوە

هەوڵی دوبارەكردنەوەی بەهاری عەرەبی لە سودان هەیە

عومەر ئەلبشیر، سەرۆكی سودان دوای کۆبونەوەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر رایگەیاند، خۆپیشاندەرانی سودان هەوڵدەدەن "بەهاری عەرەبی" لە وڵاتەكەی دوبارە بكەنەوە.

عومەر ئەلبشیر، سەرۆكی سودان لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ میسر رایگەیاند، خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەی هەوڵدەدەن راپەرینەكانی "بەهاری عەرەبی" لە وڵاتەكەیدا دوبارەبكەنەوە كە لە ساڵی 2011دا زۆرینەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەژاند.

ئەوەش لەكاتێكدایە عومەر بەشیر، دوای ئەوەی لە ساڵی 1989دا، بە كودەتا حوكمی وڵاتی گرتەدەست و لەوكاتەوە روبەروی گەورەترین ململانێ بوەتەوە و هاوڵاتیانی وڵاتەكەی رۆژانە دەڕژێنە سەرشەقامەكان داوای كەوتنی ئەو حكومەتە دەكەن.

دوای ئەوەی خۆپیشاندانەكانی سودان دەستیانپێكردەوە لە بەرواری 19ی كانونی یەكەمی ساڵی پێشودا، ئەو سەردانەی بەشیر بۆ میسر بە دوەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی دادەنرێت، ئەوەش دوای سەردانەكەی بۆ قەتەر دێت. 

عومەر ئەلبەشیر، لەكاتێكدا لە تەنیشتی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسرەوە وەستابو رایگەیاند، "هەندێک لە رێكخراوەكانی میسر كاردەكەن بۆ دروستكردنی پەشێوی لە ئاسایشی ناوچەكەدا". 

رێكخراوەکانی میسر كاردەكەن بۆ دروستكردنی پەشێوی لە ئاسایشی ناوچەكەدا

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە دەڵێین كێشە هەیە و نەمانوتوە كێشە بونی نیە، بەڵام ئەوەندە گەورە نیە بەو رادەیەی هەندێك لەمیدیاكان باسیدەكەن".

ئەلبەشیر راشیگەیاند، "هەوڵێك لە ئارادایە بۆ دوبارەكردنەوەی بەهاری عەرەبی لە سودان، هەمان دروشم و پڕۆگرام و هوتاف بەكاردەهێنرێت و پلاتفۆرمەكانی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان بەكاردەهێنرێت".

هەوڵێك لە ئارادایە بۆ دوبارەكردنەوەی بەهاری عەرەبی لە سودان

باسیشی لە "جۆشوخرۆشی نەرێنی" هەندێك لە وڵاتانی كرد و وتی، "گەلی سودان گەلێكی هۆشیارن و هەمو ئەو پلانانەی هەوڵی تێكدانی دۆخی سودان دەدەن پوچەڵدەكەنەوە".

گەلی سودان گەلێكی هۆشیارن 

ئەوە لەكاتێكدایە لەماوەی رابردودا لە خەرتوم-ی پایتەختی سودان، دەسەڵاتداران لە مەیدانەكاندا بڵاوەیان بە خۆپیشاندەرانكرد و رێگەیان پێنەدا كۆببنەوە و هێزەكانی ئاسایش بە غازی فرمێسك رێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەرانكرد و زۆرینەی شەقامەكانیان داخست لەكاتێكدا خۆپیشاندەران بە بەرد وەڵامیان دەدانەوە".

یەكێك لە دروشمەكانی خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتە "گەل كەوتنی سیستەمی حكومرانی دەوێت"ە، كە یەكێك بو لە دروشمە باوەكانی راپەرینەكانی "بەهاری عەرەبی" لە ساڵی 2011دا.

بەرپرسانی سودان رایانگەیاندوە، لە روبەروبونەوەكانی نێوان دەسەڵات و خۆپیشاندەراندا 30 هاوڵاتی كوژراون، بەڵام رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان دەڵێن لانیكەم 45 كەس كوژراون.

لایخۆیەوە عەبدولفەتاح سیسی، كە لە ساڵی 2014 ەوە دوای ئەنجامدانی کودەتای سەربازی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی میسری وەرگرت رایگەیاند، كاردەكات بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و هاوسەنگی لە وڵاتەكەی دوای ئەو قەیرانە ناوخۆییانەی لە وڵاتەكەیدا بەهۆی راپەرینی گەلەكەیەوە هەشت ساڵ لەمەوبەر رویدا.

كاردەكەین بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و هاوسەنگی لە میسر

سیسی ئەوەشی خستەڕوو، هەڵمەتێكی گەورەی لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی راگەیاندوە.

سیسی وتیشی، "لە ساڵی رابردوەوە هەردو وڵات هەوڵێكی زۆرمانداوە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیەكانمان".

بەشیر-یش رونیکردەوە، سەردانكردنی شاندێكی باڵای میسر بۆ وڵاتەكەی لەسەرەتای دروستبونی قەیرانەكاندا لە خەرتوم "پەیامێكی گرنگ بوە بۆ گەلی سودان و گەلانی دیكە، بۆ جەختكردنەوە لە یارمەتیەكانی میسر و رۆڵی میسر لە هاریكاریان و سوربونیان لەسەر جێگیربونی ئاسایشی سودان".