AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Ckb.abna24
چوارشەممە

٣٠ ئایار ٢٠١٨

٨:٣١:٠٥ د.ن
895634

ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ئێران

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا.

لەکاتێکدا ئێران و بەرپرسانی ئەوروپی هەوڵی رزگارکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دەدەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا.

ستێڤن منوچن، وەزیری دارایی ئەمریکا رایگەیاند گەمارۆیان بەسەر وەلیوڵا سەیف، بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ئێران سەپاندووە، لەبەر ئەوەی ئەو بانکە بەردەوامە لە دابینکردنی پارە بۆ کارە تێکدەرەکانی سوپای پاسداران و سوپای قودس و حیزبوڵڵا. 

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئێران ئەنجامی هەبووە، دەبێت کۆبوونەوەی زیاتریش ئەنجام بدرێت بۆ پاراستنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە.

فێدریکا مۆگێرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بە رۆژنامەنووسانی گوت "ئێمە پێکەوە نیگەرانی خۆمان لە کشاندنەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران نیشاندا، ئاماژەمان بەوەکرد هەڵگرتنی سزا پەیوەندیدارەکان بە پرۆگرامی ئەتۆمی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران بەشێکی سەرەکی رێککەوتننامەکە پێکدەهێنێت. ئێمە ئەو پابەندبوونەمان دووپاتکردەوە کە هەموومان دەمانەوێت دڵنیا بین، دەبێت ئەم کارە جێبەجێ بکرێت. ئێمە رێککەوتین لە سەر ئەوەی دیالۆگمان لە هەموو ئاستەکاندا زیاتر بکەین".

دوای ئەوەی لە 8-5-2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاشگەزبوونەوی لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران راگەیاند، وڵاتانی ئەوروپی ئەندام لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئەو رێککەوتنە چرکردووەتەوە.

برونۆ لوماگی، وەزیری ئابووریی فەرەنسا داوای لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کرد هەنگاوی جددی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا لەو بارەیەوە هەڵبگرێت.

وەزیری ئابووری فەرەنسا گوتی "ئێمە داوا لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەکەین، هەنگای گونجاو هەڵبگرێت بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری ئابووریی یەکێتی ئەوروپا. یەکەم بڕیار کە ئێمە داوا دەکەین جێبەجێبکرێت، بڕیاری 1996ـە، کە خوازیارین ئێران بگرێتەوە. ئێستا بڕیارەکە ئەو وڵاتە ناگرێتەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەم بڕیارە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی یەکێتیی ئەوروپا پبارێزێت".

رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران لە هاوینی 2015 لەنێوان شەش وڵاتە زلهێزەکەی جیهان و ئێراندا واژۆکرا، لەو کاتە بەدواوەش کۆمپانیا ئەوروپییەکان وەبەرهێنانەکانیان لە ئێران دەستپێکردەوە. دوای پاشگەزبوونەوی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە، ئەوروپییەکان نیگەرانن کە دوای گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کۆمپانیاکانیان زیاندمەندی یەکەم بن و سزاکانی ئەمریکا بیانگرێتەوە.