AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ckb.abna24
پێنجشەممە

٤ کانوونی دووەم ٢٠١٨

١٠:٣١:٢١ ب.ن
875700

فتوای نوێی ئایەتوڵا سیستانی سەبارەت بە ئاهەنگی هاوسەرگیری

وەڵامی چەند پرسیارێک لەبارەی ئاهەنگی هاوسەرگیری دەداتەوه

مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، وەڵامی چەند پرسیارێک لەبارەی ئاهەنگی هاوسەرگیری و تێکەڵبوونی ژنان و پیاوان و چۆنییەتی هەڵسوکەوتکردنیان لەو ئاهەنگانە دەداتەوە، دەڵێ "دەکرێت زاوا بچێتە لای ئامادەبووانی ژن لە ئاهەنگەکەیدا، بەڵام بەمەرج".

ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەڵێ "دەکرێت زاوا بچێتە نێو دانیشتنەکانی ژنان لە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیریدا، بەمەرجێک ژنەکان داپۆشراو بن".

هەروەها لەبارەی سەماکردنی ژنان لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا، روونی دەکاتەوە "باشترە سەما نەکرێت، بەڵام ئەگەر ژنان بەتەنیا لە ئاهەنگ بن و جلوبەرگەکانیان بەتەواوی شەرعیش نەبێت (حیجابیان نەپۆشیبێت) دەکرێت"، هەروەها دەڵێ "باشترە ژنان لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا گۆرانی نەڵێن".

ئەگەر ژنێک لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا، هەرچەندە تەنیا ژنیش لەو ئاهەنگە بن لەگەڵ زاوا، ئەوا بەپێی گوتەکانی سیستانی "نابێت بەجۆرێک گۆرانی بڵێن، کە ببێتە هۆی وروژان، بەڵام باشترین شت ئەوەیە هەرگیز گۆرانی نەڵێن".

وەڵامێکی دیکەی سیستانی لەبارەی پرسیاری "ئایا دەکرێت لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا ئامێری میوزیکی وەکو تەپڵ بەکاربێت؟" سیستانی دەڵێ "باشترین شت ئەوەیە لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا گۆرانی نەگوترێت، بەڵام ئەو ئامێرە میوزیکیانە بەکاربێن کە بە لێدان (وەکو تەپڵ) دەژەنرێن".

لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکانیدا سیستانی دەڵێ "باشترە کەسانی نزیکی بووک، وەکو برا، خاڵ، مام و باوکی نەچنە لای بووک لەبەردەم ژنانی دیکە".

لەبارەی مارەبڕین و تێکەڵبوونی ژنان و پیاوانی موسڵمان بە ناموسڵمانان لە یەک شوێندا و، لەگەڵ بوونی سەرپۆشیش سیستانی دەڵێ "نابێت لەو دانیشتنەدا شتی وروژێنەر هەبێت، وروژانیش لەو جۆرە کۆبوونەوانە روودەدات، بۆیە باشترە ژنان و پیاوان لەیەکدی جیابکرێنەوە".

لە وەڵامی دوا پرسیاریشدا لەبارەی نووسینی ئایەت بە زمانەکانی: عەرەبی، ئینگلیزی و ئیسپانی و زمانەکانی دیکە لەسەر کارتی بانگهێشتکردن بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری، سیستانی دەڵێ "ئەمەیان دەکرێت".