AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Frans pres
چوارشەممە

١٥ تشرینی دووەم ٢٠١٧

١٢:٣١:١٤ د.ن
866999

ئەمڕۆ لە زیمبابۆە کودتای عەسکەری کرا

سوپا بارەگای رادیۆ و تەلەفیزیۆنی فەڕمی حکومەتی کۆنتڕۆڵ کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک تەقینەوە لە هراری پایتەخەتی وڵاتی زیمبابۆی روویاندا و سوپا بارەگای رادیۆ و تەلەفیزیۆنی فەڕمی حکومەتی کۆنتڕۆڵ کرد.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری ژمارەیەک شایەتحاڵەوە ئەوەی گواستەوە، بڵاوبوونەوەی هێزێکی زۆری سوپایان لە شەقامەکانی پایتەخت بینیوە و دەنگی تەقەیەکی زۆریان لە نزیک شوێنی مانەوەی رۆبەرت مۆگابی سەرۆکی وڵات بیستووە.

باس لەوەش دەکرێت لە پایتەخت دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.

هەروەها سوپا بارەگای سەرەکی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی حکومی کۆنتڕۆڵ کردووە و وتەبێژێک بەناوی سوپاوە بەیاننامەیەکی خوێندووەتەوە و وتویەتی، ئەوەی روودەدات بە ئامانجگرتنی تاوانبارانی دەوری مۆگابین، هەروەها مۆگابی و ئەندامانی خانەوادەکەی سەلامەتن.

ئەمە لەکاتێکدا ماوەیەک پێش ئەم جوڵەیەی سوپا، یەکێتی نیشتیمانی ئەفریقی کە مۆگابی تەمەن ٩٣ ساڵ سەرۆکایەتی دەکات، فەرماندەکانی سوپای بە خیانەت تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی فەرماندەکان هۆشدارییەکی توندیان دایە رۆبەرت مۆگابی سەرۆکی زیمبابۆی.

مۆگابی تەمەن ٩٣ ساڵ کە لە ١٩٨٧ەوە سەرۆکی زیمبابۆیە، لە کۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵ لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری لایەنگرانیدا وتبووی "هەندێک دەڵێن سەرۆک کەوتووەتە گیان کێشان، من گیان ناکێشم، لەوەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان نەخۆشبکەوم، بەڵام تەواوی ئەندامەکانی جەستەم جێگیرن و لەوپەری هێزدان".

لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو لە هراری پایتەختی زیمبابۆی زنجیرەیەک خۆپیشاندان و رووداوی توندوتیژی روویدا، دوای ئەوەی ١٨ حزبی ولات داوای خۆپیشاندانیان کرد دژی بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵات و دووبارە خۆکاندیدکردنەوەی مۆگابی تەمەن ٩٣ ساڵ.

هەر ئەوکات رۆبەرت مۆگابی سەرۆکی وڵات وتبووی، هەرکەس لە بارودۆخەکە رازی نییە، با وڵات جێبهێڵێت.