AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ابنا 24 كردی‌
سێشەممە

١٠ کانوونی دووەم ٢٠١٧

١:٣٠:٠٥ د.ن
804082

ئاماژەیەکی کورت بە ژیانی کۆچکردو ئایەتواللە هاشمی رەفسەنجانی

کەسایەتى دووەمى سیاسەتی ئێران سندوقە ڕەشەکەی نهێنییەکانی دەسەڵاتی ئێران ئەمانە و چەندین نازناوی دیکەی هەیە.


کەسایەتى دووەمى سیاسەتی ئێران سندوقە ڕەشەکەی نهێنییەکانی دەسەڵاتی ئێران ئەمانە و چەندین نازناوی دیکەی هەیە.

عەلی ئەکبەری هاشمی رەفسەنجانی یەکێک لە پێنج دامەزرێنەرە سەرەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەر لە شۆڕشی ١٩٧٩و دوای شۆڕشیش نزیکترین کەس بووە لە ئایەتوڵلا خومەینی، لە زۆربەی رووداوەکانی ٤٠ ساڵی رابردووی ئێراندا یان بڕیاردەر بووە یان رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە.

رەفسەنجانی لە ساڵی ١٩٦٥دا لەدوای رووداوی تیرۆرکردنی حەسەن عەلی مەنسور سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئێران ناوی کەوتە ناو ناوانەوە و بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیراندا دەستگیرکرا، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ بە بڕیاری خومەینی بووە ئەندامی ئەنجومەنی شۆڕشی ئێران، لە یەکەم خولی پەرلەمانی ئێراندا بووە سەرۆکی پەرلەمان.

بە وتەی زۆربەی مێژوونووسانی ئێران رەفسەنجانی متمانەپێکراوترین کەس بووە لای خومەینی، هەر بەو هۆیەشەوە کاریگەری زۆری لەسەر بڕیارەکانی هەبووە ، گرنگترین ئەو رووداوانەی کە بە وتەی مێژوونووسانی ئێران رەفسەنجانی رۆڵی سەرەکی تیایاندا بینیوە بریتین لە:

یەکەم: سەندنەوەی متمانە و دوور خستنەوەی ئەبولحەسەنی بەنی سەدر یەکەمین سەرۆک کۆماری ئێران.

دووەم: رۆڵی سەرەکی هەبوو لەوەی عەلی خامنەیی ببێتە سەرۆک کۆماری ئێران.

سێیەم: رۆڵی سەرەکی هەبوو لە درێژبوونەوەی شەڕی ئێران و عێراق دوای ئەوەی سەدام لە ساڵی ١٩٨٢دا ڕازیبوو بە راگەیاندنی ئاگربەست.

چوارەم: لە هەشتاکاندا سەرۆکی ئەنجومەنی بەرگریی ئێران بوو بۆ ئیدارەدانی شەڕی عێراق و شەڕ لە دژی هێزە کوردییەکان.

پێنجەم: رۆڵی سەرەکی هەبووە لە قەدەغەکردن و پاکتاوکردن و دوورخستنەوەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ دەرەوەی ئێران.

شەشەم: پێچەوانەی جاری پێشوو لە ساڵی ١٩٨٨دا رۆڵی سەرەکی هەبوو لە رازیکردنی خومەینی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ عێراقدا، رەفسەنجانی خۆی دەڵێت لە ساڵی ١٩٨٨دا ئێران نە لە ڕووی چەک و تەقەمەنییەوە نە لەڕووی بودجە و داراییەوە توانای ئەوەی نەمابوو بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە لە شەڕ بەردەوام بێت.

حەوتەم: لە ساڵی ١٩٨٩دا ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی هەبوو لەوەی عەلی خامنەیی ببێتە ڕێبەری باڵاى ئێران.

هاشمی رەفسەنجانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لای بەشێک لە ئێرانییەکان کەسێکی خۆشەویست نەبووە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ١٩٩٣دا رەفسەنجانی تەنیا لە پارێزگا کوردییەکاندا بە رکابەرەکانی دۆڕاند.

حزبە کوردییەکان و تەنانەت حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی ئێران پێیانوایە رەفسەنجانی رۆڵى سەرەکی هەبووە لە سەرکوتکردنی ناڕەزاییە سیاسییەکانى ئێران لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، هەروەها رۆڵی سەرەکی هەبووە لە سێدارەدانی هەزاران زیندانی سیاسی کورد و ئێرانی لەو قۆناغەدا.

تیرۆری زۆربەی سەرکردەکانی کورد لەوانە عەبدولرەحمانی قاسملۆ و سادقی شەرەفکەندی و کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکەی ئێران لەسەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەودا روویاندا، حیزبە کوردییەکان ناوبراو بە پلانداڕێژەری تیرۆرەکان دەزانن، دادگای ئەڵمانیا لە دۆسیەی ناسراو بە دۆسیەی میکۆنۆسدا رەفسەنجانی و عەلی خامنەیی بە تاوانبار و بڕیاردەری سەرەکی تیرۆرکردنی سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ناساند.

سەبارەت بە بزوتنەوەی کوردیش رەفسەنجانی هەڵوێستی توندی هەبووە، لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا سەبارەت بە دانووستانەکانی نێوان حکومەت و حزبە کوردییەکان لە ساڵی ١٩٨٠دا نووسیویەتی: کوردەکان بە هیچ شتێک رازی نابن ئەوان دەوڵەتێکی سەربەخۆی نا ئیسلامیان دەوێت، با کەس پێی وانەبێت بە دانوستان کێشەکە چارەسەر دەبێت، بێ گومان تووشی شەڕ دەبین لەگەڵیاندا"، هەروەها لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژەی بە سزادانی هەندێک لە بەرپرسانی هێزی ئاسمانی ئێران کردووە کە ئامادەنەبوون کۆنفراس و کۆنگرەی حزبە کوردییەکان بۆردومان بکەن.

جگە لەوانەش هەر لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا نووسیویەتی مەرجیان داناوە بۆ یارمەتیدانی هێزە کوردییەکانى عێراق، مەرجەکەش ئەوە بووە کە دەبێت شەڕی هێزە کوردییەکانی ئێران بکەن.

دواى کۆچی دوایی رەفسەنجانی، لەناو دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا خامنەیی لە ژیاندا ماوە، بە وتەی هەندێک لە شارەزایانی سیاسەتی ئێران لەناو دەسەڵاتی ئێراندا رەفسەنجانی تەنیا کەسێک بوو دەیتوانی رەخنە لە خامنەیی بگرێت هەربۆیە دوای مردنی، خامنەیی هیچ بەربەستێکی لەبەردەمدا نامێنێت