AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ابنا 24 كردی‌
شەممە

٢٤ کانونی یەکەم ٢٠١٦

٤:٠١:٤٩ د.ن
800472

سەرۆکی نەیجیریا:

گەورەترین سەربازگەی گروپی بۆکۆحەرام کۆنترۆڵ کرا

محەمەد بوخاری سەرۆکی نەیجیریا ئەمڕۆ ٢٤ کانونی یەکەمی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، سوپا توانیویەتی سەربازگەیەکی گەورەی گروپ بۆکۆحەرامی ئیسلامی لە دارستانی سامبیسا لەباکوری خۆرهەڵاتی وڵات کۆنترۆڵبکات، کە بە دوا بنکەی ئەو گروپە دادەنرا لە ناوچەکە.

: سوپا گەورەترین سەربازگەی گروپی بۆکۆحەرامی کۆنترۆڵکرد

محەمەد بوخاری سەرۆکی نەیجیریا ئەمڕۆ ٢٤ کانونی یەکەمی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، سوپا توانیویەتی سەربازگەیەکی گەورەی گروپ بۆکۆحەرامی ئیسلامی لە دارستانی سامبیسا لەباکوری خۆرهەڵاتی وڵات کۆنترۆڵبکات، کە بە دوا بنکەی ئەو گروپە دادەنرا لە ناوچەکە.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: لە بەیاننامەیەکدا کە خۆی بڵاویکردەوەتەوە، ئاماژە بەوەدەکات "سەرۆک ئەرکانی سوپا ئاگاداریکردمەوە لەوەی کە سەربازگەکە لە دوانیوەڕۆی دوێنێوە دەستیان بەسەردا گرتووە، سەرجەم تیرۆریستان لە ناوچە هەلاتوون و هیچ شوێنێکیان نەماوە بۆ خۆحەشاردان".

محەمەد بوخاری سەرۆکی نەیجیریا ئاماژەی بەوەکردووە  "کۆنترۆڵکردنی سەربازگەی زیرۆر کامپ پرۆسەی هاڕینی تەواوەتی گروپی بۆکۆ حەرامە لە دارستانی سامبیس،ا کە دەکەوێت ویلایەتی یۆرنۆی باکوری خۆرهەڵاتی نەیجیریا".

ئەو ڕاگەیاندنەی سەرۆکی نەیجیریا لە کاتێکدایە ماوەی چەند ڕۆژێکە سوپای ئەو وڵاتە هێرشێکی فراوانی دەستپێکردووە بۆ سەر دارستانی ناوبراو، کە گروپی بۆکۆحەرام کردبوویانە بنکەیەکی سەرەکی کۆبوونەوە و ئەنجامدانی چالاکییەکانیان.

لەو بارەیەوە سوپا بڵاویکردەوە، چەکدارەکانی ئەو گروپە بە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە و شوێنی تایبەتیان نەماوە، بۆیە داوای لە هاووڵاتیان کرد ئاگاداری خۆیان بن لە کاتی هاتوچۆکردنیان لەو ناوچەی کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تێدا بەڕێوەچووە.

گروپی بۆکۆ حەرام لە ماوەی دروستبوونیەوە لە ٧ ساڵی ڕابردوودا، تا ئێستا نزیکەی ١٥ هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە ٢ ملیۆن کەسی ئاوارە و دەربەدەر کردووە لەوڵاتی نەیجیریا.

ئەو گروپە لە هەوڵدابوون بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی ئیسلامی لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی نەیجیریا، کە بە گەورەترین دەوڵەتی ئەفریقا دادەنرێت لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥دا گروپی بۆکۆحەرام دەستیانگرت بەسەر ناوچەیەکی فراوانی باکوری نەیجیریا، کە بە هێندەی ڕووبەڕوی وڵاتی بەلجیکا دەبوو، بەڵام لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا سوپای نەیجیریا بە هاوکاری سوپای چەند دەوڵەتێکی دراوسێ، زۆربەی ناوچەکانی باکوری ئەو وڵاتەیان کۆنترۆڵکردەوە، دوا پێگەیان دارستانی سامبیسا بووە کە دوێنێ لەلایەن سوپای نەیجیریاوە کۆنترۆڵکراوەتەوە و گروپە لەو وڵاتە لە هەرەسی یەکجارەکی نزیکبووەتەوە.