AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
چوارشەممە

٣ ئایار ٢٠٢٣

١١:٤٤:٤٠ ب.ن
1362382

کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەی دەوحە بەبێ بە فەرمی ناسینی تالیبان

کۆبوونەوەی داخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسی ئەفغانستان، دوای دوو ڕۆژ دانوستان بەبێ دانپێدانانی حکومەتی تالیبان، ڕۆژی سێشەممە لە دەوحەی قەتەر کۆتایی هات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش» سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرۆکایەتیی ئەم کۆبوونەوەیەی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدرێت و وتیشی: ناتوانین پەیوەندییەکان ببڕین بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانمان، چونکە زۆرێک خوازیاری کارلێکی کاریگەرترن.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کۆبوونەوەیەی بە هەوڵێکی هاوبەشی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەییشتن بە یەک هەڵوێست لە بارەی مافەکانی مرۆڤ، حوکمڕانی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان وەسف کرد.

گۆتێرێش، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەگەری کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی سکرتێری گشتی لەگەڵ تاڵیبان هەیە، وتیشی:هەرکاتێک دەرفەتێکی لەبار ڕەخسا بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، دیارە ڕەتی ناکەمەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو دەرفەتە لەبارە نەڕەخساوە.

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم ڕێکخراوە بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێت ڕوانگەیەکی ڕوولەپێش بچەسپێنێ بۆ ئەوەی کە خەڵکی ئەفغانستان لە پێشینەی کارەکانیدا بن و وتیشی: زۆربەی کارمەندانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوڵاتی ئەفغانستانین و قەدەغەکردنی کاری ژنان قبوڵکراو نییە، ژیانی زۆر کەس دەخاتە مەترسییەوە.

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەدا وتی: ئەگەر ئەوان (تالیبان) ئامادە نین گوێ لە قسەکانی ئێمە بگرن و نایانەوێت هەڵوێستی ئێمە لەمەڕ بابەتەکان بزانن، دەسا چۆن دەتوانن بگەنە چارەسەرێکی قەناعەت پێکەر و باش؟ چونکە بڕیارە تاکلایەنەکان ناتوانن ئەنجامیان هەبێت.

27ی ئاپریلی ڕابردوو، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگەوە دەنگیان بە بڕیارنامەیەک دا کە سەپاندنی بەرتەسکی و قەدەغەکردنی چالاکیی ژنانی ئەفغانستان لەلایەن حکومەتی تاڵیبانی شەرمەزار کردو زیاتر لە ٩٠ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پشتگیریان لە بڕیارنامەکە کرد.

وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان، لە وەڵامی ئەم بڕیارنامەیەدا کە ئەم گروپە بە قەدەغەکردنی کاری ژنان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئیدانە دەکات، ئەم قەدەغەکردنەی بە "بابەتێکی ناوخۆیی" ناوبرد.

342/