AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
چوارشەممە

٣ ئایار ٢٠٢٣

١١:٤١:٢٩ ب.ن
1362378

ڕەئیسی: زایۆنیستەکان توانای دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆیانیان نییە

«سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێران وتی: بارودۆخەکە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و ڕژێمی زایۆنی ناتوانێ ئاسایشی خۆشی لە ناوچە داگیرکراوەکان مسۆگەر بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی لوبنانیی ئەلمەیادین ئاماژەی بە کێشە ناوخۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کرد و وتی: ئەمڕۆ پەیماننامەکانی وەک شەرمۆشێخ، ئۆسلۆ و کەمپ دەیڤید ناتوانن هیچ ئاسایشێک بۆ ئەم ڕژێمە دابین بکەن. ئەمڕۆ ئەو بڕیارە لە دەستی موجاهیدینی فەلەستینیدایە نەک لەسەر مێزی دانوستانی سیاسی.

له ڕووی توانای سەربازی و بەرگرییەوه نەک ھەر بە خۆبژیوی گەییشتووین ، بەڵکوو بووینەتە یەکێک له وڵاته پێشەنگەکانی پیشەسازیی بەرگریش

سەبارەت به توانا سەربازی و بەرگرییەکانی ئێرانیش وتی: له ڕووی توانای سەربازی و بەرگرییەوه نەک ھەر بە خۆبژیوی گەییشتووین ، بەڵکوو بووینەتە یەکێک له وڵاته پێشەنگەکانی پیشەسازیی بەرگریش.

ڕەئیسی جەختی لەوەش کردەوە: لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا دوژمن هیچ شتێکی گەمژانەی نەکردووە، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە ئەوان بەدوایدا ناگەڕێن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە توانای ئەوەیان نییە.

ڕژیمی زایونی زۆر باش دەزانێ کە هەرگیز ناتوانێت ڕووبەڕووی ئێران بێتەوە

ناوبراو ئاماژەی بە هەڕەشە پووچەشەکانی ڕژیمی زایۆنیستیش کرد و وتی: ئەم ڕژیمە زۆر باش دەزانێ کە هەرگیز ناتوانێت ڕووبەڕووی ئێران بێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەئیسی باسی لە پەیوەست بوونی ئێران بە ڕێکخراوی هاوکاریی «شانگهای»ش کرد و وتی کە ئەم کارە دەرفەتی هاوکاری لەگەڵ ژێرخانی ئاسیای بۆ ئێران ڕەخساند و ئێمەش ئامادەین بچینە ناو گرووپی بریکسەوە.

سەبارەت بە دانوستانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانیش وتی: ئێران و عەرەبستان دوو وڵاتی کاریگەرن لە ناوچەکە و پەیوەندیی نێوانیان قازانجی زۆری بەدواوە دەبێت.

ڕەئیسی لە درێژەدا ئاماژەی بە تووڕەیی ڕژێمی زایۆنیستی بەرامبەر گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و عەرەبستان کرد و وتی: دوژمنان و بە تایبەت ڕژێمی تەلەبیب لەم بابەتە تووڕەن و هۆکاری ئەمەش ئەو هەوڵانەیە کە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی دەیدەن.

سەبارەت بە چارەنووسی فەلەستینیش، بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکاری ئێران وتی: چارەنووسی فەلەستین بە ئیرادە و بڕیاری گەلی فەلەستین و موجاهدین دیاری دەکرێت و ئەمەش تەنیا لەسەر مێزی دانوستانی سیاسی دیاری ناکرێت.

زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەوە تێگەییشتوون کە سوریا هەرگیز شکست ناھێنێت، بۆیە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشقدا چوونەتەوە

بەڕێزی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە حزبوڵڵا و ئێران هاوکاریی حکومەتی سوریایان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵوەشاندنەوەو دابەش بوونی ئەم وڵاتە، ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەوە تێگەییشتوون کە سوریا هەرگیز شکست ناھێنێت، بۆیە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشقدا چوونەتەوە.

ڕەئیسی بە پێشوازیکردن لە بووژێندرانەوەی پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە، وتیشی: پەیوەندییەکانی تاران و دیمەشق ستراتیژی و گرنگن و بەردەوام دەبن.

بەڕێزی باسی لە گەشتەکەی بۆ سوریا لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دیمەشق و پەرەپێدانی لە هەموو بوارەکانیش دا کرد.

حیزبوڵڵای لوبنان نەک ھەر لە لوبنان بەڵکو کۆڵەکەیەکی گرنگیشە بۆ هێزەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەئیسی باسی لە پێگەی بەرزی حیزبوڵڵای لوبنان لەو وڵاتەو وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش کرد و وتی: ئەم گرووپە نەک ھەر لە لوبنان بەڵکو کۆڵەکەیەکی گرنگیشە بۆ هێزەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا.

سەرۆک کۆماری ئێران، «سەیید حەسەن نەسروڵڵا» ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی بە کارەکتەرو کەسایەتییەکی موجاهیدو شۆڕشگێڕ لە ناوچەکەدا» زانی کە نەک ھەر دڵی لوبنانییەکان بەڵکو دڵی هەموو گەلانی ناوچەکەی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە.

با هەموو دنیا بزانن کە ئەمریکییەکان ئیدارەی تیرۆر دەکەن و بەرەنگاری نابنەوە

ڕەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: دەبێت ئەم درۆیەی ئەمریکییەکان ئاشکرا بکەین کە بانگەشەی شەڕی دژی تیرۆر دەکەن و باهەموو دنیا بزانن کە ئەوان ئیدارەی تیرۆر دەکەن و بەرەنگاری نابنەوە.

«حاج قاسم» بووەتە قوتابخانەیەک بۆ لاوانی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئاماژەی بە تێڕوانینی هەڵەی ئەمریکییەکان لە شەهیدکردنی سەردار«حاج قاسم سولەیمانی»ش کرد و وتی: ئەوانە پێیان وابوو بە تیرۆرکردنی «حاج قاسم»، دەتوانن ڕێگا و ڕێبازەکەی بسڕنەوە، لە کاتێکدا کە ئەو بەڕێزە بووەتە قوتابخانەیەک بۆ لاوانی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا.

342/