AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
یەکشەممە

٥ شوبات ٢٠٢٣

٣:٤٥:٥٦ د.ن
1343786

باڵۆنەکەی چین بە بەرزایی گوێئاوەکانی کارۆلینا خرایە خوارەوە

میدیاکانی ئەمریکا ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند کە سوپای ئەمریکا باڵۆنەکەی چینی لە گوێئاوەکانی کارۆلینا خستووەتە خوارەوە.

ئاژانسی ئەسۆشێتێد پرێس وای بڵاو کردەوە کە، باڵۆنە چینیەکە لە گوێئاوەکانی ویلایەتی کارۆلینای باشوور لە ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا داکەوتووەو گەڕان بەدوای پاشماوەکانیدا بەردەوامە.

کۆمەڵێک لە بەرپرسانی ئەمریکا کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسیان ڕاگەیاندووە، «جۆ بایدن» سەرۆکی ئەمریکا ڕەزامەندیی لەسەر ئۆپەراسیۆنی خستنەخوارەوەی باڵۆنەکە دابوو.

پێشتر چوار بەرپرسی ئەمریکی ڕایانگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکە بڕیارە بەسەر زەریای ئەتڵەس دا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی سوپای ئەمریکا بتوانێت پاشماوەی باڵۆنەکە لە ئاوبگرێتەوە بۆ لێکدانەوەو پشکنین.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) دوای کەوتنەخوارەوەی باڵۆنە چینییەکە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی گرژیی نێوان واشێنگتۆن و پەکین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند: باڵۆنە چینییەکە هەوڵی چاودێریکردنی شوێنە ستراتیژییەکانی ئەمریکای داوە.

کاربەدەستانی ئەمریکی ڕۆژی پێنجشەممە  ڕایانگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدواداچوون بۆ باڵۆنێکی چاودێری چینی گومانلێکراو دەکات کە چەند ڕۆژێکە بەسەر ئاسمانی ئەو وڵاتەکەدا خەریکی سووڕانەوەیە، بەڵام پنتاگۆن بڕیاری داوە نەیخاتە خوارەوە بەهۆی مەترسییەکانی و ئەگەری زیان کەوتن لە خەڵک.

چین ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند:ئەو باڵۆنەی بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەسووڕێتەوە، مەدەنییە و بۆ مەبەستی کەشناسی و زانستی بەکاردێت.

342/