٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٠ - ٠٩:٥٢
سەرلەشکر باقری : ئێران تۆڵەیەکی سەخت لە ئەمریکا دەکاتەوە

فەرماندەری ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران وێڕای ئاماژە بە دڕندەکاری ئەمریکا لە شەهیدکردنی سەرداری ژینڕاڵ قاسم سلێمانی فەرماندەری هێزی قودسی سپای پاسدارانی ڕاپەڕینی ئیسلامی پێداگریشی کرد: ئێران هاوکات لەگەڵ هەوڵە ڕامیاریی و مافیاسایەکانی لەپێناو دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە تۆڵەیەکی سەختیش لەو وڵاتە دەکاتەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - سەرداری سەرلەشکر محمد باقری فەرماندەری ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەمڕۆ دووشەم لەمیانەی گوتوبێژی لەگەڵ سیرگئی شایگۆی وەزیری بەرگری ڕووسیا وێڕای دەربڕینی ئەوەی کە خەڵکی ئێران بە بەشداریە بەملوێن کەسیەکەیان لە بەڕێکردنی تەرمی شەهید سلێمانی لەوڵامی ئەو دڕندەکاریەدا خوازیاری هەڵوێستێکی بەبڕشت بوون دژبە ئەمریکا وتیشی : ئێران کات و شوێن و چۆنیەتی وڵامدانەوە بەو دڕندەکاریەی ئەمریکا دیاری دەکا.

سەرلەشکر باقری شەهیدکرانی سەرداری ژینڕاڵ قاسم سلێمانی بە دەسپێکی گۆڕانکاری گەورە لەناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا زانی و پێداگریشی کرد : ئێران و ڕوسیاو سەرجەم وڵاتانی سەربەخۆی جیهان پێویستە لەبەرامبەر ئەمریکادا ڕاوەستن و مۆڵەتی دووپاتی ئەو جۆرە کردەوانەی پێ نەدەن.

"سیرگئی شایگۆ"ی وەزیری بەرگری ڕوسیاش لەمیانەی ئەو گوتوبێژە تەلەفونیەدا وێڕای سەرەخۆشی بەبۆنەی شەهیدکرانی ژینڕاڵ قاسم سلێمانی لە گەل و دەوڵەت و هێزە چەکدارەکانی ئێران وتی : ئەمە یەکەم جارە کە فەرماندەرێکی باڵا لەلایەن وڵاتێکی دیکەوەو لە وڵاتێکی سێهەم دا بەبێ هیچ هۆیەک تیرۆر بکرێ.

..........
340