٣٠ تشرینی دووەم ٢٠١٩ - ١٠:٤٥
ئایەتوڵڵا سیستانی: دەبێت بە زووترین کات یاساى هەڵبژاردن ئامادە بکرێت

ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعى باڵای شێعەکانی عێراق رایگەیاند: عێراق بە دۆخێکى سەخت دا تێدەپەڕێت و هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە گیانى خۆپیشاندەران بپارێزن و بەم پێیە دەبێت بە زووترین کات یاساى هەڵبژاردن ئامادە بکرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - به پیی راپورتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی سبەیەوە، ئەحمەد سافى، نوێنەرى ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعى باڵای شێعەکانی عێراق، لە وتارى نوێژى هەینى لە کەربەلای پیرۆزدا رایگەیاند: دەبێت خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان خۆیان تۆکمە بکەن و رێگە نەدەن ئاژاوەچى و گێرە شێوێنەکان تێکەڵیان بن و دۆخەکە بقۆزنەوە.

ناوبراو پشتگیریى مەرجەعیەتیشى بۆ خۆپیشاندانەکان دوپاتکردەوەو وتى : رژانى خوێنى هاوڵاتیان تاوانە و دەبێت خۆپیشاندەرانیش هاوکارى هێزە ئەمنییەکان بن و زیان بە موڵک و ماڵى گشتى نەگەیەنن و مەرجەعیەتیش تەنها رێنوێنى گەلە بۆ خزمەتکردنى زیاتر.

نوێنەرى ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی، بەپێویستیشی زانی کە بە زوترین کات یاساى هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت و هەڵبژاردنێک ئەنجام بدرێت کە ئیرادەى گەل تێیدا رەنگ بداتەوە.

ئەحمەد سافى لە زاری مەرجەعى باڵای شێعەکانی عێراقەوە  ئەو ڕەخنەیەشی ئاراستەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بۆ ھەتائێستا نەیانتوانیوە وڵامى خۆپیشاندەران بدەنەوە.

بڕێک لە پارێزگاکانی عێراق لەوانە نەجەف لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە بەرپاکرانی خۆپیشاندانی ناڕەزایانە بەرامبەر بە ڕەوشتی نالەباری ڕاژەکاریی گشتی، نەبوونی ھەلی ئیش و کارو گەندەڵیی ئیداری و دراڤی بە خۆیەوە دەبینێت، کەچی ئەم ناڕەزامەندییانە لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییەدا بەلای  توندوتیژی دا شکاوەتەوەو دەیان کوژراوو برینداری لێ کەوتووەتەوە.

خۆپیشاندانەکانی عێراق لە کاتێکدا ھەروا بەردەوامە کە دەوڵەتی ئەم وڵاتە لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چوار هەگبەی پێشنیاری بە تەوەرەی دابین کردنی خواستی ناڕازییان ئاراستە کردووە.

...........
340