(ABNA24.com) "سەید عە بباس عەراقچی" جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی سیاسی بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی گەیشتە ڤییەنای پێتەختی ئۆتریش.
بە پێی راپۆرتی پارس تۆدەی؛ کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بە داخوازی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمان و ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی ژولای (٦ی گەلاوێژ) لە شاری ڤییەنا بەڕێوە دەچێ.
عەراقچی سەرۆکایەتی شاندی ئێرانی لەو کۆبوونەوەیەدا بە ئەستۆیە.
لەو کۆبوونەوەیەدا پرسەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتن ئەتۆمیی ئێران و هەموو ڕەهەندەکانی دەخرێنە بەر باس و لێکدانەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ٨ی مانگی مەیی ٢٠١٩، یەک ساڵ پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پاش سەلمێندرانی ناکارامەیی ڕێکارەکانی پێشنیاریی ئەورووپا بۆ قەرە بوو کردنەوەی دواهاتەکانی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمنی، ڕایگەیاند بەشێک لە بەڵێنە بەرجامییەکانی خۆی بە پێی بڕگەکانی ٢٦ و ٣٦ی ئەو ڕێککەوتنە هەڵدەپەسێرێ. تێپەڕینی ئێران لە ئاستی پیتاندنی ٣.٦٧% و ڕادەی یۆرانیۆمی پیتێندرای دیاری کراو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ١+٥ لەو بابەتانە دێنە ئەژمار.
کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکشەممە ٧ی ژولایی پاش کۆتایی هاتنی دەرفەتی ٦٠ ڕۆژەی کە بە ئەورووپاییەکانی دابوو بۆ بەجێ هێنانی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پرۆسەی تێپەڕین لە ئاستی پیتاندنی ٣.٦٧%ی دەست پێ کرد.
ئێران بە پێداگری لە سەر درێژە پێدانی بەڵینە بەرجامییەکانی خۆی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند ئەو کردەوانە بێتوو ئەندامانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەنگاوی پێویست بۆ بەجێ هێنانی بەڵینەکانیان هەڵگرن ، خێرا دەگەڕێنەوە سەر جێگای خۆیان.
بە پێی بڕگەکانی ٢٦ و٣٦ی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی (١+٥) کە دواتر بە هاتنە دەرەوەی ئەمریکا بوو بە (١+٤) ، ئێران دەتوانێ لە کاتی گەڕانەوەی بایکۆتەکاندا، ژمارێک لە بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی خۆی کەم بکاتەوە.
ئەڵمان، بەریتانیا و فەرەنسا پاش چونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بەڵینیان دا کە بە لەبەرچاو گرتنی قازانج و بەرژەوەندیی ئابووریی ئێران ، ئەو ڕێککەوتنە هەر بپارێزن. ئەم وڵاتانە ، وێرای ئەوەی بە شێوەی سەرزارەکی بەرامبەر بە ئەمریکا ڕاوەستان بەڵام تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکیان نەبووە لە جێبەجێ کردنی ئەو بەڵینانەی بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دابوویان.
/129
٢٨ تەمووز ٢٠١٩ - ١١:١٠
News ID: 965410
"سەید عە بباس عەراقچی" جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی سیاسی بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی گەیشتە ڤییەنای پێتەختی ئۆتریش.