١٤ ئایار ٢٠١٩ - ١٣:٠٦
حوسیەكانی یەمەن هێرشیانكردە سەر دو پێگەی نەوتی سعودیە

ژماریەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە دو شاری ئەو وڵاتە پایتەخت هێرشیان كردوەتە سەر دو پێگەی گەورەی نەوت

حكومەتی سعودیە رایگەیاند، ژماریەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە دو شاری ئەو وڵاتە پایتەخت هێرشیان كردوەتە سەر دو پێگەی گەورەی نەوت.

خالید ئەلفالح، وەزیری وزەی سعودیە ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی وڵاتەكەی رایگەیاند، لە دو هێرشی جیاوازدا چەند فڕۆكەیەكی بێفرۆكەوان هێرشیانكردوەتە سەر دو پێگەی نەوتی تایبەت بە كۆمپانیای ئارامكۆ كە یەكێكیان لە پارێزگای ئەلدودامی و ئەوی دیكە لە ریاز-ی پایتەخت ئەنجامدراوە.
هێزە چەكدارەكانیان بە فڕۆكە هێرشیان كردوەتە سەر سەرچاوە گرنگە نەوتیەكانی سعودیە

هاوكات تەلەفزیۆنی مەسریە-ی زمانحاڵی حوسیەكانی یەمەن، ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری بەرپرسێكی سەربازی ئەو هێزە چەكدارەوە رایگەیاندوە، "هێزە چەكدارەكانیان بە فڕۆكە هێرشیان كردوەتە سەر سەرچاوە گرنگە نەوتیەكانی سعودیە".

ئەو هێرشەی حوسیەكان بۆ سەر پێگە نەوتیەكانی سعودیە لەكاتێكدایە، یەكشەممەی رابردو ژمارەیەك كەشتی كە لەنێویاندا دو كەشتی نەوتی سعودیە هەبوە، لە سنورە ئاویەكانی ئیمارات روبەڕوی هێرشێكی تێكدەرانە بونەوە.
كۆمپانیای ئارامكۆ لە پلانیدا هەیە لەماوەی دو ساڵی داهاتودا رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ ئەوروپا بگەیەنێتە 300 هەزار بەرمیل

دوای ئەو هێرشە بۆ سەر پێگە نەوتیەكانی سعودیە، هەر ئەمڕۆ سێشەممە كۆمپانیای ئارامكۆ رایگەیاند، لە پلانیدا هەیە لەماوەی دو ساڵی داهاتودا رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ ئەوروپا بگەیەنێتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

راشیگەیاند، زیادكردنی رێژەی هەناردەكردنی نەوت لەمیانی هەنگاوەكانی ئەو كۆمپانیایەدایە بۆ فراوانكردنی كارە بازرگانیەكانی لە ئەوروپا و بڕیارە لەم هاوینەدا نوسینگەیەكی تایبەت لە شاری لەندەن بكاتەوە.