١٣ ئایار ٢٠١٩ - ٠٩:١٥
رەزامەندیی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی لە گەڵ پێدانی ڕەگەزنامە بەو منداڵانەی تەنیا دایکیان ئێرانییە

مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێدانی رەگەزنامە بەو منداڵانەی کە دایکیان ئێرانییە و باوکیان بیانیە.

(ABNA24.com) مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێدانی رەگەزنامە بەو منداڵانەی کە دایکیان ئێرانییە و باوکیان بیانیە.

دوێنێ یەکشەمە 12ی ئایار، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ یاسای پێدانی رەگەزنامە بەو منداڵانەی دایکیان ئێرانیە و باوکیان بیانییە پەسند کرد.

دانیشتنەکەی پەرلەمان پڕ بوو لە مشتومڕی دژ بەیەک، بەڵام لە کۆتایدا بە دەنگی 188 ئەندام پەرلەمان بەرانبەر بە 20 دەنگی ناڕازی، یاسایەکە پەسند کرا.

مەحموود رەحیمی جیهان ئایادی یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان لەسەر پارێزگای خراسان رەزووی دەڵێ، پەرلەمان لە ساڵی 1934 ئەو مافەی بە باوکان داوە و رەگەزنامەی داوە بەو منداڵانەی کە باوکیان ئێرانییە و دایکیان بیانییە. زیاتر گوتی "پرسیار ئەوەیە بۆ نەدرێت بەو منداڵانەی کە دایکیان ئێرانییە و باوکیان بیانییە؟ بۆیە ئاساییە دەبێت بدرێت بەوانیش".

 فەرهاد تاجری پەرلەمانتاری پارێزگای کرمانشا کە دژی پێدانی رەگەزنامە بوو دەڵێ، ئەو یاسایە دەرفەت دەداتە کەسانێک کە رەنگە هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایشی وڵات.

 یاسایەکە دوای دەرچوونی لە پەرلەمان،  دەبێ لە ئەنجوومەنی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی نیزام پەسەند بکرێ تا ببێ بە یاسا و  بە فەرمی جێبەجێ بکرێت.



/129