٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠١٧ - ١٣:٢٠
هەڕەشە لەسەر هەولێر نییە و دۆخەکە ئارامە

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، خواستی خەڵک و حکومەتی کوردستان نەبووە ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا ڕووبدات و هیچ هەڕەشەیەک لەسەر هەولێر نییە و دۆخەکە ئارامە.

بە پیی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت (ع) ـ ابنا ـنەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، هیچ هەڕەشەیەک لەسەر شاری هەولێر نییە و دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیان کە دۆخی پایتەختی هەرێمی کوردستان ئارامە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، خواستی خەڵک و حکومەتی کوردستان نەبووە ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا ڕووبدات و هێزەکانی عێراقیش لەئێستادا دەیانەوێت بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی کە پێش جەنگی دژی داعش هێزە عێراقییەکانی لێبووە.

ئەوەشی وت، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێوەیەکی قارەمانانە پارێزگاری لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، وتیشی "ئەوەی لە کەرکوک ڕوویدا لە هیچ ناوچەیەکی دیکەی هەرێم ڕوونادات".

ئەوەشی خستەڕوو، کە ناحیەی پردێ سەر بە پارێزگای کەرکوکە و داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد، تەنها مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن.

نەوزاد هادی وتیشی، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم ئامادەییان دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بە گفتوگۆ، دەشبێت لەسەر سەرجەم کێشەکانیش دانووستان بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هێزە عێراقییەکان چوونە ناحیەی پردێ و لەکاتی پێشڕەوییەکانیشیاندا شەڕ و پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا ڕوویدا.

ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی ئەم مانگە هێزە عێراقییەکان لە ئۆپراسیۆنێکدا پارێزگای کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان کۆنترۆڵکرد.

هەولێر