وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، پشتگیری ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی هەرێم ناکەن و زیان بە سەقامگیری ناوچەکە دەگەیەنێت.
بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت ع.ابنا: وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەریتانیا پشتگیری خواستی حکومەتی هەرێم ناکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولدا، چونکە زیان بە سەقامگیری ناوچەکە و شەڕی دژی داعش دەگەیەنێت.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەشی وتووە، بەریتانیا پێشنیازی گفتگوگۆی نوێی خستووەتە بەردەم هەرێم و بەغدا بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوویان.
ڕاشیگەیاندووە، گفتوگۆکان پێویستە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشەکی بن و کاتیان بۆ دیاری بکرێت بە جۆرێک هەموو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکات.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات کە سود لەو دەرفەتە ببینێت و بچێتە گفتوگۆیەکی جدییەوە لەگەڵ بەغدا.
هاوکات دوێنێش کۆشکى سپى لە ڕاگەیاندراوێکدا داواى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بڕیارى ڕیفراندۆم ڕابگرێت و هەڵیبوەشێنێتەوە و دەست بکات بە گفتوگۆى جدى لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.
ڕۆژی ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٧ سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی بارزانى و نوێنەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەدیلی ڕیفراندۆم خراوەتەڕوو.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە "بارزانى وتوویەتى ئەو بابەتە لەگەڵ سەرکردایەتى سیاسى کورد باس دەکات و لە ماوەیەکى نزیکدا هەڵوێستى لە بارەوە ڕادەگەیەنن".
دوێنێش بارزانى ڕایگەیاند، ئەو بەدیلە ڕەتدەکەنەوە و ڕیفراندۆم لە کاتى خۆیدا ئەنجام دەدرێت و گوێ لە قسەى یەک کەسیش ناگرێت.
دوابەدواى ئەوەش هەر دوێنێ پەرلەمانى کوردستان لە دواى زیاتر لە ساڵێک و ١٠ مانگ لە پەکخستنى، دانیشتنێکى بە بێ فراکسیۆنەکانى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامى بەڕێوەبرد و لەو دانیشتنەدا بڕیاردرا ڕیفراندۆم لەکاتى خۆیدا بەڕێوە بچێت.
بڕیارە ڕۆژى ٢٥ى ئەیلولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى لە هەرێمى کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکانى کوردستان لە دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بەڕێوە بچێت.
١٦ ئەیلوول ٢٠١٧ - ١٢:٥٨
News ID: 854547
پشتگیری ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی هەرێم ناکەن و زیان بە سەقامگیری ناوچەکە دەگەیەنێت