١ ئاب ٢٠١٧ - ١١:١٠
 موقتەدا سەدر گەشتە سعودیە

موقتەدا سەدر لەگەڵ میر محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیەو چەند بەرپرسێكی تری ئەو وڵاتەدا كۆبووەتەوە

موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدری عێراق لەمیانی سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتە لەگەڵ میر محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیەو چەند بەرپرسێكی تری ئەو وڵاتەدا كۆبووەتەوە.

بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: ئەم سەردانەی سەدر بۆ سعودیە لەكاتێكدایە كە مانگی رابردوو عیراق و سعودییە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هەماهەنگی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە ستراتیژییەكان، هەردوو وڵات خوازیارن كە پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماتییەكانی نێوان هەردولا باشتر بكەن.

پێشتر نووسینگەی تایبەتی سەدر لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردبوەوە، سەدر لەسەر بانگهێشتێكی فەرمی شا سەلمان، پادشای سعودیەن بەرەو ریازی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێكەوتووە.

لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا بەغدا و ڕیاز رێکكەوتن كە حەوت دەروازەی سنووریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ ئاڵۆوگۆڕی كاڵا و شمەك بكەنەوە، هەروەها رێكکەوتن لەسەر كردنەوەی هێڵێكی ئاسمانی و كاراكردنەوەی هێڵی شەمەندەفەر بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و كەلوپەل و ئەو هاوڵاتیانەی بە مەبەستی حەجکردنی سەردانی سعودییە دەکەن.