به‌رپرسێك له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایگه‌یاند كرملن له‌ئێستادا ناتوانێت دڵنیابێت له كوژرانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌ركرده‌ی رێكخراوی داعش، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند رۆژێك له راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌و وڵاته تایبه‌ت به كوژرانی به‌غدادی.
بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: گینادی گاتیلۆڤ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" مۆسكۆ ناتوانێت دڵنیابێته‌وه له‌كوژرانی رێبه‌ری داعش" به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر بخاته روو.
پێشتر ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی رووسیا له‌زاری به‌رپرسانی كرملین-ه‌وه بڵاویكرده‌وه، سێرگی شویگۆ-ی وه‌زیری به‌رگری، به‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رووسیای راگه‌یاندووه كه‌له‌لایه‌ن ڤلادیمێر پوتن-ه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت كه پێده‌چێت ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی " كوژرابێت".
هه‌ینی رابردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه پێده‌چێت ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری رێكخراوی داعش له‌هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌و وڵاته كوژرابێت.
ئاژانسی تاس-ی رووسی له‌زاری سێرگی شویگۆ-ی وه‌زیری به‌رگری رووسیا بڵاویكرده‌وه، ئه‌و هێرشه ئاسمانییه‌ی كه به‌غدادی تیادا كوژراوه، مۆڵگه‌یه‌كی داعشی له‌ره‌ققه كردووه‌ته ئامانج كه به‌پێگه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و رێكخراوه ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌سوریا.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبو، هێرشه‌كه شه‌وی 28ی ئایاری رابردوو كراواته سه‌ر مۆڵگه‌یه‌كی داعش كه‌له‌و كاته‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ی تیادا ئه‌نجامدراوه.
"له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌ركرده‌كانی داعش تاوتوێی رێگه‌كانی هه‌ڵاتنی تیرۆرستانیان كردووه له ره‌ققه له‌ڕێی ده‌روازه‌ی باشوری شاره‌كه‌وه" وه‌ك وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا بڵاویكردووه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌ته‌كه ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه كه" له‌رێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوه‌وه ده‌ستیان كه‌وتووه، ئیبراهیم ئه‌بو به‌كر به‌غدادی، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بووه، و به‌هۆی هێرشه ئاسمانییه‌كه‌وه كوژراوه".
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه بێت هێرشه‌كه له‌ڕێی فڕۆكه‌ی جۆری سۆ-35 و سۆ34 له گه‌ڕه‌كه‌كانی باشوری ره‌ققه ئه‌نجامدراوه، و پێشتر لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی لێ ئاگادار كراوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ش كه بڵاوكراونه‌ته‌وه، له‌و هێرشه‌دا 30 سه‌ركرده‌ی مه‌یدانی داعش و 300 پاسه‌وانیان كوژراون.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا ده‌شڵێت، له‌و هێرشه‌دا جگه له به‌غدادی هه‌ریه‌ك له "ئه‌بو حاج میسری ئه‌میری ره‌ققه، ئه‌میر ئیبراهیم نایف حاج، كه به‌رپرسی ناوچه‌كانی نێوان ره‌ققه‌و شاری سوخنه بووه، و سلێمان شواخ-ی به‌رپرسی ده‌زگای ئاسایشی داعش" كوژراون.
له‌به‌رامبه‌ردا عه‌قید رایان دیلۆن وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش به سه‌رۆكایه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌خه‌ندانی رایگه‌یاند ناتوانن هه‌واڵی كوژرانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، ڕێبه‌ری رێكخراوی داعش پشتڕاستبكهینهوه.
دیلۆن له‌باره‌ی شوێنی ئهلبهغدادییهوه، ڕایگه‌یاند " نازانین ئه‌و له‌كوێیه و ئه‌گه‌ر له‌ژێر زه‌وی خۆی حه‌شاردابێت یان خۆی ده‌ربخات و ئێمه ده‌یناسین و من دڵنیام بۆمبێكی ئێمه ئاماده ده‌بێت بۆ كوشتنی له‌مه‌یدانی جه‌نگدا، به‌ڵام ئێستا نازانین له‌كوێیه."
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش ئه‌گه‌ر هه‌واڵی كوژرانی به‌غدادی له‌لایه‌ن ڕوسیاوه پشتڕاستبكرێته‌وه، دیلۆن ڕونیكرده‌وه " من نامه‌وێت پێشوه‌خته هه‌ڵوێستی خۆمان بڵێم به‌ڵام پێموایه كوشتنی به‌غدادی له مه‌یدانی شه‌ڕدا شتێكی باش ده‌بێت به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی كێ كوشتوویه‌تی یان ده‌ستگیری كردووه."