سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیدا لە سووریا، یەکێک لە جێگرانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش کوژراوە.
لەگەڵ ئەوەی سوپای ئەمریکا هەواڵەکەی راگەیاندووە، بەڵام ئاماژەی بە ناسنامەی ئەو کەسە نەکردووە و شوێنی کوژرانەکەشی دیارینەکردووە.
بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بیت .ع.ابنا: ئەوە لەکاتێک دایە چەند رۆژێک پێش ئێستا هەواڵی دەستگیرکردنی ئەبوبەکر بەغدادی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا و سووریا لە سووریا بڵاوکرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەواڵەکە بەفەرمی ڕانەگەیێندراوە.
میدیاکانی رووسیا رایانگەیاند، ئەو زانیاریانە دەست نووسینگەی زانیاری و ئاسایشی ئەوروپا کەوتوون و ئەوان زانیارییەکانیان بڵاوکردوونەتەوە.
لەوبارەوە هەیسەم ئەبوسەعید، بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی زانیاری و ئاسایشی ئەوروپا، راگەیاند "پشتڕاستی دەکەمەوە کە بەغدادی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا و سووریا لە سووریا دەستگیرکراوە".
بەڵام نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، راگەیاند "ئێمە هیچ ئاگایەکمان لە دەستگیرکردنی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامیی نییە و هیچ ئاگاداری و روونکردنەوەیەکمان لەوبارەیەوە بۆ نەهاتووە".
ئەبوبەکر بەغدادی کێیە؟
ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم بەدری ناسراو بە (ئەبوبەکر بەغدادی) ، ساڵی 1971 لە قەزای سامەڕای سەر بە پارێزگای سەلاحەدین لەدایكبووە . ساڵی 2010 بووەتە ئەمیری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق، لە تەمموزی 2014دا خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند و خۆیشی لە رۆژی 5ی تەمموزی 2014دا لە (مزگەوتی نوری گەورە ) وتاری نوێژی هەینی پێشكەش كرد وەكو خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی .
ئەبوبەکر بەغدادی ، بڕوانامەی بەكالۆریۆس و دكتۆرای لە زانكۆی ئیسلامی لە بەغدا بەدەستهێناوە . بەلانیكەم دوو هاوژینی هەیە . لە كۆتایی ساڵی 2004 لەلایەن ئەمریكییەكانەوە دەستگیركرا و تاوەكو ئازادكردنی لەساڵی 2006 لە سەربازگەی بوكا زیندانی بوو لە بەسرا . چەند رێكخراوێكی بچووكی دامەزراندووەو، دوای كوژرانی زەرقاوی لەلایەن ئەمریكییەكانەوە ، بووەتە كەسێكی دیار لەنێو لقی قاعیدەدا لە عێراق . دوای كوژرانی ئەبو حەمزەی موهاجیر ، بووەتە كەسی یەكەمی قاعیدە لە عێراق .
ئەبوبەکر بەغدادی ، تائێستا تەنیا یەكجار بەشێوەی ڤیدیۆیی دەركەوتووە و، چوار كاسێتی دەنگیشی بڵاوكردووەتەوە . خۆی لە دەركەوتن پاراستووە . ئەو كەسێك بووە لەنێو رێكخراوەكەشیدا زۆر جار بە دەمامكداری قسەی بۆ بەرپرسانی رێكخراوەكەی كردووە ، بۆیە ماوەیەك بە ناوی " شێخی دەمامكدار" نێوبانگی دەركردبوو . هەموو ئەوانەی پێش تێكەڵاوبوونی ئەبوبەکر بەغدادی لەگەڵ رێكخراوە چەكدارە توندڕەوەكاندا ئەویان دەناسی، دەڵێن كەسێكی زۆر قسەزان و لەسەرەخۆ و ئارام بوو .