٣٠ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٨:٠٩
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی موسڵ تەنها بو داعشه

ئاژانسەکان: داعش ڕێگە نادات نەخۆش و برینداری مەدەنی بهێنرێنە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی موسڵ

ئاژانسەکان: داعش ڕێگە نادات نەخۆش و برینداری مەدەنی بهێنرێنە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی موسڵ

ئاژانسەکانی هەواڵ لەزاری ئەفسەرانی سوپای عێراقەوە بڵاویانکردەوە، هێزە عێراقییەکان لە بەشی باشوری شاری موسڵ رووبەڕووی بەرگری سەختی چەکدارانی داعش بوونەتەوە و بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بریندارانی داعش لە نە خۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکە داعش ڕێگە نادات هیچ نەخۆش و بریندارێکی مەدەنی بهێنرێتە ئەو نەخۆشخانەیە.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا:  ئەفسەرێکی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، شەڕی قورس لە گەڕەکی فەلەستینی باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە بەڕێوەدەچێت، بە تایبەت دوای ئەوەی هێزەکانی سوپا پێشڕەوییان کردووە لەو گەڕەکەوە بۆ دوو ناوچەی دیکەی شاری موسڵ و توانیویانە چەندین ئوتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی داعش پوچەڵبکەنەوە.

ئەفسەرێکی دیکەی هێزە تایبەتەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانیان لە گەڕەکی ئینتیسار پێشڕەوییان کردووە، سەرباری ئەوەی ڕووبەڕووی پێکادانی سەختبوونەتەوە.

ژمارەیەک ئەفسەری دیکەی سوپای عێراق ڕایانگەیاندووە، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی شارەکەش شەڕی  سەخت بەڕێوەدەچێت و توانراوە چەند ناوچەیەک کۆنترۆڵبکرێتەوە و سوپای عێراق لە هەوڵدایە بۆ بڕینی ڕێگای گەیاندنی کۆمەکانی داعش بە ئاراستەی ناحیەی تلکێف.

لەوەتەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ دەستپێکردووە، بە گوتەی سوپای عێراق تا ئێستا توانراوە ٢٥%ی شاری موسڵ لە دەستی چەکدارانی داعش کۆنترۆڵبکرێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکی موسڵەوە بڵاویکردەوە، لە دوێنێوە ژمارەیەکی زۆر لە بریندارانی داعش گەیەنراونەتەە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی موسڵ کە دەکەوێتە بەرەی خۆرئاوای شارەکە و زۆربەی بریندارەکانیش لەڕێگەی ڕوبارەکە پەڕێنراونەتەوە.

بەهۆی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی بریندارەکانیانەوە، داعش ڕیگە نادات بە هاتنی هیچ نەخۆش و بریندارێکی مەدەنی بۆ نەخۆشخانەکە و بۆ ئەوەی هیچ زانیارییەکە لەسەر ژمارە و ناوی سەرکردە بریندارەکانی داعش ئاشکرا نەبێت.

پسپۆڕانی سەربازی ڕایدەگەیەنن، سەرباری ئەوەی هێزەکانی سوپای عێراق لەڕووی ژمارەو چەک و جبەخانەوە لە چەکدارەکانی داعش زۆرتر و بەهێزترن، بەڵام بەهۆی بوونی هاووڵاتی مەدەنی لە شارەکە و بەکارهێنانیان وەک قەڵغانی مرۆیی، هێزەکانی سوپای عێراق لەبەر پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، ناتوانن وەک پێویست پێشڕەوی بکەن.

بە گوتەی سوپای عێراق توانراوە نیوەی بەشی چەپی شارەکە کۆنترۆڵبکریتەوە، بەڵام تا ئێستا هێزە عێراقییەکان نەچوونەتە بەرەی چەپی شارەکە، کە مێژووی هەندیک شوێنی بۆ ٢هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بەوەش ناسراوە کە گەڕەکانی زۆر تەسکن و چاوەڕواندەکرێت سوپای عێراق ڕووبەڕووی بەرگرییەکی شەختر ببێتەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.