پێگه‌ی زمان له بوون وپێناسه‌ی مروڤدا به‌رزو جه‌خت له‌سه‌رکراوه. به‌واته‌ی هێگل: زمان رۆحی نه‌ته‌وه‌یه.
له روانگه‌ی کۆمهڵناسانیشهوه سه‌ره‌کیترین ناسهیه. سه‌عدی شیرازیش به کلیلی بوون وئاوه‌زی مرۆڤ لێکیئهداتهوه:
زبان دردهان ای خردمند چیست کلید درگنج صاحب هنر
چو دربسته باشد چه داند کسی که گوهر فروش است یا پیله‌ور
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ڕاو بۆچوونی زانایان وپسپۆڕانی بواره‌کانی زانستی مرۆڤانی له‌سه‌ر زمان پولێنبکهین، ئه‌وا کات وده‌رفه‌تی زۆرمان پێویسته ومه‌به‌ستی سه‌ره‌کی وتاره‌که‌ش له‌م پێوه‌نده‌دا راگوزه‌ره.
نابێ حاشای لێبکه‌ین که زمان لای تاک وکۆ، وه‌ک بوونمای بوون لێکئهدرێتهوهو له ره‌هه‌ندی عاتیفه‌وه به‌رسه‌رنج وخۆشه‌ویسته. ئه‌م خوشه‌ویستییه به‌رله به ئامرازبوونی زمانه و به‌کارگرتنی بۆ پۆڕاندنی کاروبارو گه‌شه‌ی ژیانه. که‌واته باری عاتیفی زمان، بارسهنگتره له‌باری کومه‌ڵایه‌تی وئامرازبوونی زمان، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێ پسپۆڕ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌که‌ن.
بۆیه پاراستن وگه‌شه‌پێدانی زمان لای پسپۆڕان، زانایان وده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ده‌ربه‌ست، وه‌ک ئه‌رکی مه‌زن وسهبهبی شانازی ئه‌خوێنرێته‌وه.
مروڤی کوردیش وه‌ک باقی مرۆڤه‌کانی سه‌ر گۆی زه‌وی خودان زمانی خۆیه‌تی. زمانێک به دێرینی مێژووی زێده‌که‌ی، هۆکاره سروشتی وکۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بوونه‌ته هوَ تا ئه‌م زمانه ببێته خاوه‌ن چه‌ند زاراوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی. زاراوه‌گه‌لێک که نه‌بوونی ئامرازی راگه‌یاندن وده‌سه‌ڵاتی خۆیی تا راده‌یه‌ک لێکی تهریککردوون.
مرۆڤ کورد له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا دایکی به‌یه‌ک له‌و زاراوانه لاواندوویهتی وبنه‌ماکانی بوونی بنجیانبهستوه، که‌چی له‌ژێر ره‌حمه‌تی په‌روه‌رده‌یه‌کدا گه‌شه‌یکردوه که نه‌که‌ی وبڤه وقه‌ده‌غه‌یه سه‌وقاتی بوونه. کولتوورگهلێکی زاڵ (تورکی، فارسی، عه‌ره‌بی که به پێی تایبه‌تی رۆژهههڵاتیی خۆیان سه‌رکوتگه‌ر وداپڵۆسێنهر وقهدهغهچی بووگن. زلترین هێڵی ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه‌ش زمانه دایکیه‌که‌ی تاکی کوردی گرتوه‌ته‌وه لێی حه‌رامکردوه. تاکی کورد له قوتابخانه‌کاندا ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی و ... . باش نه‌خوێنێ، لێیده‌درێ و تهمێئهکرێت، که‌چی ئه‌گه‌ر باسی زمانی دایکی خۆی بکات ئه‌که‌وێته به‌ر به‌زه‌برترین ته‌مێکاری. مرۆڤیش ئه‌و شته‌یه که فێری ده‌بێ و پێی رادێ. هه‌ر بۆیه کاتێ ئه‌م تاکه پێده‌گا وچاو ئه‌کاته‌وه‌و له‌پڕ ئه‌گاته ده‌سه‌ڵاته (ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ـ کۆمه‌ڵایه‌تی ـ زانستی و ... . ) نیشانه‌کانی په‌روه‌رده‌که‌ی بهدیارئهکهون، هه‌ر بۆیه که‌ڵکه‌ڵه‌ی نابێ وقه‌ده‌غه‌یه و ... . له هزریدا سه‌وز ئه‌بێ وگه‌شه ئه‌کات. به‌داخه‌وه ئه‌م شێوازه به سیمای ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه دیاره. (ده‌سه‌ڵات به هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه. زوربه‌یان زاراوه‌ی خۆیان وه‌ک باڵا دهستئهبینن وئهکهونه قه‌ده‌غه‌کاری بۆ باقی زاراوه‌کان. ئه‌م په‌تایه به‌تایبه‌ت له روژهه‌ڵات وباشوور به‌زه‌قی دیاره. چ له‌ئاستی رایه‌ڵه وراگه‌یاندن وچ له ئاستی خوێندن وپه‌روه‌رده وچ له گۆڕه‌پانی چاپه‌مه‌نیه‌کاندا. مه‌خابن هه‌مان نه‌خۆشی دیکتاتۆریه‌تی فێرکراو، لێره‌ش دووباره ده‌بێته‌وه. واته ئه‌وان به‌کرده‌وه وای پێشانئهدهن که زمانی پیرۆز‌و تاقانه لای مرۆڤی کورد سۆرانی بێت، یان له‌بادینان له‌ژێر ره‌حمه‌تی خزبایهتیدا بادینی. باقی زاراوه‌کان ده‌بنه قوربانی و وه‌لا ئه‌خرێن.
ئه‌م وهلاخستنهش بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌ک ئه‌گه‌رێته‌وه که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه جه‌ختی له سه‌ر ئه‌کرێته‌وه. خوێندنه‌وه‌یه‌ک که تایبه‌ت به دیکتاتۆریه‌ت وکوێله په‌روه‌ریه. ئه‌مجۆره خوێندنه‌وانه‌ش بۆ کۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌کان ئه‌گه‌رێته‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌ک که هۆکار، ویست وخواسته نابه‌دڵه‌کان بۆ روحه ناپاک وتێکدهرهکان ئه‌گه‌رێته‌وه‌و له‌پشت هه‌ر خواستێکی نابه دڵه‌وه، ده‌ستی ده‌ره‌کی ئه‌بینێ.
مسته‌فا ره‌حیمی، لای وایه ئه‌م خوَ ونکردوویی وله هه‌ر کارێک‌دا ده‌ستی دیتری بینینه، بۆ ته‌مه‌ڵی زه‌ین وگه‌ڕانه‌وه بۆ ئاستی سه‌ره‌تایی کۆمه‌ڵگا ئهوساییهکان ئه‌گه‌رێته‌وه. ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که هه‌ر کارێک که توسقاڵێ ده‌ردیسه‌ری و ناحه‌زی بۆ بهێنێته پێش، به رۆحه ناپاک وشهریرهکانهوه ئه‌یبه‌ستێته‌وه.
مه‌خابن هه‌ندێ له ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له سیاسه‌ت ورۆژنامه‌وان و رۆشنبیری‌دا، هه‌ر جۆره خۆ ده‌رخستن وخواستێکی زاراوه‌کان به تێکده‌ر وپلانی ده‌ره‌کی لهقهڵهمئهدهن و لایان وایه بۆبهرژهوندی کورد ناباشه؟! ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌یه که له لایه‌ن ژنراڵه دهڕهندهکانی تورکیا‌و هه‌ندێ شۆفینی فارس و عه‌ره‌به‌وه ده‌ربڕ ئه‌کرێت وئهکرێته گورز بۆ کپکردنه‌وه‌ی هه‌ر ویستێکی به‌هه‌ق.
ئاخ‌و کۆمه‌ڵگای ئێمه به فه‌رمانبه‌ری وئیتاعهکهری راهاتوه وبه‌رده‌وام ئه‌بێت له‌سه ئه‌وه‌ی دیکتاتۆر به سه‌ریه‌وه حاکم بێت؟! ئاخۆ به واتای ئریک فروم: ئێمه کۆیلایه‌تی ئه‌که‌ین چوونکه پێی راهاتووین.
نابێ ئه‌وه‌و فه‌رامۆشبکه‌ین که هه‌وڵدان بۆ سوڵته‌ی زۆره‌ملی وناچارکردنی دیتران به فه‌رمانبه‌رداری وئیتاعهکردن، به واته‌ی زانای ناودار برتراند راسل تاک به کویله، یان به سه‌رپێچیکه‌ر وشۆڕشاوهی په‌روه‌رده ئه‌کات.
به باوه‌ڕی من ئه‌بێ ئه‌و جۆره خوێندنه‌وانه له‌سه‌ر زاراوه‌کان کۆتایی پێبێت و ره‌هه‌ندێکی تر بکرێته‌وه. ره‌هه‌ندێک که زاراوه‌کان نه به کۆسپ وبهرگر، به‌ڵکوو به ده‌رفه‌ت بخوێنێته‌وه. ده‌رفه‌تێک که گه‌شه وپهرهسهندوویی به دوواوه‌یه. چوونکوو زاراوه‌کان خۆیان وه‌ک کوردی ئه‌بینن. ئه‌مه‌ش له ره‌وتی مێژوودا به‌گه‌ڕ بووگه. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌نجی ده‌قه‌کانی خۆمان بده‌ین ئه‌بینین هه‌موو شاعێرانمان خۆیان به کورد زانیوه و زمانی نووسینه‌که‌یان به کوردی هه‌ڵسه‌نگاندووه.
چوون فارسی بێ په‌ند حه‌کیمان
بهلهفر کوردی که‌ردم ته‌رجومان
چوونکه من ئه‌سڵم سنیف ئهکرادهن
هه‌ر که‌س به.. . وێش شاده‌ن "فه‌قی قادری هه‌مه‌وه‌ند"
سه‌رهه‌نگ دهودان سه‌رهه‌نگ دهودان
ئه‌ز که ناممه‌ن سه‌رهه‌نگ دهودان
چه‌نی ئێرمانان مه‌گێڵم هه‌ردان
مه‌کۆشم په‌رێ ئایین کوردان "بابا سه‌رهه‌نگ ده‌ودانی"
هه‌ر چه‌ن مه‌واچان فارسی شه‌که‌ره‌ن
کوردی جه‌لای من به‌س شیرینته‌ره‌ن
مه‌علوومه‌ن جه ده‌رد دونیای به‌د ئه‌ندێش
مهحروزهن هه‌ر که‌س به زوبانی وێش "خانای قوبادی"
زۆرجار ده‌قه‌کان وه‌ک هاوار هاتوونه‌ته په‌یڤ:
گه‌ردی هه‌بوویا مه‌ژی خودانه‌ک عالی که‌ره‌مه‌ک، لهتیفهدانهک
عیلم و هونه‌ر و که‌ماڵ و ئزعان شعر و غه‌زه‌ل و کتاب و دیان
یان:
گه‌ردی هه‌بوا مه پادشاهه‌ک لایه‌ق بدیا خودی کولاهه‌ک
غالب نه‌ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌ڤ رووم نه‌ده‌بوونه خه‌رابه‌ی له ده‌ست بووم "ئه‌حمه‌دی خانی"
ئه‌سڵمه‌ن جه کورد، ئه‌سڵمه‌ن جه کورد
بابۆم کورده‌نان، ئه‌سڵمه‌ن جه کورد
من ئه‌و شێره‌نان چه‌نی ده‌سته‌ی گورد
سلسهی سپای زه‌حاک که‌ردم هورد "شاوه‌یس قولی"
"کی. زربۆ"، له پسپۆڕانی په‌روه‌رده‌ی ئه‌فریقی، بۆ جه‌ختکردن له‌سه‌ر زمانه خۆییه‌کانی ئه‌فریقیه‌کان ئه‌ڵێت: ناتوانین چش له زمانه‌کانی خۆمان بکه‌ین. ئه‌مه کارێکی نه‌لواوه. ناتوانین به‌ده‌ستی خۆمان ئه‌و ناوکه‌ی که ئێمه به‌هه‌موو باپیرانمانه‌وه ئه‌به‌ستێته‌وه ببڕین. روونه که هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ناکه‌وێته گه‌شه‌و پهرهسێنی مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌چوار چێوه‌ی زمانی دایکی خۆیدا بکه‌وێته په‌روه‌رده.
که‌واته کوردیش نابێ به کوێراندنهوهی زاراوه‌کان، خه‌رمانه‌یه‌ک له مێژوو کولتووری ره‌سه‌ن ومێژوویی خۆی فه‌رامۆشبکات. ئه‌مه وێڕای خه‌یانه‌ت به خۆ، خیانه‌ت به کولتووری مرۆڤانیه به گشتی.
وێڕای ئه‌م خاڵه مێژوویانه، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌رێنی خۆم بۆسه‌ر زاروه‌کان به پاڵه‌پشتی چه‌پکێ فاکت، له‌چه‌ند خاڵێکدا ئه‌خه‌مه به‌رده‌ستی خۆێنه‌ر. باوه‌ڕم به‌خوێندنه‌وه‌ی دیکه‌ش هه‌یه. ئه‌وه‌ی خۆم به تاقانه خوێندنه‌وه نازانم.
یه‌که‌م: خوێندنه‌وه‌ی عاتیفی ـ مروڤانی:
ئه‌گه‌ر له هه‌موو شتێک بگه‌ڕێین خاڵێکی گرنگ هه‌یه که نابێ فه‌رامۆشبکرێت، ئه‌ویش روانگه‌ی عاتیفیهُ بۆ زمان. ئاسایی ورهوایه تاک ئه‌و زمانه‌ی لا خۆشه‌ویست بێت که پێی لاوێنراوهو لای لایه ئه‌رای کریایه. زمانێک که به هۆیه‌وه له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌کانی په‌یوه‌ندی گرتوه. زمانێک که توانیویه‌تی ببێته ده‌ربڕی چرۆی حه‌زو نیازه‌کانی، زمانێک که هی باپیرانیه‌تی وبه هه‌زاران ساڵ نه‌وه به نه‌وه، وه‌ک میرات بۆی ماگسهوه. چۆن ئه‌بێ به ئاسانی له‌و زمانه چاوپوشیبکرێت وبخرێته ناو ههوانهی فه‌راموشی؟! زربو واته‌نی چۆن ئه‌کرێ مرۆڤ به‌ده‌ستی خۆی ئه‌و ناوکه ببڕێ که به‌هۆیه‌وه به پێشینیان وهه‌زاران ساڵ مێژووی تاڵ وشیرینیهوه به‌سراوه‌ته‌وه؟! تاک مافی ره‌وای خۆیه‌تی که وه‌ها زوانێکی خۆشبوێت. گرنگ خۆشه‌ویستییه‌که‌یه جا گریمان ئه‌و زمانه به زمان پێناسه بکرێت، یان به زاراوه!
له رووی مرۆڤانیشهوه، ئه‌بێ بایه‌خ به وه‌ها زمانێک بدرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌ک که‌سیش پێی بئاخفێت. هه‌ر هه‌وڵ وکۆششێکی راسته‌وخۆ وناڕاسته‌وخۆ ئه‌را کوێراندنهوهو مراندنی هه‌ر زمانێک غهدروخهیانهته به کولتووری مرۆڤ به گشتی.
خوێندنه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یی:
زاراوه‌کان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌بووبێتنه زمانی نووسینیش، له رێگه‌ی جۆربه‌جۆره‌وه ئه‌بنه ئامرازی په‌روه‌رده‌و کاریگه‌ری له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی مرۆڤ ئه‌که‌ن. روون وئاشکرایه که لای لایه‌و لاواندن، گورانی، راز‌و ئه‌فسانه، حه‌کایه‌ت و.. . به‌زاراوه ئه‌تنیکییه‌کان دینه چڕین وگهڕاندنهوه. ئه‌وانه‌ش کاریگه‌ری زۆر له په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی که‌سایه‌تی تاک، به تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می منداڵی‌دا دائه‌نێن. گه‌شه‌و نه‌شه‌ی زاراوه‌کان ئه‌و بوواره پهرداختر وکارامهتر ئه‌کات وبه پێچه‌وانه‌وه کزی ومراندنی، ئه‌بێته هۆی له‌ده‌سدانی ئه‌و ده‌رفه‌ته له بارانه. هه‌ر جۆره که‌م وکۆڕیهک له په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی که‌سایه‌تی تاک ئاکامی خراپی له سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵگا ئه‌بێت.
خوێندنه‌وه‌ی ئابووری:
هه‌بوونی زاراوهیل له خۆیدا هه‌بوویه‌کی جیاوازی سروشتییه که له مه‌حاڵه‌کانی کورده‌واریدا به‌رچاوه. ئه‌م جۆرێَکی تر بوون وجیاوازیهش سه‌رنجی هۆگران وگهشتگهران به‌ره‌ولای خۆی رائه‌کێشێ وئه‌بێته هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی گه‌شتوگوزار له دووئاستی ناوخۆیی وده‌ره‌کی. له ئاستی ناوخۆییدا خه‌ڵکی سه‌رله مه‌حاڵه‌کانی تر ئه‌ده‌ن. وێڕای ئاشنابوون وناسینی زیاتر، ئه‌بنه هۆی گه‌شه‌ی پیشه‌ی توریسم. هه‌ر بۆ نموونه جیاوازییه‌کانی ده‌ڤه‌ریی هه‌ورامان و له‌یلاخ وموکریان وماهیدهشت و.. . له‌و هۆکارانه‌ن که ئه‌بنه هانده‌ر بۆ گه‌شتکردن بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌رانه.
له ئاستی ده‌ره‌کیشدا ئه‌و پیشه‌یه په‌ره‌سه‌ندووتر ئه‌بێت وئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی زانستی و ئهمڕۆژیانه سه‌رنجی پێبدرێت خێروبێری زۆری بۆ مه‌حاڵه‌کان و وڵات هه‌یه. چوونکوو جیاوازییه‌کان هانده‌رێکی سه‌ره‌کین بۆ راکێشانی تووریسته بیانییه‌کان.
خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی:
له سه‌رده‌می هه‌نووکه‌دا شارستانیترین وڵات وگه‌ل، ئه‌و گه‌ل وڵاته‌یه که ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ری به شێوه‌یه‌کی ده‌روونی وبه شێوازی رێککه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی وبه‌ڵێنی مه‌ده‌نی وبه ئاگا، پێکهاتبێ. به واته‌ی رۆسۆ کومه‌ڵگه‌ی شارستانی رێککه‌وتنێکه له لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ک له خه‌ڵکی. به‌جۆرێک که هه‌ریه‌ک بتوانن ببنه به‌شێک له ئیراده‌ی گشتی.
که‌واته له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا تاک خودان ئیراده وبڕیارهو به پێی ئیراده‌و ویست و بڕیاری به ئاگا‌و خۆ ویست ئه‌بێته به‌شێک له کۆمه‌ڵگا. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ڕاستیه ئه‌گه‌رێته‌وه که مرۆڤ به سروشت ئازاده. ئازادیش به باوه‌ڕی پسپۆڕان به‌هایه‌که که شایانی پێوانه نیه . ئه‌وه‌یه که رۆسۆ جهختئهکاتهوه که له‌گه‌ل سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت وکۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی، مرۆڤ له جیاتی له ده‌ستدان ودۆڕاندنی ئازادی ، به ئازادیه‌کی باڵاتر ئه‌گات. له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئازادی سروشتی ، ئه‌بێته ئازادی شارستانی وتاک له گه‌ل پارێزراوی که‌رامه‌ت وبه‌ها مرۆڤانییهکانی، ئه‌شبێته به‌رپرس وههڵسووڕ له پۆڕاندنی ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا. تاک به ویست وبه دڵ ئه‌بێته به‌شێک له کۆمه‌ڵ و به‌ها و قازانجه‌کانی به هی خۆی ئه‌زانێ وهه‌ر به‌وجۆره‌ش زیان وخه‌ساره‌کانی. ئه‌مه‌ش سه‌دان سه‌د پێچه‌وانه‌ی ئه‌و کومه‌ڵگا دیکتاتۆریانه‌یه که به ره‌حمه‌تی زه‌برو زه‌نگ و به یاریده‌ی هێز، تاکه‌کان به شێوه‌ی مکانیکی پێکه‌وه ئهلکێنرێن و چ به‌هایه‌ک به نرخ وبه‌ها مرۆڤانیهکانیان نادات. ره‌زا شا‌و ئاتاتورک و به‌عس، ئه‌و ده‌سپێکانه بوون که له رۆژهه‌ڵاتی ناویندا بوونه بونیادنه‌ری وه‌ها کومه‌ڵگایه‌ک. ئه‌وه‌تا هه‌نووکه‌ش شۆڤینیه‌کان ناتوانن هه‌بوونی گه‌لانی تر باوه‌ڕ بکه‌ن.
کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگه داخراو‌و داپڵوَسێنهرهکان، تێدهکوشێ مرۆڤ ئازاد و به به‌هره په‌روه‌رده بکات. په‌روه‌رده‌یه‌ک که ده‌بێ له خزمه‌تی مرۆڤ وبه‌ها مرۆڤانیهکاندا بێت.
فه‌یله‌سووفی ناودار "کانت" ئه‌ڵێت: په‌روه‌رده‌ی ئاکاری وه‌ها په‌روه‌رده‌یه‌ک، که مروڤی ئازاد بپهروهرێنێ .
چوونکوو تاکی پێگه‌یشتوو به بایه‌خترین ئه‌ستوونه بۆ گه‌شه‌و خزمه‌تگوزاری.
"کانت" واته‌نی: هه‌ر جۆره کولتوورێک له که‌سه‌وه ده‌ڕسکێ وپاشان ته‌شه‌نه ئه‌کات.
ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ڕاستیه ئه‌گه‌ڕێته‌وه که تاکی داپڵۆسێنراوو به کوێله بوو، که به‌ها وکه‌رامه‌تی مروڤانی لێ زهوتکرابێ، تاکێکی شێواو‌و شپرزه، نه‌ک هه‌ر ناتوانێ خزمه‌تگوزار وگهشهبهخش بێت به‌ڵکوو وێرانکهروو شێوێنهریشه.
زمانیش به‌نرخترین به‌هایه که مرۆڤ له بنه‌ماڵه‌وه‌و له چاوگه‌ی پڕسۆزی دایکه‌وه پێی ده‌به‌خشرێ. سه‌ره‌کیترین وبه‌نرخترین به‌هایه‌کی مرۆڤانی وئازادانهیه که ئه‌بێ رێزی لێبگیریێت وپێگه‌ی هه‌بێت. هه‌ر بۆیه زه‌وتکردنی ئه‌م به‌ها مروڤانیه نه‌ک هه‌ر خزمه‌ت به کۆمه‌ڵ نیه، به‌ڵکوو خیانه‌تێکی قه‌ره‌بوو نهکراوهیهو چ خێروبێرێکی بۆگه‌ل نابێت وخیانهتێکی گه‌وره‌شه به مرۆڤ به گشتی. له‌م رهههندهشهوه پێویسته بایه‌خ بهزاراوهکان بدرێت چوونکوو به‌های مروڤانین وزمانی مرۆڤانێکن که ئه‌بێ خودان ویست وئێرادهو رای خۆیان بن. په‌نجه‌ره‌یه‌کی سه‌ره‌کیشه بۆ په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی مرۆڤ.
ئه‌وانه‌ی به هه‌ر بیانوویه‌ک پێیانوایه گه‌شانه‌وه‌ی زاراوه‌کان نیگه‌تیڤه به ئه‌نقه‌ست، یان بێ‌ئاگا، له خزمه‌ت چهواشهگهریدان وده‌چنه ریزی که‌مالیست ورزائیسم وبهعسیزمهوه وجه‌خت له‌سه‌ر کولتووری ئه‌وان ئه‌که‌ن.
خوێندنه‌وه‌ی کولتووری:
"تی. اس. الیوت" ئه‌ڵێت: ئه‌گه‌ر کولتووری نه‌ته‌وه‌یی بیه‌وێت گه‌شه بکات، پێویسته پێکهاته‌یه‌ک بێت له ورده کو‌لتوور .
قازانجێک که هه‌ریه‌ک به پێکهاته پێکهاتوهکهی ده‌گه‌یه‌نن، به گشتی ئه‌بێته هۆکاری قازانجی پێکهاته‌ی کولتووری نه‌ته‌وه‌یی.
هه‌ر وه‌ها ناوبراو جهختئهکاتهوه که کولتووری نه‌ته‌وه‌یی پێکهاتووی ئه‌ژمارێکی زور له کولتووره ناوچه‌ییه‌کانه که ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر دابشکێنرێن، له کولتوورگه‌لی بچووکتری ناوچه‌یی پێکهاتوون .
ئه‌لیوت، لێره‌دا نه‌ک له روانگه‌ی چینایه‌تی یان ره‌گه‌زی یان باوه‌ڕ، به‌ڵکوو بهوپێودانگی جوگرافیا‌و ئه‌تنیکی سه‌رنجی کو‌لتوور ئه‌دات وزۆر جوان وماموستایانه ئاماژه به راستینه‌کانی کو‌لتوور ئه‌کات.
راستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره که کو‌لتوور قاڵبێکی یه‌کده‌ست وهاوشێوازو دارێژراو نیه که وه‌ک قیمه‌ی یه‌کده‌ستی لێهاتبێ. کو‌لتوور میراتێکی مرۆڤانیه ومرۆڤه‌کان به پێی سروشت وژیان وده‌ڤه‌ر وزۆر هۆکاریتر له‌سه‌ری کاریگه‌ر ولێێشی به‌شدارن.
ئه‌و راستییه نه‌ک هه‌رله پشت هه‌وره‌وه نیه، به‌ڵکوو به‌هێزترین ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانێت بنبڕو چهواشهیبکات. نموونه‌ی ئه‌و هه‌وڵه چڕ‌و سامانبهرانه که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه بۆ یه‌کده‌ستکردنی کو‌لتوور، بێ‌ئاکام وفیڕۆ دهرچووگن زۆرن. هه‌بوونی ورده کو‌لتوور له خۆیدا هۆکار و سه‌رچاوه‌ی زۆر خێر و سووده که ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ شرۆڤه‌ی بکه‌ین، بۆخوَی پێویستی به باسی زوَر هه‌یه. ئه‌ڵبه‌ت نابێ ئه‌و ڕاستیه‌ش فهراموشبکهین که ورده کولتووره‌کان نابێ وه‌ک دورگه‌یه‌کی ته‌ریک، ئاور له ده‌ورو به‌ر و کۆمه‌ڵگه‌ی به‌رین تر نه‌ده‌نه‌وه. به‌ڵکوو ئه‌بێ باوه‌ڕ بکه‌ن که له گه‌ل هه‌بوونی راستینه‌ی خۆیان، به‌شێکن له کولتووری به‌رین تر که‌ئه‌بێ بۆ گه‌شه‌و پارێزگاری له‌ویش هه‌وڵبده‌ن.
"تی. اس. الیوت" ئه‌ڵێت: بۆ گه‌شانه‌وه‌ی کولتووری گه‌لێک، خه‌ڵکی نابێ نه زۆر یه‌کانگیرو یه‌ک ده‌ستبن ونهزۆریش ته‌ریک ودوورهپهرێز. یه‌کانگیری له راده به‌ده‌ر له دیارده‌کانی بهڕبهڕیهتهو له‌وانه‌یه به‌ره‌و ئیستبداد وسهرکوتگهری بکشێت. دووره‌په‌رێزی زیاده له حهدیش مایه‌ی داڕمانه‌و ئه‌ویش له‌وانه‌یه بهرهوئیستبداد وداپڵۆسێنهری بکشێت.
هه‌ر یه‌ک له‌و دوو شێوازه له گه‌شه‌ی کو‌لتوور پێشگیریئهکهن، هه‌ربۆیه زێده‌رۆیی له هه‌ر کامیان خه‌ته‌رناکه.
هه‌ر بۆیه زانایانی کورد نابێ هه‌وڵی یه‌کده‌ستکردنی کولتووری کوردی بده‌ن. هه‌ر به‌و جۆره‌ش هه‌وڵدان بۆ ته‌ریک خستن ودابڕانی زاراوه‌کان له یه‌کدی خه‌ته‌رناکه‌و نابێ هه‌وڵی بۆبدرێت.
ئه‌بێ بو گه‌شه‌ی کولتووری کوردی له سه‌رده‌می به جیهانیبووندا، سه‌رنج به زاراوه‌کان بدرێت تا ئه‌و زاراوانه وه‌ک چاوگه بتوانن ئاودێریی زمانی یه‌کگرتوو بکه‌ن. ئه‌ڵبه‌ت نابێ فه‌رامۆشبکه‌ین که ئێمه هێشتا نهبووگینهسه خاوه‌ن زمانی یه‌کگرتووی ئیستاندارد، به‌ڵکوو جاڕی ناوچه‌گه‌رایی وزاراوهگهرایی، ته‌نانه‌ت له باشووریش به‌رده‌وامه. هه‌ر چه‌ند ئه‌بێ له گه‌ڵ سه‌رنجدان به زاراوه‌کان له گشت لایه‌ک بایه‌خ به زمانی یه‌ک گرتووش بدرێت وبۆ گه‌شه کردنی کۆشش بکرێت، ئه‌م هاودڵیه دوولایه‌نه‌یه، به‌ر له هه‌ر که‌سێک ئه‌بێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بهه‌ژێت وبکرێته باو.
خاوه‌نداریه‌تی و زمانپارێزی:
گه‌شه‌دان به زاراوه‌کان، خاوه‌نداریه‌تی که میراتێکی به نرخی نهتهوهییوله هه‌مان کاتیش‌دا مرۆڤانیه. هه‌ر کام له‌زاراوه‌کان خه‌رمانه‌یه‌ک سامانیان له تۆشهدایه که به فه‌وتانیان ئه‌و سامانه‌ش ده‌مرێ. ئه‌مه‌ش چ خه‌یرێک ئه‌را هیچکه‌س نه‌یری.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رنجدان به زاراوه‌کان و بایه‌خپێدانیان، هه‌وڵدانه بو ئاگاکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر وباوه‌ڕ کردنیان به بایه‌خ وپێگه‌ی خۆ. چوونکوو مرۆڤێک که خۆی به بێبایه‌خ وبێپێگه بزانێت چهواشهیهو سه‌رگه‌ردان. له مرۆڤی چه‌واشه و سه‌رگه‌ردانیش بێژگه له وێرانی و چه‌واشه‌گه‌ری هیچ چاوهنواڕیهک ناکرێت.
پستالوژی pestaloji، ئه‌ڵێت: به سه‌دان مرۆڤ ئه‌گه‌ر چه‌واشه ئه‌بن ودێنه فه‌وتان، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که که‌سێک نیه ئه‌وان له‌گه‌ڵ نرخ وبایهخهکانیان ئاشنا بکات .
نابێ خۆمان له‌و راستیه گێل بکه‌ین که زوربه‌ی ده‌سه‌ڵاته به‌ده‌ربه‌سته‌کان بۆپارێزگاری له کو‌لتوور وزمانی خۆیان ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵ وتهقهلایان داوه. بۆ نموونه:پێغمبه‌ری ئیسلام (س) هه‌ڵه‌ی زمانی به گومرایی وه‌سف ئه‌کات. ئه‌وکات که عه‌ره‌بێک له خزمه‌تیدا دووچاری ئه‌بێت.
هه‌روه‌ها خه‌لیفه‌ی دووهه‌م نامه‌یه‌ک که هه‌ڵه‌ی زمانیی تێدا بوه بۆ حسینی کوڕی حه‌ڕ ده‌گه‌رێنێته‌وه‌و داوای لێئه‌کات تا میرزای نووسه‌ری نامه‌که ته‌مێ بکات (تازیانهی لێبدات)
ئه‌مانه‌و زوری دیکه‌ش ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌وسه‌رده‌مدا ههبووگن. هه‌نووکه‌ش وڵاتان سامان وده‌رفه‌تی زۆر بۆ گه‌شه‌ی زمانه‌که‌یان تهرخانئهدهن. که‌چی به‌داخه‌وه تازه به تازه هه‌ندێ باوه‌ڕ له کورده‌واری له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ن که ئه‌بێ زاراوه‌کان بێنه فهراموَشکردن. غافڵ له‌وه‌ی که‌سێک که هه‌وڵ بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی زمانی دیتران بدات، گێچه‌ڵ وله‌مپه‌ر بۆ گه‌شه‌ی زمانه‌که‌ی خۆشی دروستئه‌کات. به‌واته‌ی یاشار که‌مال: که تۆ بته‌وێ زمانێک قه‌ده‌غه بکه‌یت دڵنیابه به‌ربه‌ست وئاسته‌نگ وقهدهغهکاریش له زمانه‌که‌ی خۆتدا ئهنیتهوه .
ئه‌وه راستییه‌کی جه‌خت له‌سه‌ر کراوه که تهکامۆڵ وگه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه له‌وه‌دانیه که کولتوورێکی هه‌بێت، به‌ڵکوو له‌وه‌دایه که چۆن سه‌رنجی کولتوورهکه بدرێت و مامه‌ڵه‌ی له گه‌ل بکرێت. ئێمه‌ش پێویسته شێوازی دروست وزانستیانه بۆ مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ل کولتووری خۆیی،به تایبه‌ت زاراوه‌کان بدۆزینه‌وه‌و له‌هه‌ر چه‌شنه دهمارگرژیهک دووریبگرین. چوونکوو به واته‌ی "برترئهند راسل": مامه‌ڵه‌ی درووست نه مامه‌ڵه‌ی به پیرۆز کردنه‌و نه مامه‌ڵه‌ی سووککردن. به‌ڵکوو مامه‌ڵه‌یه‌کی هاودڵانه‌ی ره‌خنه گرانه‌یه .
ئه‌وه‌ی به‌رسه‌رنج وپێویسته له‌سه‌ر زاراوه‌کان بدرکێنرێت پشت به‌ستنه به واته‌یه‌کی تی. اس. ئه‌لیوت که ئه‌ڵێت: مه‌به‌ست ههڵگڕاندنهوهی کولتوورێکی کوژاوه نیه، یان زیندووکردنه‌وه‌ی کولتوورێکی له مهرگهڵان. به‌ڵکوو مه‌به‌ست په‌روه‌رده‌کردنی کولتوورێکی هاوچه‌رخه به‌سه‌ر بنه‌ماکانی دێرینی خۆییه‌وه .
له کۆتاییدا به پێویستی ئه‌زانم جه‌ختبکه‌مه‌وه تا بۆ گه‌شه‌دان به زاراوه‌کان. به ئهکتیڤبکرێن. چ له ئاستی چاپه‌مه‌نی و چه له ئاستی رایه‌ڵه ته‌له‌فزیۆنیه‌کاندا. که به داخه‌وه له تهلهفزیونیه ئاسمانییه‌کانی باشوور زاراوه‌کانی هه‌ورامی وله‌کی وکهلهور پشتگوێ خراون. ئه‌مه‌ش که‌لێنێکی گه‌وره‌یه‌وه و ئه‌بێ قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه.
پێویسته ئێمه‌ش بۆ بونیادنانی هاودڵی وجمێنی ئیرادی وخۆویست، له بنپاڵی گه‌شه‌ی زمانی یه‌کگرتووی ئیستاندارد، زاراوه‌کانیش فهرامۆشنهکهین ولهمهرگ بیانپارێزین.
چوونکوو به واته‌ی پیرئهرنی: ئه‌گه‌ر زاراوه‌کان به کارنهگیریێن له گه‌ڵ خه‌ته‌ری فه‌وتان به‌ره‌و روو ئه‌بن وبه فهوتانیشیان فه‌ر وکولتوورێکی به بایه‌خ ئه‌سڕێته‌وه.
...
کۆتایی کورتە نامە/310
١٥ ئەیلوول ٢٠١٦ - ٠٢:٥٤
News ID: 779135
ۆ گه‌شه‌دان به زاراوه‌کان. به ئهکتیڤبکرێن. چ له ئاستی چاپه‌مه‌نی و چه له ئاستی رایه‌ڵه ته‌له‌فزیۆنیه‌کاندا. که به داخه‌وه له تهلهفزیونیه ئاسمانییه‌کانی باشوور زاراوه‌کانی هه‌ورامی وله‌کی وکهلهور پشتگوێ خراون. ئه‌مه‌ش که‌لێنێکی گه‌وره‌یه‌وه و ئه‌بێ قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه. پێویسته ئێمه‌ش بۆ بونیادنانی هاودڵی وجمێنی ئیرادی وخۆویست، له بنپاڵی گه‌شه‌ی زمانی یه‌کگرتووی ئیستاندارد، زاراوه‌کانیش فهرامۆشنهکهین ولهمهرگ بیانپارێزین.