٢٩ ئاب ٢٠١٦ - ١٦:٣٩
پێشڕەوی گرووپە چەکدارە نەیارەکانی سووریا لەدەورووبەری جرابلۆس بەیارمەتی تورکیا

هاوکات لەگەڵ درێژەی پێشڕەوی تیرۆریستانێک کە تورکیا داکۆکیان لێ دەکا لە دەورووبەری جرابلۆس، سەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک ڕایگەیاند، نزیکە بە پەنجا ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی تورکیا لەناو شاری جرابلۆس جێگیر کراون.

تیرۆریستانێک کە داکۆکی تورکیایان لەپشتە، لەدرێژەی هەڵمەتی قەڵغانی فوڕات پاش شەڕێکی قورس لەگەڵ هیزەکانی سووریای دیموکراتیک، ئاواییەکانی"عین البیضا – بلبلان – العمارنة – دابس جنوبی و بئر کوسا" لە ڕیفی جرابلس هەڵکەوتوو لە ریفی ڕۆژهەڵاتیی حەڵەب داگیردەکەنو و درێژە دەدەن بە پێشڕەویان لەڕۆژاوای ئەو شارە.

تیرۆریستانێک کە تورکیا داکۆکیان لێ دەکا، ڕۆژی شەممەش ئاواییەکانی "حمیر – تل شعیر – الحلوانیة و البیر الفوقانی" هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوای شاری جرابلۆس و دوو ئاوایی یوسف بەیک و حەمارە لەباشووری جرابلۆسیان داگیر کرد.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک، لقی سیاسی هێزەکانی ناسراو بە سووریای دیموکراتیک وتی: تورکیا داکۆکی کردووە لە چوونی کەسانی چەکدار و گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ سووریاو هەر ئەوەش بووەتە مایەی هەڵایسانی شەڕ و ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی سووریا.

ناوبراو وتی: نزیک بە پەنجا ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی تورکیا لەناو شاری جرابلۆسن و تورکیا بە فڕۆکە جەنگییەکانی کە ڕەنگە لەڕۆژانی داهاتوودا کوشت وبڕێکی زۆرتر ئەنجام بدەن، داکۆکی دەکات لە نەیاران.

ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە کشانەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە ناوچە ڕۆژاواییەکانی چۆمی فوڕاتیش، وتی: پاشەکشە بەگوێرەی ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی دژە داعش بەسەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجامی گرت و شاری مەنبەج درایە دەست ئەنجومەنی سەربازی.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک وتی: ئەوانەی لە گۆڕەپانی شەڕدان ، ئەندامانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەجن کە بەرگریی دەکەن لەشارەکەو لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەدا دەجەنگن کە هەوڵ دەدەن خۆیان بگەیێننە شاری ئەلباب و حەڵەب .

ئیلهام ئەحمەد هەروەها وتی: پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆسەر جرابلۆس ، کوژرانی دەیان کەس لەوان چەندین ژن، منداڵ و بەساڵاچووی لێکەوتەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئانکارا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەندامانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک(پەیەدە) ی کوشتووە.

سەرهەڵداوانی سووری بە دەسبەسەرداگرتنی ناوچەگەلێکی باشووری جرابلۆس گەیشتوونەتە ١٥ کیلۆمیتری شاری مەنبەج. بەقسەی ئەحمەد عوسمان، لە سەرکردەی نەیاران لەناوچەی مەنبەج، گرووپە نەیارەکان دەیانەوێ کۆنترۆڵی شاری مەنبەجیش بگرنەدەست.

لەهەمان کاتدا، نێردراوی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودوڵەتیی دژە داعش ، باسی بێلایەنی ئەو وڵاتەی کرد لە هەڵمەتی جرابلۆسدا.

پیتەر کۆک وتەبێژی پێنتاگۆنیش ڕایگەیاند کە تێکهەڵچوونی ئەو تیرۆریستانەی تورکیا داکۆکیان لێ دەکات لە سوریا لەگەڵ شەڕڤانانی کورد لە باشووری جرابلۆس ، قەبووڵ نەکراوە.

ئەوەش پێشاندەری ئەوەیە کە وەزارەتی بەرڤانی ئەمریکاو بەشگەلێک لە حکومەتی ئەو وڵاتە لەسەر ئۆپراسیۆنی تورکیا لە جرابلۆس لەناکۆکی دان.

سوپای تورکیا لە ڕۆژی چوارشەممەوە هێرشی خۆی بۆسەر شاری جرابلۆسی سووریا بەکەڵک وەرگرتن لە سەرهەڵداوانی سووری ناسراو بە سوپای ئازادی سووریا دەس پێ کردو چەند کاژێر دواتر، ئەو شارەی داگیرکرد....

کۆتایی کورتە نامە/310