سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلمەیادین جەختی کرد: کاتێک ئێران ڕایگەیاند کە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر بەیروت وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەداتەوە، لایەنەکانی دیکە ناچار بوون بە لێکدانەوەکانیدا بچنەوە.
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا کرد و وتی: ئەگەر دۆناڵد ترامپ کردەوەکانی لەسەر بنەمای عەقڵانیەت دابنێت، هەرگیز ناگەڕێتەوە ناو جەنگ.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بە تەواوی ئامادەیی خۆی بۆ درێژەدان بە شەڕ لە درێژخایەندا هەیە و توانای سەربازی پێویستی هەیە بۆ ئەمەش و یەکڕیزی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ئیرادەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران هەیە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە دۆخی سەربازی ئێران بە بەراورد بە پێش شەڕ باشتر بووە، وتی: ئەمڕۆ ئێمە توانامان هەیە کە پێش شەڕ بوونی نەبووە، هەروەها پیشەسازییە بەرگرییەکانی وڵاتیش بە شێوەیەکی بەرچاو چالاک و بەهێزتر بوون.
هاوکات عێراقچی ڕوونی کردەوە کە هەبوونی توانای درێژەدان بە شەڕ بەو مانایە نییە کە ئێران ئامادەیە بچێتە شەڕەوە و دەشڵێت: ئێمە هەرگیز شەڕمان نەویستووە. ئێمە ئەم شەڕەمان دەستپێنەکرد و هەروەها وەڵامی ئەرێنیمان دایەوە بۆ داواکاریی دانوستان.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران ئاشتی و ئاسایشی دەوێت، بەڵام ئاشتییەک کە لەسەر بنەمای شەرەف و کەرامەت بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئێران بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە، پتەو و ڕێژەیی بەرەوڕوو دەبێتەوە، ئەمەش پرسێک کە لە دوو شەڕی ڕابردوودا سەلمێنراوە.
عێراقچی هەروەها وتی: کۆتایی ئەم شەڕە بەدەست لایەنی بەرامبەر نییە و هەرگیز نابێت. ئەم شەڕە لە ئێران و لوبنان کۆتایی دێت و ئەمە هەڵوێستی ڕوونی ئێمەیە.
سەبارەت بە پێشهاتەکانی لوبنان ڕایگەیاند کە هەڵوێستەکانی ئێران لە دانوستانەکانی ئاگربەست لە سەرەتاوە تا کۆتایی ڕوون و یەکگرتوو بووە.
عێراقچی زیادی کرد: سەرەڕای هەوڵە بەرفراوانەکان بۆ تیرۆرکردنی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا، پرەنسیپ و بناغەکانی حزبوڵا نەگۆڕاوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کێشە ناوخۆییەکانی لوبنان بە بەشداری هەموو ڕەوتەکان و لە چوارچێوەی گفتوگۆی نێوان گرووپە لوبنانییەکان چارەسەر بکرێن.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کرد: ئێمە دەستمان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان نەداوە و لە داهاتوودا دەستوەردان ناکەین.
عێراقچی بە ئاماژەدان بەوەی کە "حزبوڵڵا توانای بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و داواکاری لایەنگرانی و بنکەی کۆمەڵایەتی هەیە"، سەبارەت بە ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا زیادی کرد: ئێمە بە سەرکردایەتی شێخ نەعیم قاسم سەرمان سوڕ نەما و باوەڕم وایە کە ئەو لەوە باشتر و بەهێزتر دەرکەوتووە کە ئێمە خەیاڵمان پێدەکرد.
دەشڵێت: شێخ قاسم سەریهەڵدا و سەرکردایەتی گرتە ئەستۆ و بەوپەڕی ئازایەتییەوە لەسەر ڕێبازەکەی بەردەوام بوو، ڕێزێکی زۆرم بۆی هەیە.
عێراقچی وتیشی: لە سەفەری ئەم دواییەی من بۆ لوبنان، قسەم لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی لوبنان کرد و جەختم لەوە کردەوە کە ئێمە هەوڵی فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان دەدەین.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە لوبنان بە قەوارەیەکی یەکگرتوو دەزانین و دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەم وڵاتە لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کولتووریدا پەرەپێبدەین و فراوانتر بکەین.
وتیشی: هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لوبنان بەرزبکەینەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش باڵیۆزەکەمان گەیشتە بەیروت.
عێراقچی وتیشی: دڵنیام پرسی باڵیۆزی ئێران لە بەیروت چارەسەر دەبێت، چونکە متمانەی تەواوم بە حیکمەت و وریایی دۆستان و بەرپرسانی حکومەتی لوبنان هەیە.
عێراقچی هۆشداریی بە ڕژێمی زایۆنی دا و جەختی لەوە کردەوە: ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بەیرووت، ئێمە لێی دەدەین لە ئیسرائیل.
Your Comment