لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ، مەسعوود پزشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، ڕەوتی دانوستانەکان و هەندێک بابەتی ستراتیجی لەوان دۆخی گەرووی هورمز گفتوگۆیان کرد.
ئێران هەمیشە لە کارلێکەکانی لەگەڵ ئەوروپادا ڕاستگۆیانە مامەڵەی کردووە
پزشکیان جەختی لەوە کردەوە: ئێران هەمیشە لە کارلێکەکانی لەگەڵ ئەوروپادا ڕاستگۆیانە مامەڵەی کردووە، بەڵام ئەم ڕێبازە بە بەرامبەرایەتییەوە بەرەوڕوو نەبووەتەوە.
دەشڵێت: لە بارودۆخی ئێستاشدا داواکاری زیادەڕۆیی و لێدوانی هەڕەشەئامێز و پابەندنەبوون بە چوارچێوە پێویستەکان لەلایەن ئەمریکاوە، پرۆسەی دیپلۆماسی ئاڵۆزی زیاتری خستۆتە ڕوو.
ئێران ئامادەیە هەموو کێشەکان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکات
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەدا: ئێران ئامادەیە هەموو کێشەکان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکات و هیچ داواکارییەکی لە دەرەوەی بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی ئێران نییە.
هەر لەم وتووێژەدا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا جەختی لە پشتیوانی پاریس لە چوارچێوەی ئاگربەست و پێویستی کردنەوەی گەرووی هورمز لە ڕێگەی چارەسەری دیپلۆماسییەوە کردەوە و دانی بەوەدانا کە کردارەکانی وەک گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر لوبنان نموونەی پێشێلکارییەکانی ئاگربەستن.
سەرۆکی فەرەنسا هەروەها جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ یارمەتیدانی پێشخستنی دانوستانەکان و بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵگرتنی سزاکان و درێژەدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەوان لە بابەتەکانی پەیوەست بە مەلەفی ئەتۆمی ئێران و پێویستی دابینکردنی گەرەنتی فرەلایەنە لە لایەن وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا کردەوە.
Your Comment