لە حاڵێکدا کە گەمارۆی کۆبانی پێی ناوەتە سی و چوارەمین ڕۆژی خۆیەوە، جودی ئیبراهیم، هەواڵنێری دانیشتووی ئەو شارە، لە چڕ بوونەوەی دۆخی مرۆیی هەواڵی دا و ڕایگەیاند کە بە هۆی نەبوونی ئاوی تەندروستەوە، نزیک بە 30 هەزار کەس دوای بەکارهێنانی ئاوی چا ژەهراوی بوون و چوونەتە نەخۆشخانەکان. هاوکات شەپۆلێکی نوێ لە ئاوارەکان، حەشیمەتی ئەو شارەی بۆ 600 هەزار کەس زیاد کردووە و کەمبوونی سووتەمەنی، دەرمان و نان، ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی شارەکەی بەرەوڕووی قەیرانی جیدی کردووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی مەیدانی جودی ئیبراهیم لە کۆبانی، بە تێپەڕینی 34 ڕۆژ لە دەسپێکی گەمارۆی کۆبانی لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا و گرووپەکانی سەر بە تورکیا کە لە 18 ی جوونەوە دەستی پێکردووە، دۆخی مرۆیی لە ئەو شارە بەرەوڕووی قەیران بووەتەوە.
جودی ئیبراهیم ڕاشیدەگەیێنێت کە دوابەدوای ئەو هێرشانە، نزیک بە 200 هەزار کەس لە ناوچە جیاجیاکان لەوانە تەبەق، ڕەقە، دێرەزوور، دێرحافر، مەسکەنە، شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕوویان لە کۆبانی کردووە و حەشیمەتی شارەکە بۆ سەروو 600 هەزار کەس زیادی کردووە.
ناوبراو دەڵێت سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکان لە ئەو شارە، خەڵکەکەی ورەیان بەرزە و پێیان وایە کە بە هەمان شێوە کە پێشتر توانیویانە بەسەر داعشدا سەر بەکەون ، ئێستاش دەتوانن بە گەمارۆیە ببەزێنن.
ئەو هەواڵنیرە لە کۆتاییدا ئاماژە دەکاتە سەر ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی هەسەدە و دیمەشق و دەڵێت کە ڕەوتی ئاوێتەبوون بە پێی ئەو ڕێککەوتنە دەستی پێکردووە، بەڵام تا ئێستا لە کۆبانی هەنگاوی کردەیی بەرچاو نەنراوە.
Your Comment