٢٥ شوبات ٢٠٢٦ - ١٠:٥٠
Source: Mehrnews
بۆچی ئێران هەرگیز تەسلیمی زلهێزەکان نابێت؟

لە کاتێکدا هەندێک بازنەی سیاسی لە واشنتۆن پێیان وایە کە زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان و هەڕەشە سەربازییەکان دەتوانن ئێران ناچار بکەن بە تەسلیمبوونی بێ مەرج، ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران ڕای جیاوازیان هەیە.

 گۆڤاری شیکاری فۆرین پۆلیسی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: لە کاتێکدا هەندێک بازنەی سیاسی لە واشنتۆن پێیان وایە کە زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان و هەڕەشە سەربازییەکان دەتوانن ئێران ناچار بکەن بە تەسلیمبوونی بێ مەرج، ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە ئەم ڕێبازە تێگەیشتنێکی ناتەواو لە بناغە فیکری و شوناسییەکانی ڕێبەری ئێرانە؛ ئەو بناغانە کە خۆڕاگری نەک وەک تاکتیکێک، بەڵکو وەک بەشێک لە ناسنامەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکەن.

لە بەشێک لە ڕاپۆرتی ئەم بڵاوکراوە ئەمریکییە دا هاتووە: لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم گریمانەیە لە بەشێک لە کەشوهەوای داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکادا دووبارە بووەتەوە کە چڕبوونەوەی گەمارۆکان، دابڕانی نێودەوڵەتی و زیادبوونی مەترسی سەربازی، دواجار ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار دەکات پاشەکشە بکات. بەڵام ئەو شیکاریانەی کە لە بەشێک لە میدیاکانی ڕۆژئاوادا بڵاوکراونەتەوە، نیشان دەدەن کە تێگەیشتنێکی لەو شێوەیە ڕەنگە لەگەڵ حاڵی بوونی ناتەواو لە پێکهاتە فیکری و ئەزموونی مێژوویی ڕێبەری باڵای ئێراندا بێت.

ئایەتوڵڵا خامنەیی بە پشت بەستن بەو شیکارییانە، شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ بە ڕووداوێکی تەواو نازانێت، بەڵکوو وەک پرۆسەیەکی بەردەوام کە بە شێوەی نوێ بەردەوامە.

لەم چوارچێوەیەدا "بەرخۆدان" تەنیا ئامرازێکی سیاسەتی دەرەوە نییە، بەڵکوو ناسنامە و هێمایەکی شەرعیەتبەخشە بۆ سیستەمی سیاسی. ئەزموونی بەرەنگاربوونەوەی ڕژیمی پەهلەوی و ساڵانێک زیندانی و پاشان بەڕێوەبردنی وڵات لە کاتی شەڕی سەپێنراودا وەک بەشێک لەم پێکهاتنی شوناسە هەڵدەسەنگێندرێت.

یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی هەڵسوکەوتی سیاسی تاران چەمکی “شەهیدبوون” لە گوتاری فەرمی کۆماری ئیسلامیدا. لەم چوارچێوەیەدا مەرج نییە هەڕەشەی تیرۆرکردن یان نەهێشتنی جەستەیی ببێتە هۆی ڕێگریکردن، چونکە کوشتن لە ڕێگای بەرخۆداندا دەتوانێت ببێتە سەرمایەی ڕەمزی و گێڕانەوەی فەرمی بەرخۆدان بەهێزتر بکات.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەندێک لە چاودێران پێیان وایە کە پشت بەستن بە تەنیا بە هەڕەشە سەربازییەکان ڕەنگە کاریگەری پێچەوانەی هەبێت.

سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، لە کاتێکدا شیکاری زۆر لەسەر لۆژیکی ڕێگریکردن یان موزایەدەکردنە، هەندێک لە شارەزایانی ڕۆژئاوا جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە گێڕانەوەی فەرمی تاراندا، بەرنامەی ئەتۆمی تەنیا ئامرازێکی تەکنیکی یان موزایەدە نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە چەمکەکانی وەک “سەربەخۆیی”، “شەرەف” و “ڕەتکردنەوەی هەژموون”.

لەم ڕوانگەیەوە، پاشەکشەی تەواو لە ژێر زۆرترین فشاردا دەتوانرێت بە "زەلیل" بوون لێکبدرێتەوە، چەمکێک کە بە تایبەتی لە ئەدەبیاتی سیاسی ڕێبەری ئێراندا هەستیارە.

تەحەدای واشنتۆن بەرامبەر تاران تەنیا جیۆپۆلەتیکی نییە، بەڵکو ڕەهەندی دەروونی و ناسنامەیشی هەیە. لە ڕوانگەی ئەم شرۆڤەکارانەوە، هەتا ناکۆکی لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی شوناس و تێڕوانینە جیاوازەکان بۆ شەرعیەت و سەربەخۆیی بەردەوام بێت، چاوەڕوانی تەسلیمبوونی بێ مەرج لەگەڵ واقیعە سیاسییەکانی ئێراندا ناگونجێت.

Your Comment

You are replying to: .
captcha