بەشی نێودەوڵەتی: مەحموود ئاریکان سەرۆکی حزبی ئیسلامخوازی سەعادەتی تورکیا لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، سەبارەت بە هەڵوێستی حزبەکەی لە هەمبەر ئارمانجی فەلەستین و پلانی دۆناڵد ترامپ بۆ غەزە، ڕایگەیاند: پلانی ترامپ، نەک پلانی ئاشتی، بەڵکوو بە ئاشکرا پلانێکە بۆ داگیرکردنی غەزە و فەلەستین و نتانیاهۆ بە پشتبەستن بە پلانی 20 بڕگەیی ترامپ، هەوڵی دەدا بە پاڵپشتیی ئەمریکا ئەوی لە گۆڕەپانی شەڕدا لەدەستی داوە، لەسەر میزی دانوستاندا قەرەبووی بکاتەوە.
وتیشی: ئەو پلانە قۆناغێکی نوێیە لە پڕۆژەی "ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورە" و هەنگاوێکی نوێیە بۆ چەسپاندن "ئیسرائیلی گەورە". ترامپ و هاوپەیمانانی زایۆنیی دەمێکەیە بە ئاشکرا هەوڵ دەدەن، غەزە بکەنە لاسوێگاسی ناوچە و خەڵکی ئەوێ لە نیشتمانی دایکییان وەدەربنێن.
ئاریکان بە ئاماژە بەوەیکە غەزە تەنیا پارچەیەکی نزەوی نییە کە بکرێت بە ڕێککەوتنێک لەناو ببرێت یان خاوەنی بۆ دیاری بکرێت، زیادی کرد: غەزە لە هەوڵەوە تا کۆتایی نیشتمانی خەڵکی فەلەستینە و هیچکەس ناتوانێ ئەو پلانە هێرشبەرانەی لە قەوارەی ئاشتی، بەسەر جیهانی ئیسلامی بسەپێنێت و کەس بۆی نییە بە بیانووهێنانەوە، ئەو پلانە پاساو بدات.
سەرۆکی حزبی سەعادەتی تورکیا سەبارەت بە گۆرانکارییەکانی سووریاش ڕایگەیاند: ئێمە گۆڕانکارییەکانی سووریا لە دەلاقەیەکی چەندڕەهەندی و واقیعبینانە هەڵدسەنگێنین و لە نزیکەوە پەیجۆری ئامانجە ستراتژییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە و سیاسەتە ئەمنی و داگیرکارییەکانین و باش دەزانین کە ئەمریکاش بەپێی لێکدانەوەی ستراتژیکی تایبەتیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت لە سووریا هەڵسوکەوت دەکات.
ناوبراو جەختیشی کرد: ئاشتی لە سووریا و لە کۆی ناوچە، تەنیا لە ڕێگەی هاوکاتی و گفتوگۆ و ئاسانکاریی بەرامبەر لە نێوان هەموو وڵاتانی ناوچە مومکینە و هەڵوێستی دەستێوەردەرانەی هێزی بیانی تەنیا تەشەنە بە دۆخی ناسەقامگیری دەدات و تورکیا لەمناوە بەپێی بەرپرسایەتی مێژوویی و پێگەی ژێئۆپۆلیتیکیی، دەبێ بەدوای سیاسەتێکەوە بێت کە ئاشتی لە یەکەمایەتیدایە و بۆ ئەو مەبەستە دەبێ ڕێگەگەلی دیپلۆماتیک تۆکمەتر بکات و ڕۆڵێکی سازێنەر لە پەیوەندییەکانی ناوچەدا بگێڕێت؛ نەک پەرە بە قووڵتربوونی ناکۆی و شەڕەکان بدات.
محموود ئاریکان هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا، ڕوونی کردەوە: پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران لەباری پێگەی مێژوویی، فەرهەنگی، جوگرافیایی و هەروەها دوورنوێنی سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکەوە زۆر گرینگە و ئێران نەک تەنیا دراوسێی ئێمە لە ناوچەیەکی جوگرافیاییە، بەڵکوو بە هۆی پەیوەندی شارستابییەتی چەند هەزار ساڵەوە، وڵاتێکی زۆر گرینگە بۆ تورکیا. هەر بۆیە لامان وایە کە ئەم پەیوەندییە لە سەر بنەمایەکی پاوەجێ و پشتئەستوور بە ڕێزنانی بەرامبەر و پرێنسیپی بردنەوەی بەرامبەر بێت. چونکە ئەم پەیوەندییە تەنیا بابەتێکی ڕۆژەڤ نییە؛ بەڵکوو پەیوەندییەکی ستراتژییەکە کە دەبێ لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاشتی و دادپەروەریی ناوچەدا، بەمتمانە و هاوکاری بەرامبەر، تۆکمەتر بکرێت.
سەرۆکی حزبی سەعادەتی تورکیا لەبارەی ڕووداوەکانی ئەمدواییەی تورکیا وەک لابردنی شارەوانانی هەڵبژاردە و دانانی سەرپەرەشت لەبری ئەوان بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، ڕایگەیاند: ئێمە وەک حزبی خۆمان لە ڕوانگەیەکی بنەمایی و دیموکراتیکەوە دەڕوانینە ئەو کارە و هەڵوێستی ئێمە لەوبارەوە ڕوون و پاوەجێیە؛ ئیرادەی خەڵکی کاتێک لە سندووقەکانی دەنگداندا خویا دەبێ، دەبێ وەک بنەمای سەرەکیی دەسەڵات ڕەچاو بکرێت و دانانی سەرپەرەشت لەبری بەرپرسانی هەڵبژاردەی خڵکی، چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی باڵاتریدا، بە شێوازێکی دروست، پاوەچی و گونجاو لەگەڵ ڕۆحی دیموکراسی نازانین.
وتیشی: هەڵبەت لە وڵاتێک بە سەروەریی یاسا، هیچ تاک و دامەزراوەیەک باڵاتر لە یاسا نییە و ئەگەر سەرپێچکارییەک کرابێت، ئەوا ڕێگەی ڕوون و دیاری بۆ دیاری کراوە. بەلام کێشە لەوەدایە کە نابێ بێڵین بابەتە ئاوارتەکان و لەوان پرسی دانانی سەرپەرەشتەکان، ببنە ڕەوتێکی ئاسایی کە بەو کارە، هەم بنەماکانی دیموکراسی لاواز دەبن و هەمیش متمانەی گشتی بە دامودەزگا هەڵبژاردنەکان لەناو دەچێت. ئینجا دەبێ کێشەگەلی ئیداری و یاسایی لە هەر کام لە شارەکانی ئێمە و لەوان شارە کوردییەکان، دەبێ لە چوارچێوەی یاسا و پرێنسیپی دیموکراسی چارەسەر بکرێن و قبووڵی بکەین کە ئیرادە تایبەت بە خەڵکە و ئەو ئیرادەیە تەنیا دەبێ لە لایەن داد و یاساوە بپارێزرێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا سەبارەت بە هەڵویستی حزبەکەی لەبارەی دانوستانەکانی ئیمرالی و ڕەوتی "تورکیا بێ تیرۆریزم"، جەختی کرد: ئێمە لە نزیکەوە دانوستانەکانی ئیمرالی پێوشوێن دەگرین و بە هەڵویستەیەکی ژیرانە و بنەماییەوە لێی دەڕوانین. ئارەزووی هاوبەشی ئێمە و هەموو گەلی تورکیا، دەربازبوون لە سێبەری شۆمی تیرۆریزم و گەیشتن بە کەشێکی پڕ لە ئاشتی و ئاسایشی پاوەجێیە. هەر بۆیە پێشوازی دەکەین لە هەنگاوێک کە لەپێناو ئاشتی کۆمەڵایەتی، سەروەریی یاسا و پێوەرە دیموکراتیکەکان بێت.
ڕاشیگەیاند: هەمبەر بە دانوستانەکانی ئیمرالی، داکۆکی لە ڕوونبوون، یاساییبوون بە تەورەی پەرلەمانین و جەختمان لەوە کردووە کە پەرلەمانی تورکیا دەبێ ڕۆڵێکی کاراتر و دیاریکەرتر لە بڕیاردانەکاندا بگێڕێت. چونکە ڕەوتێک کە تەنیا لە پشت دەرگا داخراوەکاندا جێبەجێ بکرێت، ناتوانێ ڕەنگدەرەوەی ئیرادەی تەواوی گەلی ئێمە بێت. هەر بۆیە بەئاگاکردنی پەرلەمانتاران و تێوەگلاندنیان لەو ڕەوتەدا بە زەروورەت دەزانین و ئەمانەمان لە ڕاشکارانە لە دیداری وەفدی دانوستانکاری ئیمرالی پێ ڕاگەیاندوون و وتوومانە کە پرسەکە دەبێ لە لیژنە تایبەتییەکانی عزب بە وردی تاوتوێ بکرێت و ئێمەش ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریی سازێنەر لە ڕەوتەکە ڕاگەیاندووە.
ئاریکان زیادیشی کرد: تورکیا بێ تیرۆریزم سەرترە لە پرسی حزبێکی تایبەتی و بابەتێکی گرینگە بۆ سازدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، برایەتی و متمانە لە تورکیادا و گەیشتن بەو ئامانجە، تەنیا بە چەکدانان مسۆگەر نابێت، بەڵکوو پێویستی بە ڕێزنانی تەواو بە سەروەریی یاسا، مافی مرۆڤ و ئیرادەیەکە کە لە پەرلەماندا نوێنەرایەتی دەکرێت.
Your Comment